بۆ سیاسیەکان

ئاشتی عەبدولآ
 کاتێک کە خەڵک مافەکانی خۆی دەداتە دەست سیاسیەکان و لەسندوقێکی بچووکی دەنگداندا، بیروباوەڕو داهاتووی و دەنگ و مافی، لەدووتوێی پەڕەیەکدا دیاری دەکات، ئیتر لەدوای ئەوەوە بەرپرسیارێتی ژیان و گوزەرانی دەنگدەر دەکەوێتە ئەستۆی دەنگ پێدراو.
 دەنگ پێدراو واتە (سیاسیەکان) ، کەپێویستە دوابەدوای ئەوەی خەڵک متمانەی پێ بەخشین ئامانجی هاوبەش هەبێت لەنێوان هاووڵاتیان و ئەو سیاسیانەی وڵات بەڕێوەدەبن. بۆ بەرژەوەندی گشتی کاربکەن، سیاسەت کردن ئامانجێک نەبێت بەتەها بۆخود، بەڵکو ئامانجێکی گشتگیرو رۆشنبێت. بۆ سیاسیەکان نییە کە لەتاریکیدا سیاسەت بکەن، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دوور لەهەر بەرپرسیارێتیەک رەوشی وڵاتدا بەرەو قەیران ببەن، بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دابتاشن و یاساو رێسا بەپێی خواستی خۆیان دەربکەن. بەهانەی دروستکراو بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لەئەرکی سەرشانیان، بەڵکو ئەرکی سەرشانی سیاسیەکان، خۆشەویستی خەڵک و وڵاتەکەی و رێزلێنان و پێدانی مافەکانی خەڵکە، ئاوەدان کردنەوەی وڵاتە، بێکومان ئەمە لەحاڵەتی ئاسایدا، کە سیاسیەکان خاڵی نەبن لەئاکاری سیاسەت کردن. کاتێک کە ساسیەکان لەم حاڵەتە ئاساییە، دەرچوون ئیتر دەبنە ستەمکار. 

ئاشکرایە بارودۆخی کوردستان، چۆن پڕبووە لەقەیران و خەڵک لە چ نائومێدییەکدا دەژی، ژێرخانی ئابووری داڕووخاو، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە، قەیرانی سیاسی ، قەیرانی کۆمەڵایەتی ، ئایینی ، هتد.. هەموو ئەمانە سیاسیەکانی وڵات بەرپرسن لێی، کەوابێ سیاسیەکانی ئێمە بوونەتە ستەمکار ، چونکە سیاسەتکردنیان بۆ بەرژەوەندی خود بووە نەک گشتی . بەهۆی خاڵی بوونیان لەئاکاری سیاسی وڵاتیان پڕکردوە لەقەیران. 

هەموو ئەمانە بەرچاوەو بەڵگەی زیاتری ناوێت، هەرچییەکیتر پێچەوانەی ئەم راستییە بوترێت پاساوە بۆ سیاسیەکان. باشترین بەڵگە لەئێستادا کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانە، بەتایبەت گەنجەکان، بەهۆی خراپی باری ئابوورییان و ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە چیتر هاووڵاتی داهاتوویەکی رۆشن نابینێت، بۆیە دواجار، بڕیاری کۆچ دەدات. هەق وایە خەڵکی کوردستان داوابکەن، کەسیاسیەکان، وڵات جێبهێڵن بەسەروەت و سامانەکانیشیانەوە کەیاسایی نین، بەس بڕۆن . وڵات بۆ هاووڵاتیەکانی جێبهڵن نەک هاووڵاتی بەجارێ نیشتمان چوڵ بکات. 

تا دوای ئەوان کۆمەڵێک سیاسی تر ، کە سیاسەت بکات بۆ بەرژەوەندی کوردستان و خەڵکەکەی و داهاتوو لەدیدێکیترەوە فۆرمەلە بکاتەوە. ئەم وڵاتە پێویستی بەکۆمەڵێک سیاسی هەیە کە خاڵی نەبن لەئاکاری سیاسی. 


12/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر