گفتوگۆیەکی گەرم لەگەڵ حیدر العبادییدا

هۆشیار عەبدولآ
ئێوارەی ڕۆژی شەممە وەک لیژنەی ئاسایش و بەرگری سەردانی حەیدەر عبادیمان کرد ، لە کۆبونەوەیەکدا کە زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکەی ئێمە و بەرپرسانی سەربازی و ئیداری وەزارەتەکانی دیفاع و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتیمانی بەشداربون ، زۆرترین تەوەری سیاسی و ئەمنی گفتوگۆ کران .

پوختەی قسەکانی العبادی ئەوانەی بۆ خەڵکی کوردستان گرنگن:

العبادی وتی ؛ ئاگادارین کە هەرێم نزیکەی لەسەدا بیستی نەوتی عێراق دەفرۆشێ و ڕۆژانەی لە نێوان ملێۆن بۆ ملێۆن و سێ سەد هەزار بەرمیل دەفرۆشێت پارەکەی بۆ نادرێتە فەرمانبەران وپێشمەرگە ؟!

العبادی وتی : حەویجە مەترسیەکی جدیە لەسەر کەرکوک و ویستمان پێش موسڵ ئازادی بکەین لایەنی کوردی ڕێگربون ، جارێک لە کەرکوک کێشەیان دروست ئەکرد و جارێک دەیانگوت هەولێر کێشەکەیە ، وتی ، نەجمەدین کەریم وتویەتی کێشەکە هەولێرە واتا ئەوان کارئاسانی و ئامادەیی ئازادکردنی ئەو قەزا مەترسیدارەیان نەکردوە و هاوکار نەبون ، وتیشی زۆربەی ئەو کێشانەش لە بەر نەوتەکەی کەرکوک دروست دەکرێن.

العبادی وتی ؛ تورکیا وهەولێر ترسیان لە پەکەکە هەیە و ئێمە سیاسەتمان ڕونە و بە تورکیامان وتوە ناهێڵین خاکی ئێمە بۆ دژایەتی ئێوە بەکار بهێنرێت ، بەڵام پێشمان ڕاگەیاندون کە ئێمە شەڕی پەکەکە ناکەین ودژایەتی ئەوان ئیشی ئێمە نیە و ئەو عێراقیانەش کە لایەنگری ئەوانن بە تایبەت ئێزیدیەکان ئێمە ڕێگریان لێناکەین وتدخلی فکر ولایەنگری سیاسی هیچ کەسێک ناکەین .

العبادی وتی ، تەنسیقمان لەگەڵ هەرێم کردوە کە شەنگال و ئەو ناوچانە لە ڕوی ئەمنیەوە بە هاوبەشی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەڕێوە ببرێت.

تێکگیران وگفتوگۆیەکی گەرم لەگەڵ العبادیدا ..

لە نۆرەی قسەکردنی مندا ، پێمگۆت هیوادارم سنگفراوانانە ڕەخنەکانم لێوەربگریت ؛
(( بەڕێز عبادی بە داخەوە تۆ بە یەک مەودا لە هێزە عێراقیەکان ناوەستی و دەبوو مامەڵە و هاوکاریت لەگەڵ جەیش و  پێشمەرگە وحەشد وەک یەک بوایە بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع بەو شێوەیە نیت ، بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئیتحادی ئەوەت لێدەخوازێت ..
 ، تاکەی لە نێوان تۆ و بارزانیدا پێشمەرگە بێ موچە بێت ؟!
وەڵامی دامەوە وتی هێندەی من بزانم پێشمەرگە موچەی هەیە .
 وتم ، کەمترین موچەی هێزە سەربازیەکانی عێراقی هەیە ، کە پێنج سەد هەزارە ، جاری وا هەیە سێ مانگ دوا ئەکەوێت ئایا ئاگاداری ئەوەیت ؟
بەڕێز العبادی، تۆ دەڵێی بۆم گرنگ نیە کێ حوکم دەکات لە هەرێم بەلامەوە گرنگە یەکێتی خاکی عێراق بپارێزم ، ( وتی مەبەستم ئەوە نەبوە پێم گرنگ نیە ویستومە بڵێم تدخل ناکەم ، پێم وت سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەبێ بەرپرسیارێتی ئیتحادی خۆت ببینی ) .
 هەموان ئاگادارین کە بازرگانی بە کێشەی گەلی کوردەوە دەکرێت ، گوتارێک هەیە و کەسانێک هەن بازرگانی بە مڤلومیەتی شیعە و ئیقصاکردنی سوننەوە دەکەن ، تۆ کە بە ئاشکرا و ڕون پشتیوانی گوتاری نیشتیمانی معتدل ناکەیت وەک ئەوە وایە پشتیوانی لە گوتاری ئەوانە بکەیت کە بازرگانی بە کێشەی کورد و سوننە و شیعەوە دەکەن.
 ئێستا وا حکومەتی هەرێم دەڵێت التزام ناکەم بە یاسای موازەنەوە هەڵوێستی فعلی تۆ نەک لێدوان لە میدیاکانەوە چیە ؟ ))
((هەندێ خاڵی ترم باسکرد لە شیوەی کێشەی فەرمانگە ئیتیحادیەکان و حەویجە و هەندێ خاڵی تر ..))

لە وەڵامدا العبادی دیسان وتیەوە کە نەوتێکی زۆر دەفرۆشن ، و پارەکەی چی لێدێت ، قسەکانیم پێ بڕی وتم باشە چارەسەر چیە ؟ تۆ سەرۆک وەزیرانیت لە لایەکەوە هیچ کێشەیەکت نیە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و لە لایەکەوە بەو شێوازە ئەدوێی ، بە نیگەرانیەکەوە وتی ، نەخێر کێشەم هەیە، چۆن نیمە بەڵام هەموو لایەنەکانی هەرێم بێ جیاوازی پشکیان هەیە لە نەوتدا بۆیە قسە ناکەن .
قسەکەیم پێ بڕی وتم ئەوە ئیتیهامە وەک گۆڕان بێ بەرین لەو تۆمەتە و لەسەر ڕاشکاوی هەڵوێستەکانمان لە پەرلەمان و،حکومەت دەرکراوین و دورخراوینەتەوە ، ئەو وتی باشە بۆ حزبەکان قسە ناکەن،دیسان وتم خۆت لە هەموو کەس باشتر دەزانی وەک گۆڕان بێدەنگ نەبوین ، بەڵام کاتێک دەسەڵات قۆرغدەکرێت دەبێت ئێوە بە گوێرەی ئەرکە ئیتیحادیەکانتان جوڵە بکەن .
وتی بە هەرحاڵ نامەوێت بڕۆمە زۆر وردەکاریەوە بەڵام کێشەمان زۆرە لەگەڵ هەرێم بەڵام ئەولەویەتی موصڵ و شەری داعش بۆ من لە پێشترە و لەسەر ئەو بنەمایەش لەگەڵ هەرێمیش وتورکیاش جوڵاومەتەوە .

تعلیقی پوختی من ئەوەیە ئەزانم العبادی لە بەر ئێستا و ئایندەی حکومەتەکەی و مستقبلی سیاسی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و گریمانەی تحالفاتی ئایندەیی تاڕادەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و پارتی دەپۆشێت ، بەڵام کاتێکیش سەیر دەکات چوار حزب لە حکومەت بەشدارن و دەشیانەوێت بڵێن ئاگامان لە نەوت و داهاتەکەی نیە ، منیش بم لە جێی العبادی سیقەیان پێ ناکەم .

15/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر