بەڵێ بۆکشانەوەی گۆڕان لە حکومەت

هۆشیار عەبدولآ
لە پێناو سەر لەنوێ بوژاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئۆپۆزسێۆن لە بەرامبەر حکومەتێکی ناشەرعی و گەندەڵ و بەدکاردا .
لە پێناو پاراستنی ئومێدی گۆڕان و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا .
لە پێناو میدیایەکی قسەکەر و بوێر و پڕ هاوار لە دژی هەموو ناشیرینیەکان و لە هەموو سەردەم و کاتەکاندا بە یەک سیاسەتی ڕێک و نەگۆڕ کە نزیکی خەڵک و دور لە حزب بێت،ئامانجی تەنها داکۆکی بێت لە کەرامەتی مرۆڤ.
لە پێناو ڕێزگرتن لە دەنگ و متمانەی خەڵک بۆ گۆڕان ، کە چاوەڕوانیان لە گۆڕان ئەوەیە داکۆکیکاری ماف و ئازادیان بێت و لەژێر هیچ پاساوێکدا بێدەنگ نەبێت و سڕ نەبیت .
لە پێناو سەرەتایەکی تری نوێ بۆ سیستمی سیاسی کە بپارێزرێ لە بە پشتاوپشتکردنی دەسەڵات.
لە پێناو بونی هێزێکی سیاسی کە گوزارشت لە توڕەیی و داخوازیەکانی خەڵک بکات .
لە پێناو بونەوە بە بەشێک لە جادە و شەقام و خۆپیشاندەری کوردستان .
لە پێناو درێژنەکردنەوەی چیتر و بێ سەبەبی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتێکی تەواو شکستخواردودا .
لە پێناوی پاراستنی هیوا و چیتر بێئومێد نەبونی زیاتری خەڵکدا..
ئەوانە و دەیان وسەدان ئامانجی تر وامان لێدەکات وەک چۆن لە سەرەتاوە دژی بەشداریکردن لەو حکومەتە وێرانەدا بوین و وتمان کاتی #دیشلەمە_خواردنەوە نیە لەگەڵ پارتیدا ، بەهەمان نەفەس لە وەڵامی ڕێکخەری گشتی گۆڕاندا ئەڵێین کاتی جێهشتنی حکومەت و گەڕانەوەیە بۆ ناو شەقام ، #بەڵێ-بۆکشانەوە لە حکومەتە حزبیە کودەتا بەسەرداکراوەکەی پارتی.
دەبێت لای بزوتنەوەی گۆڕان تاکە شەرعیەت شەرعیەتی دەنگی خەڵک بێت و گۆڕان لە شەقام و لە خەڵکەوە هەڵقوڵاوە و هاتوە و دەبێت هەر ئەوێش جێگەی بێت .
خەڵک ، دەنگدەر،شەقام، ناڕەزایی و توڕەیی وبێزاری و ئومێدی گۆڕانکاری و ئازایەتی و بوێری وتن و سڵ نەکردنەوە خاوەنی ڕاستەقینەی گۆڕانن و دەبێت گۆڕانیش بۆئەوەی خۆی بێت هەموو ئەوانەی هەبێت.


04/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر