(10) هەنگاوی یەكێتی، بۆپشتكردنە رێككەوتنەكە!

سیروان رەشید
رۆژی 17/5/2017، ساڵێك بەسەر رێككەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێپەڕی. كە ئامانج لە رێككەوتنەكە بۆ گۆرینی هاوسەنگی هێزو بەرجەستەكردنی شەراكەتی راستەقینەو دابینكردنی دادی كۆمەڵایەتی‌و باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان بوو.

لە رۆژانی سەرەتای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەدا، هاوڵاتیانی كوردستان بەگشتی‌و بنكەی جەماوەری گۆڕان و یەكێتی بەتایبەت، هیواو ئومێدێكی زۆریان لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەڵچنی. بەڵام لە ماوەی ساڵی ڕابردودا، رێككەوتنەكە هیچ ئەنجامێكی دڵخۆشكەری بۆ هاوڵاتیانی كوردستان لێ بەدی نەهات،  كە بڕیار بەدەستانی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەپاساوی كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان و قبوڵنەكردنی پارتی لەدەرەنجامەكانی جێبەجێكردنی، پشتی كردە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەو بەپێچەوانەی خواستی جەماوەری حیزبەكەیان هەڵسوكەوتیان كرد!

بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی یەك ساڵی رابردودا، نەك هەر هیچ هەنگاوێكی بەئاراستەی تێكدان و پشتكردنە رێككەوتنەكە نەناوە، بەڵكو پشوو درێژو سەبری ئەیوبی هەبوو، لەبەرامبەر یەكێتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان، بەڵام بەپێچەوانەوە یەكێتی ئەم هەنگاوانەی بەئاراستەی پشتگوێخستن‌و جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەدا ناوە:

یەكەم: رۆژی 14/6/2016، یەكەم كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەكێتی ئەنجامدراو بڕیاردرا سەركردایەتی هاوبەش بەشێوەیەكی دەوری و دووهەفتە جارێك كۆببێتەوە، كە دەبوایە لە ماوەی 12 مانگی رابردودا 24 كۆبونەوەی ئەنجامبدایە، بەڵام یەكێتی بە بیانوی جیا جیا، جدی نەبووە لەئەنجامدانی كۆبونەوەكان و تائێستا تەنها 8 جار سەركردایەتی هاوبەش كۆبونەوەی ئەنجامداوە.

دوەم: كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار وەك نوێنەری هەردوو باڵەكەی یەكێتی، لەرۆژی (29/9/2016)، بەشدارییان لە سەفەری بارزانی بۆ بەغدا كرد، بەبێ‌ هەماهەنگی كردنی پێشوەخت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، كە ئەو هەڵسوكەوتە پێچەوانەی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بوو، كە مادەی 13ی رێككەوتنەكە بەروونی باس لە كاری هاوبەش‌و تێروانینی هاوبەشی هەردولا دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەغدا!
 
سێیەم‌: لەبەرەنجامی كاری هاوبەشی فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان لەبەغدا، یاسای بودجەی 2017ی عێراقیان بەشێوەیەك رەنگڕێژ كرد كە حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەجێبەجێكردنی یاساكە، كە ئەوە هەنگاوێكی زۆر دڵخۆشكەربوو بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و بەئاراستەی باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتیانی كوردستان، بەڵام قوباد تاڵەبانی‌و وەزیرەكانی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم پێچەوانەی ئەو هەنگاوە بڕیاریاندا پابەند نەبن بە بریاری كاری هاوبەشی فراكسیۆنی یەكێتی و گۆران لە بەغدا..

چوارەم: پێچەوانەی كاركردن بەرێككەوتنەكە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی پەرلەمان‌و باشكردنی سیستمی حكومڕانی، یەكێتی یەكلایەنە لە رۆژی 24/12/2016و لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیەكەیدا، پرۆژەی (نەخشەرێگای بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێم)ی بڕیار لە سەردا، ئەمەش هەنگاوێكی دژ بوو بەئاراستەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا!
پێنجەم: كاركردن بۆ ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەمادەی (11)ی رێككەوتنەكەدا، میكانیزمی كاركردنی هەردولای بەروونی دیاریكردووە، بەڵام بڕیاربەدەستانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەبێ‌ هەماهەنگی پێشوەخت لەگەڵ گۆڕان و بەبێ‌ حسابكردن بۆ رێككەوتنەكە، لە رۆژی 27/3/2017  تەسلیمی ئەجێندای پارتی بوو، لە كۆبونەوەیەكدا كە مەسعود بارزانی سەرپەرشتیكردن، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی بۆ سەردانی لایەنە سیاسیەكان دا !

شەشەم: لەرۆژی 28/3/2017 یەكێتی لەگەڵ پارتی، بەبێ‌ هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بریاری هەڵكردنی ئاڵای لە كەركوك دا، كەپێویست بوو بەپێی مادەی (14)ی رێككەوتنەكە لەپرسی كەركوك و ناوچەدابراوەكان دا، هەماهەنگی لەگەڵ گۆڕان بكردایە!

حەوتەم: ملنەدانی بڕیار بەدەستانی یەكێتی بە كاركردن بە راپۆرتی ئامادەكراوی لیژنەكانی (ئابوری، دارایی، سیاسی، راگەیاندن) چونكە ئەگەر بەس تەنها كار بە راپۆرتی لیژنەكانی ئابوری و دارایی بكرایە خەڵكی كوردستان سودمەندی سەرەكی دەبوو لەرووی ئابوری و باشكردنی گوزەرانیەوە، ئەویش بە بەكارهێنانی فاكتەری نەوت‌و داهاتەكانی گومرگ، تاكو بتوانرێت هەژمونی پارتی لەو رووەوە كەم بكرێتەوە، كە نوێنەرەكانی یەكێتی لە دەسەڵاتدا، خودی قوباد تاڵەبانی‌و نەجمەدین كەریم  لێی بەرپرسن!

 هەشتەم: ملنەدانی بڕیاربەدەستانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەئاستی هەرێم و بەغدا، كە ئەمە یەكێك بوو لە گرنگترین كارەكانی رێككەوتنەكە، كە ئەگەر ئەو فراكسیۆنە هاوبەشە دروستبكرایە، هاوكێشەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان و، مامەڵەی هەرێمی بەدنیای دەرەوە دەگۆری! ئەمە سەرباری ئەوەی بۆ قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتیش بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی زۆرینە رادەسپێردرا، بۆ پێكهێنانی حكومەت. ئەمە سەرباری ئەوەی دەبوە فشارێكی گەورە لەسەر پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، هەروەها یەكێتی‌و گۆڕان دەبوونە گەورەترین كوتلەی كوردی لەپەرلەمانی عێراق‌و زۆرینەی رەهای كوتلەی حكومەتیش لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا!

نۆیەم: هەوڵدانی بڕیار بەدەستانی یەكێتی، بۆ رێگریكردنی شەراكەتێكی راستەقینە لە ئیدارەدانی ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، تاوەكوو ببوایەتە نمونەیەكی باش و بەهێز بۆ هەموو كوردستان! كە بڕیار بەدەستانی یەكێتی نەك رێككەوتنی سیاسی، بەڵكو رێككەوتنی ئیدارەی محەلیشیان لەبەرێوەبردنی ئەم سنورەدا لەگەڵ گۆڕان هەیە! 

دەیەم: لە دواهەمین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەكێتی لە ڕۆژی ٩/٥/٢٠١٧، وەفدی یەكێتی بە پێچەوانەی ماددەی (5)ی رێكەوتنەكەی نێوانیان، پێشنیازی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان كردوە!

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان روبەڕوی كۆمەڵێك كێشەی گەورە بوەتەوەو رێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێـی وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ ئەو ئاڵنگاری و قەیرانانە. بەڵام بڕیار بەدەستانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەماوەی رابردودا خەونەكانی خۆیان هێنایەدی و خواستەكانی جەماوەرەكەشیان خستە گەرووی نەهەنگەوە!


17/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر