وا مانگی یەکەمیی ساڵی نوێ تێپەڕی و حکومەتی هەرێم
سورە لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی کە پابەند نەبونە بە یاسای موازنەی ساڵی ۲۰۱۷ ، خەڵکی هەرێمیش بێ موچە و بەدیار چارەگە موچەوە ناخۆشترین ڕۆژەکانی ژیانی
خۆیان و خێزانەکانیان تێدەپەڕێنن ، نەوتی هەرێم و داهاتی ناوخۆش بۆ بەرژەوەندی گروپێکی
تایبەت تاڵاندەکرێت.
سەرۆکایەتی ئەو بەناو حکومەتە ، سەرۆکە پارتی و
جێگرە یەکێتیەکەی تەنات وەڵامیی ئەو پەرلەمانتارانەی
عێراقیشیان نەدایەوە کە چون لە هەولێر لەگەڵیان کۆبونەوە و بڕیار بوو ئەگەر دەرکەوت
فرۆشتنی نەوت لە ڕێی سۆمۆوە دولارێک زیاتریان دەستدەخات بڕیارەکەیان دەگۆڕن، دەستبەرداری
سیاسەتی ئێستایان دەبن و یاساکە جێبەجێدەکەن ، بەڵام لەو بارەیەوە دەنگیان نەبوو.
جیا لەوە بەرپرسانی ئەم حکومەتی هەرێمە ، بۆ چاوبەستەکێ
و خۆڵکردنە چاوی خەڵک لەگەڵ ئەو فشار و باس و خواسانەی لەسەروەختی بودجەدا دروست بون
، چەند باڵۆنێکی وەعد و بەڵێنیان بەرز کردەوە کە گوایە دەستکاری بڕیاری پاشەکەوتی موچە
ئەکەن و کار گەیشتە ئەوەی هەواڵی وا دزە پێبکەن بڵێن پاشەکەوت نامێنێ و موچە ئاسایی
دەبێتەوە ، بەڵام چونکە بۆ مژینی توڕەیی خەڵک بوو بە هۆی بڕیارەکەیان لەسەر موازەنە
، دوایی خاوبونەوەی فشارەکان و بێدەنگیی حزبەکان لەو هەڵوێستە خراپەی حکومەت ، وا ئێستا
زۆر بێمنەتانە ئەڵێن کەی دۆخەکە چاکبوو و پارەمان هەبوو موچە ئاسایی ئەکەینەوە .
پرسیارەکەم بۆ وەزیرەکانی هەولێری یەکێتی و یەکگرتوو
و کۆمەڵە کە ئەوان فراکسێۆنەکانیان لە بەغداد دەنگیان بە یاساکە داوە ، فشارێک ، قسەیەک
، هەڵوێستیان لەو بارەیەوە چیە ؟
ڕو لە وەزیرە کوردەکانی حکومەتەکەی عبادیش کە لە
پشکی یەکێتی و گۆڕانن ، هەڵوێستی ئەوان لە جێبەجێنەکردنی یاساکە چیە ؟! قسە و هەڵوێست
وداوایان لە العبادی و حکومەتەکەی چی بوە؟ ئایا دەکرێ العبادی تەنها بەوە لە کوڵ خۆی
بکاتەوە مادام هەرێم ئیلتیزام نەکات بە دو لێدوانیی میدیایی ئیکتیفا بکات ، یان بەرپرسیارێتی
ئیتحادیی لێی دەخوازێت کە پلانیی عەمەلیی هەبێت بۆ ئەو مەلەفە گرنگە .
ئاخر گرنگە ڕون بێت ، ئێمە وەک پەرلەمانتار کارمان
تەشریع و رقابەیە ، جێبەجێکردن کاری حکومەت و وەزیرەکانە ، هەنگاوی یەکەم ئێمە وەک
تەشریع یاسای موازەنەمان پەسەندکرد ، خۆ دەبێت وەزیرەکان ڕوڵ و قسە وهەوڵیان دیار بێت
و بۆ جێبەجێکردنی بجوڵێن ، خۆ ناکرێ هەرچی گلەیی و گازەندە و داوا و چاوەڕوانیە تەنها
لە پەرلەمانتار بێت و ئەرک و وەزیفەی وەزیرەکان وجهەی تنفیذیش بکرێتە بەرپرسیارێتی
پەرلەمانتاران؟!
ئەرکی وەزیرەکانە بۆ جێبەجێکردنی
یاسای موازەنەی ساڵی ۲۰۱۷ ، هەوڵی خۆیان بدەن، چونکە کاتێک نەوت لە
ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێ بەو پارەی لە بەغدادەوە دێت ، لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ (نەک
هەموی) ئەوە جگە لە زیادەی نەوت دەتوانرێ موچە زۆر بە ئاسانی بدرێت ، دەبێت ئەو بەڕێزانە
لە کۆبونەوەکانی هەردوو حکومەتەکە داوای جێبەجێکردنی یاساکە بکەن و بە شیوازی جۆراوجۆر
فشار بکەن ، وەگەرنا بێدەنگیان بەشداریانە لەو تاوانە کە هێشتنەوەی خەڵکە بێ موچە لە
لایەک و تاڵانکردنی نەوتی هەرێمە لە لایەکی ترەوە .
زۆرینەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە بەغداد ، دوای
بەجێهێنانی ئەرکی تەشریع بۆ یاسای موازەنە، ڕقابە و چاودێریمان دەمێنێ ، بۆ هەنگاوی
چاودێری جێبەجێکردنی یاسای موازەنەی ساڵی ۲۰۱۷ کە بە هۆی جێبەجێنەکردنیەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێدەنگی
حکومەتی ناوەندیەوە لەو مەلەفە هەستیارە،خەڵکی کوردستان زەرەرمەندبون و بێ موچەن ،
وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان کێشەکە دەبەینە دادگا و شکات لەهەردو حکومەتەکەی نێچیرڤان
بارزانی و حەیدەر العبادی دەکەین .
پێش دەستکردن بە هەنگاوی ڕۆیشتن بەرەو دادگا کە
نزیکە و لەبەردەمماندایە ، دەکرێ وەزیری ئەو حزبانە لە هەردوو حکومەت ڕوڵ و هەوڵیی
خۆیان هەبێت ،کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ، قسەیەکی ڕاشکاویان لەو بارەیەوە هەبێت
، ئەگەرنا کاتێک فەرمانبەرانی بێ موچە و نوێنەرانی خەڵک شکات لەو دوو حکومەتە دەکەن
، لۆمە و داواکە شانی ئەوانیش دەگرێتەوە نەک هەر سەرۆک و جێگرەکەی .
بەغداد
۲۹ یەنایەری ۲۰۱۷