جەولەیەکی تری دیشلە مەخواردنەوە

هۆشیار عەبدولآ
 دۆخی سیاسی و ئابوری و ئیداری و حاڵی حزب و حکومەتی هەرێم لەوە وێرانتر و لەوە هەلاهەلاترە ، بە دوا پەیامی بارزانی ڕاستبێتەوە .

لە هەرێمێکدا کە سەرۆک و حزب وەک یەک ئیکسپایەر بوون ، مانای چی چاوەڕێیی  ئەوە بین لە سەر داوای بارزانی حزبەکان وڵات باش ئەکەن و کێشەکان چارە ئەکەن ، مەگەر هێندەی گۆرینی بارزانی گۆڕین لە ناو ئەو حزبانەشدا نەبۆتە حەتمی.

پینەکردنی دۆخی ئێستا چارەسەرە یا سەرلەنوێ دامەزراندنی تێڕوانینێکی نوێ بۆ حکومەت و دەوڵەتداری؟! سەرەتایەکی نوێ کە نە مومکینە عەقڵی کۆن و حەرەسی قەدیم ڕێگەی بدات، نە ئەسڵەن تێشیئەگات.

بانگەشەکردنی بارزانی بۆ جەولەیەکی تری دیشلەمەخواردنەوەی مەکتەب سیاسیەکان کە ئامانج لێی هێشتنەوەی هەمان تاس وحەمام و هەمان دەموچاو و هەمان یاساوڕێسای یاری سیاسی بێت کە ئەم سەردەم و بێهیوایەیی بەرهەمهێناوە نەک دۆخەکە چاک ناکات بەڵکو خاپورتری ئەکات .

ئەو عەقڵیەتەی کە هەرێمی کوردستانی سەرباری چەندین چانس و دەرفەتی سیاسی و مالی گرنگ بەمڕۆژگارە تاریکە گەیاندوە نەک ئامادە نیە دان بەشکستەکانیدا بنێت ، بەڵکو دەیخاتە ئەستۆی پەرلەمان و ئەستۆی حزبەکان و خۆشی وەک فریشتە لەسەروی کێشەکانەوە ئەبینێ ، لە وەها دۆخێکدا وەهمی کام گۆڕانکاری و باشکردنە ، بمانخەڵەتێنێ ؟!

سەیرەکە ئەوەیە حزبی نەریتەوانی شکستخواردوی کوردی لە ئیفلاسی خۆیەوە ، پێشوازی لە هەموو بانگەشەیەکی هاوشیوەی بارزانی ئەکات و پێی وایە کلیلی چارەسەرە،بێگومان زۆر کاتمان ناوێت تا بزانین چ خۆشخەیاڵی و کورتبینیەک بوە کە بەو پەیامە پڕ کەلێنە بەهاریان هێنایە چۆکان.

ئێمە و ئێوە و هەرێمی کوردستان لە جەولەیەکی تری دانوستانی #دیشلەمەخۆرەکاندا بۆ دریژەدان بە حوکمی مافیاکان ، بۆ دروستکردنی سەردەمێکی تر لە نائومێدی بە دیار حوکمی نەوە و عەقڵیەتێکەوە کە لە شاخەوە تا ئەگاتە ڕاپەرین و تا ئەمرۆ شکست و کارەسات نەماوە بەسەر ئەم خەڵکەیدا نەهێنن و هێشتاش باقین !


22/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر