پێنج ئاماژە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

سیروان رەشید
لە دنیای پێشکەوتوو دیموکراسی دا هەڵبژاردن یان پێشدەخرێ یان  دەبێ لەکاتی خۆیدا بکرێ و، شتێک نیە بەناوی دواخستنی هەڵبژاردن!

ئەزمونی شکست خواردووی ۲۷ ساڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنها ٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نانەزیهی بۆ بەرهەم هێناوین کە دەبوایە ئێستا بەرەو هەڵبژاردنی هەشتەم هەنگاومان بنایە.

 سیناریۆی حیزبەکانی دەسەڵات  لەهەرێم کە  چەند رۆژو هەفتەیەکە تەبلیغ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، شتێکە مایەی  گاڵتەجاریەو  نابێت بەهیج بیانوویەک هێزەسیاسیەکانی دەرەوەی حکومەت مل بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بدەن. 

خستنە سەر رێی دیموکراسی وادەخوازێت پرۆسەی هەڵبژاردنەکان  لەکاتی خۆیدا بکرێت، نەک وەک ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێت، کە تائێستا نەک نمونەی هیچ هەڵبژاردنێکمان نیە لەکاتی خۆیدا ئەنجامدرابێت، بەڵکو نمونەی هیچ هەڵبژاردنێکی نەزیهوو دیموکراسیشمان نیە کە نەخشەی راستەقینەی واقیعی هێزەسیاسییەکانی نیشاندابین کە بۆ چاوی دنیای ناوەوەو دەرەوەی نیشان بدەین کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بۆ یەک جاریش لەسەر بنەمای پایە دیموکراتیەکان هەڵبژاردنی ئەنجامدابێت.

ئێستا کۆمەڵێک  ئاماژە هەن کە گومان دەکەن  بە یەقین، کە هەردوو حیزبی دەسەڵات لەهەڵبژاردن دەترسن و نایانەوێت  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت. 

ئاماژەو بیانوەکانیشیان بریتین لە:

یەک: بەپاساوی دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و پۆست لە بەغدا،دەیانەوێ کەشێکی هێمن لەنێوان خۆیاندا دروستبێ کە پێکەوە پۆستی سەرۆک کۆمارو  جێگری سەرۆک پەرلەمان و وەزارەت و سەفارەت لەنێوان خۆیان دابەش بکەن.

 دوو:  ترسی گەورەیان لە نەتوانینی ئەنجامدانی تەزویری گەورەو نەهێنانەوەی کورسیەکانی پێشوویان هەیە، کە روونە سیستمی جیاکردنەوەی دەنگدانی ئەم هەڵبژاردنە بەدەستە  نەک وەک سیستمی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سێ:  نا ئامادەیی و کێشەی ناوخۆی حیزبەکانیان و ترس لە دەرچونی زۆرترین کاندیدی تەکەتولی باڵی کۆسرەت رەسوڵ لەبەرامبەر باڵی ماڵباتی تاڵەبانی و باڵی نێچیرڤان لەبەرامبەر باڵی مەسرور بارزانی!.

چوار:  ترس لە  لە دەستچونی پۆست و ئیمتیاز لەلایەن کاستی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی یەوە.نێچیرڤان بارزانی چۆن سور دەبێ لەسەر هەڵبژاردن کە بزانێ  لەکابینەی داهاتوو ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆک وەزیران نەمێنێ و دەسەڵات وپۆست و ئیمتیازاتی لێوەربگیرێتەوە!، کۆسرە رەسوڵ  چۆن سور دەبێ لەسەر کردنی هەڵبژاردن کە ئەگەری ئەوە هەبێ پەرلەمانی دادێ بەتەواوی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوەو ئیمتیازاتەکانی خۆی و کورەکەی پۆست و ئیمتیازاتی نەمێنێ!، قوباد تاڵەبانی چۆن  سوردەبێ لەسەر کردنی هەڵبژاردن کە بترسێ خولی داهاتوو چانسی پێدانەوەی  جێگری سەرۆک وەزیرانی لاوازدەبێ!

 پێنج: هۆکارێکی تری ساردیان لەهەڵبژاردن، ترسیانە لە و تۆرانە سیاسیە گەورەی خەڵک لە هەڵبژارد، کە ئەگەری بایکۆتێکی گەورەتر لەهەڵبژارنی ۱۲ی ئایاری رابردوو هەیە،  کە ئەوەش دەبێتە مایەی ئیحراجی و خەجاڵەتبوونی سیاسی بۆ ئەوان.

06/08/2018