دەستور؛ ئامادەكردنەوە یان هەموار و پێداچونەوە
ئومێد حەمەعەلی
دەستور بنەڕەتیترین پرسی یەكلاكەرەوەیە لەپەیوەند بەبابەت و كێشە یاساییەكان لەسەر ئاستی دیاریكردنی شوناس و سنوری دەسەڵاتەكان و پەیوەندییەكانیان، هەروەها ئەرك و بەرپرسیارێتیە بنەڕەتیەكان بۆ گشتی كۆمەڵگە و تاكەكان و سەرجەم دەسەڵاتەكان و دامەزراوەكانیان.
لەپاڵ رەهەندە یاساییەكەیدا، دیاریكردنی جۆر و فۆرمی سیستێمی فەرمانڕەوایی بەتایبەت و كۆی پرسەكە بەگشتی هەڵگری جەوهەر و واتای سیاسی و ململانێیەكی قوڵی رامیارییە. لەئەنجامی ئەو دۆخەی سەرەوە یاسای ئامادەكردنی پرۆژەی دەستوری كوردستان-عیراق بۆ راپرسی هاتۆتە ئارا و لەپەرلەمان دەرچوێنرا.
گەرەكمە سەبارەت بەهەندێك تێگەیشتنی جیاواز بنوسم كە ناوەرۆكی یاساكە دروستیكردووە ، یاخود لەراستییا بۆیان پێكهێناوە. ئەوەی رای جیاوازی لێكەوتەوە ئەم پرسانەیە:ئایا ئەم یاسایە هەمواركردنەوە و پێداچونەوەی پرۆژەی رەشنوسی دەستور لەخۆدەگرێ؟ ئایا رێگە دەدات پرۆژەیەكی تازە بۆ دەستور ئامادە بكرێ؟
زۆر بەساكاری ئەوە ئێژم، ئەگەر ئەو یاسایە بۆ هەمواركردنەوە و پێداچونەوە یان سەرلەنوێ ئامادەكردنەوەی پرۆژەیەكی تازەی دەستور نەبایە ئەوا بوون و دەرچواندنی یاساكە هەر لەبنەڕەتەوە بێ واتا دەبوو، چونكە رەشنوسەكەی پێشو بۆ ئەوەی بخرێتە راپرسییەوە پێویستی بەیاسای تازە نەدەبوو. واتە :بوونی یاساكە بۆخۆی واتای هەموار و پێداچونەوە یان ئامادەكردنی پرۆژەیەكی تازە دەگەیەنێ.
هەموو ئەوەی سەرەوە واتای ئەوە نییە كەلەناو یاساكەیا بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە و راستەوخۆ (هەمواركردن و پێداچونەوە و ئامادەكردنی پرۆژەیدەستورێكی نوێ)نەهاتبێت.
ئەگەر تەماشای ماددەی یەكەمی یاساكە بكەین، لەبڕگەی سێیەمدا و لەپێناسەی (لیژنە)دا نوسراوە:لیژنەیەكی تایبەتمەندە كاردەكات بۆ (ئامادەكردنەوە) و هێنانەكایەی سازان لەسەر پرۆژەی دەستوری كوردستان-عیراق بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە دادەمەزرێت.
لێرەیا هێما بەوشەی (ئامادەكردنەوە) دەكەم كەلە بڕگەی سێیەمی ماددەی یەكەما هاتووە و لەرووی رێزمانییەوە (چاوگێكی لێكدراوە) و لە (ئامادەكردن) +پاشگری (ەوە) پێكهاتووە. پاشگرەكە لەزمانی كوردییا هێمایە بۆ سەرلەنوێ دوبارەكردنەوەی كارێك ،پرۆسەیەك، یان.....هتد و هیچ دەرفەتێك بۆ (ئامادەنەكردنەوەی سەرلەنوێ) ناهێڵێتەوە . ئێمە وشەی (ئامادەكردنەوە) مان لەبری (ئامادەكردن) پێشنیاركرد و جێگیركرا بۆ ئەوەی گرفتەكە چارەسەرببێ، چونكە وشەی (ئامادەكردنەوە) –ئامادەكردنەوەی شتێك،بابەتێك یان پرسێكە سەرلەنوێ،سەرباری ئەوەی لەپێشتردا ئامادەكراون. بەكورتی دوو واتای بنچینەیی هەڵگرتووە:
یەكەم، رێگەدەدا پرۆژەی رەشنوسی دەستور پێداچونەوەی بۆ بكرێ و هەمواربكرێتەوە، بەم چەشنە ئامادەكردنەوەی مسۆگەر دەكرێ.
دووەم، رێگەدەدا دووبارە پرۆژەیەكی تازە ئامادەبكرێتەوە، واتە لاخستنی پرۆژە كۆنەكە و ئامادەكردنەوەی پرۆژە دەستورێكی نوێ.
10/05/2015
وتارەکانی تری نوسەر