هەڵوێستی شەرمنانە

ئاشتی عەبدولآ
 حکومەتی تورکیا ، باشترە بڵێین ئاکپارتی و ئەردۆغان ، کێچ کەوتە کەوڵیان دوای هەڵبژاردنەکانی حوزەیران. گومانی تیادا نەبوو، کە لەدوای سەرکەوتنەکانی هەدەپە لەتورکیا ، ئاکپارتی بێ دەنگ نابێت و هەرچی کارتی هەیە بەکاری دەهێنێت بۆ لێدان لەبزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد. 

هەر واشی کرد ، بەبیانووی هاتنە بەرەی شەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) ، دوابەدوای رێکەوتنی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەکارهێنانی بنکەی ئەنجەرلیکی تورکی، لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانی ، تورکیا بەمەرامی خۆی گەیشت ، یەکەم کارتی سیاسی دەرهێنا، هاوکێشەکەی گۆری بۆ تەسفیەی حساباتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ، بەجۆرێک کارتە دیبلۆماسیەکانی تێکەڵ کرد، کە سەر لەڕای گشتی بشێوێنێت ، لەبری بوردومان و پەلامارەکانی بۆ سەر داعش ، هەر زوو ئاڕاستەکەی گۆڕی و پەلامارو هێرشەکانی چڕکردەوە بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ، ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەر شاڵاوی ئەم دەست درێژیانەی حکومەتی تورکیا کەوتن و بەبەر چاوی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ناوچە سنورییەکان سوتێنران. 

لەسەرەتای هێرشەکانەوە و بەتایبەت دوای لێدوانەکانی داود ئۆغلۆ سەبارەت بەرازیبوونی بارزانی لەسەر هێرشکردنە سەر پەکەکە، چاوەڕێ دەکرا سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم هەرزوو ئەم پەلامارو هێرشانە ئیدانە بکەن و هەڵوێست وەربگرن ، چونکە ئەمە دەست درێژی بوو بۆ سەرسیادەی هەرێم ، جگە لەوەی کوردان و شۆڕشگێرانی باکوور کەوتوونەتە بەر ئەم پەلامارە نارەوایە. ئەوەی بینیمان چەند راگەیەنراوێکی شەرمنانە و چەواشەکاری بوو بۆ رای گشتی . 

ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە لە ئێستادا ، حکومەتەکەی ئەردوغان دەست ناپارێزێت ، هەر لە رەشبگیری ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد لەباکوور و هەوڵ دەدات بۆ راگرتنی چالاکی سیاسی هەدەپەو تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانیان بەپشتگیری لەتوندوتیژی ، هاوکات حکومەتی تورکیا لەدواین هێرشیدا تاوانێکی مرۆیی ئەنجامدا، تیایدا هاووڵاتی سفیل و گەریلای پێکەوە شەهید کرد ، ئەرزو داروبەردی پێکەوە سووتان. زیانی گیانی و مادیشی بەهەرێمی کوردستان گەیاند. دیسان دەسەڵاتدارانی هەرێم شەرمنانە ، کەوتنەوە دەرکردنی بەیاننامەکانیان ، نەشیش بسوتێ نەکەباب ، دێڕیان لەراگەیاندراوەکانیاندا ریزکرد ، تا هاوپەیمانە تورکەکانیان توڕە نەکەن، داوای چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانیان لەپەکەکە کرد. 

لەهەمان کاتدا بۆ رازیکردنی رای گشتی ئیدانەی هێرشەکانیان کرد. گومانی تیادانییە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەر بەهێرشی سەربازی تورکیا بگرێت لەڕووی ئیمکانیاتی سەربازییەوە باڵانسەکە گونجاو نییە ، ئەم کارە لەتوانای حکومەتی هەرێمدا نییە، بەڵام دەکرا جگە لەئیدانەکردن هەڵوێستی جدی هەبێت ، هەموو پەیوەندییە دبلۆماسی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا رابگرن لەو رێگەیەوە فشار بخەنە سەر حکومەتە کاتییەکەی ئەردۆغان، تا ئەو هێرشانە بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە لەرووی مۆڕاڵی سیاسی و نەتەوەیی و مرۆییەوە ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستانە ، کەپەرچەکردارییان لەبەیاننامەیەک زیاتربێت و هەڵوێستیان شەرمنانە نەبێت، بەڵام ئەوەی بینرا لەبەیاننامەو لێدوانە فەرمییەکانیان ، زۆر شەرمنانە بوو!


01/08/2015



وتارەکانی تری نوسەر