لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا

هۆشیار عەبدولآ

یادی رۆژنامەگەری کوردی وەک جەژنێکی نەریتی لێهاتوە بۆ پیرۆزبایی ، بۆ وەسف و ستایشی بێ پێز ، بێ ئاگا لەوەی رۆژنامەگەری و میدیای کوردی تا دێت لە خەمی دروستکردنی نەتەوە و نیشتیمان و کیان دورتر دەکەوێتەوە دەبێتە دەزگایەکی زەبەلاح بە دەستی ئەو حیزب و ئەم حیزب لە ناو حزبیشدا فڵان باڵ و فڵان کاک و فیسار خان ، بێ ئاگا لەوەی لەبری دروستکردنی نەتەوە لەسەر ڕوپەر و شاشەکان میدیا و رۆژنامەگەری خەریکی وێرانکردنی نەتەوە و جوانکردنی حیزب و سەرکردە و بنەماڵەیە .

لەم یادەدا ، دیسان چەند بارەی دەکەینەوە کە کورد پێویستی بە میدیایی نیشتیمانی هەیە ، کورد پێویستی بەوە هەیە لە رێگەی میدیاوە وەک نەتەوە دروست بێت نەک بەهۆیەوە پەرت بێت ، میدیا و رۆژنامەگەری دەبێت خەمی نیشتیمان و هاونیشتیمانیانی بێت، نەک حیزب و دەموچاوە پەککەوتەوەکانی سیاسەت لە باشوری کوردستان .

کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک نەتەوە ، پێویستی بە میدیایەک هەیە بە زمانە زیندوەکانی دونیا داکۆکی لە قەزیەی ڕەوای کورد بکات نەک دەزگای زەبەلاحی زل زل بۆ ململانێی ناوخۆیی دروست بکات .

ئێستا سەردەمێکە،چەکی هەرە کاریگەری قەزیەی نەتەوەییمان دەبێت میدیا بێت ، دەبێ پەنجەرەی تیڤی و شاشەی میدیای ئەلیکترۆنی سەکۆی زیاتر نمایشکردن و بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد بێت ، دەبێ چیدی میدیا بەس ناوخۆمان نەدوێنێ بەڵکو گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوەی خۆشمان بکات ،کاتیەتی لەم ساتەوەختە مێژوییەی نەتەوەی کورد لە باشور و باکور و خۆرئاوای وڵات وەک هۆکارێکی کاریگەر لە میدیا بڕوانین کە دەتوانێ خزمەتی قەزیەکەمان بکات نەک بە میدیای سێبەری حیزبی و شەخسی خەریکی خۆخۆری بین ، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڕقێکی ئەستور بین لە یەکتری .

کارەساتە میدیایەکمان هەیەخەریکی دورستکردنی دوبەرەکیە لە نێوان دوو شار، لەبری لەیەک گرێدانی هەموو نیشتیمان ، کارەساتە میدیا میلیشیای چەک بە دەستی حیزب  و ئامادەیە مێژوی دوێنی و ئێستامان و ئایندەی نەتەوەی کوردیش  بکاتە قوربانی گروپێکی بچوک .

میدیا و رۆژنامەگەری ئێستای کوردی (پەراوێزێکی بچوک وکەمی نەبێت هیوا و رۆشناییان تێدایە) باقیاتی هەم خۆیان مایەی بێهیوابونن و هەم بەردەوام بێهیوایی بۆ کورد و قەزیە ڕەواکەی بەرهەمدەهێنن.

ئێستا ئیدی رۆژنامە ئەهلیەکان دا ئەخرێن و حیزبیی و سیخوریەکان بەبەلاش دەوەشێنرێن ، کەناڵە سێبەرەکان رۆژنامەنوسە باشەکان دەگۆڕدرێن بۆ نرخێکی ماددی دیاریکراو ، ئێستا لەبری مانا و قەزیە و بابەتی بون پارە دەتوانێ کاریگەر بێت .

بە داخەوە ئەو ئاراستە سیاسیەی تا دوێنێ ئومێدێک بوو میدیایەکی ( لانیکەم ) نزیکی حزبی کاریگەریان هەبێت کە بتوانێ رەخنەی خۆشیان بکات ، بەم دواییانە ئەوانیش بە هەمان فەلسەفەی پارتی و یەکێتی دەزگای ناوەندی میدیاییان دامەزراند و کۆمپانیا و دەزگا میدیا کاریگەرەکانیان گۆڕی بۆ دەزگایەکی ستایشکاری حزبی بێ کاریگەر و بێ ناوەرۆک .

ساڵیادی رۆژنامەگەری ئاوڕانەوەیە لە نائومێدی ، نائومێدیەک کە لەبری هۆشیاری بەردەوام خەریکی ((تاریکاندن و دێواندن و گەوجاندنە))، هەڵبەتە مەبەستم میدیا حزبی و سێبەرەکانە، هەمویان ، بێ جیاوازی .

تەمەننا دەکەم نەمرین و رۆژێک بێت ، کوردیش وەک ئینگلیز (بی بی سی) و وەک ئەڵمان (دی دەبلیو) و وەک ئەمریکی (سی ئێن ئێن)ێک، یا دەزگا و رۆژنامە و گۆڤار و رادێۆی نیشتیمانیی ناحیزبی  هەبێت ، نەتەوە ئێستا پێویستی بە میدیای نیشتیمانی  لەهەموو شتێک زیاتر هەیە ، بە تایبەت نەتەوەیەک هێشتا بەدوای سەربەخۆیی و کیان و پەرچەم و ئاڵای خۆیدا وێڵ بێت. 


22/04/2016



وتارەکانی تری نوسەر