۳۱ی ئاب و گۆڕینی نەخشەی جیۆسیاسی

سیروان رەشید
روداوی 31ی ئاب، هەر بڕوو بیانویەک بۆ ئەنجامدانی هەبوو بێت، مێژوو وەك ناپاكییەكی گەورە بؤ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆماری دەكات.

روداوەكە بەشێوەیەك بوو كە بڕیار بەدەستانی پارتی داوایان لە سوپای رژێمی بەعسی سەدام كرد، لەشكركێشی بۆسەر شاری هەولێر ئەنجامبدات، بەمەبەستی دەرپەراندنی هێزەكانی یەكێتی و سەرەنجام سوپای رژێمی فاشستی بەعس پەلاماری هەولێریان داو چەندین تاوانیان لە دژی لایەنە سیاسیەكان‌و خەڵكی مەدەنی لە هەولێر ئەنجامدا.

روداوی 31 ئابدا، هەموو سنورو پرەنسیپ و بەهاو مۆراڵ و بەهانیشتمانی و جیهانیەكانی ئامرازەكانی گەیشتن بە دەسەڵاتی بەزاند. كەتا ئەمڕۆ كاریگەری بەسەر نەخشەی جیۆسیاسی هەرێمی كوردستانەوە هەیەو، پارتی بەلۆژیكی هێز هەموو دەزگاو پێگە سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌و ئابورییە گرنگ‌و بنەڕەتییەكانی كوردستانی لە ژێردەستدا بۆخۆی پاوان كردووە.

پەلكێشكردن و هێنانی هێزی داگیركەر یان هاوكاری هێزێكی داگیركەر، دژ بە لایەنێكی كوردی یا شۆڕشێك زیانى بەبەرژەوەدنیەكانی كورد گەیاندووەو، دەچێتە ژێر خانەی ناپاكی نەتەوەییەوە.

31ی ئاب دەبێت ببێت بە پەندو دەرسێكی مێژوووی كە:

*جارێكی تر نابێت هیچ هێزبێك لەكاتی ململانێی سیاسی نێوان خۆی و هێزەكەی بەرامبەریدا، بانگێشتی لەشكری چەكداری بێگانە بكات بۆ حەسمكردن و یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیەو رۆژگارە رەشەكان دوبارەبكاتەوە!

*لە كوردستان نابێت ململانێی سیاسی بەچەك حەل بكرێ‌ و دەبێت بەرێگە شارستانیەكەی كە رێگەی فشاری مەدەنی و سیاسی و پەرلەمانیە یەكلابكرێتەوە.

*روداوی 31ی ئاب، زیانی گەورەی گەیاند بە ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەی كورد لەباشوری كوردستان و بەقازانجی رژێمی بەعسی ئەوكات و دوژمنانی كورد شكایەوە.

30/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر