کوڕی عاقڵی حزب بە و بێدەنگبە!

هۆشیار عەبدولآ
دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە توندی ڕوبەڕوی حەملەیەکی ڕێکخراوی بێدەنگکردن ئەبێتەوە.
جیا لە بێدەنگکردن بە کوشتن ، یا بە هەڕەشە، یان بە کڕینی ویژدان کە لە ڕابردودا ئەنجامدراون ، چەندین شێواز و پیلانی تر لە ئارادان بۆ سەپاندنی بێدەنگیی ، یەکێک لەوانە ئیهانەکردنی وتن و کەمبایەخکردنی نوسین و قسەکردنە.

زۆرجار و لای زۆرێک ، قسەکردن و وتنی ڕاستی وەک زۆربڵێی و هەرزەیی تەپڵی بۆ لێئەدرێ!
هەڵبژاردنی بێدەنگیی و دەستگرتن بەکڵاوی بەرژەوەندی و ترسنۆکیش ، وەک حیکمەت و لێهاتویی و کامڵی سیاسی لەقەڵەم ئەدرێ !
ئێستا مۆدێلێکی نوێی کارکردنی کاستە سیاسیە پەککەوتوەکەی هەرێم ئەوەیە کە بێدەنگیی خۆیان بکەنە حیکمەت و قسەکردنی چەند دەنگێکیش بکەنە قەباحەت.

دۆخێکیان دروستکردوە کێ بێدەنگتر بێت ، ئەو کوڕە عاقڵ و کامڵەکەی حزبە ، فەزایەکیان خولقاندوە کە داکۆکیکردن لە ئامانج و پرەنسیپەکانی حزب خۆشی کراوەتە سەرەڕۆیی و ملتزم نەبون ، بەهەموو شێوەیەک ، لە هەموو بۆنەیەک دژی نەفەسی ڕەخنەگرتنن ، بێئاگا لەوەی گوفتار،کردار دروست ئەکا ، سیاسەت یەعنی گوزارشتکردن لەخۆ ، یەعنی بونی گوتار ، یەعنی ڕاشکاوی لە تێز و تێڕوانین. شۆڕش و گۆڕانکاریە گەورەکانی دونیا قسە و ڕەخنە دروستی کردون.

بزوتنەوەی گۆڕان ، ڕەخنە و قسەکردن دروستی کرد، لە یەکەم هەڵبژاردن و چوار ساڵی ئۆپۆزسێون بونیش جگە لە گوفتار و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕەخنە چی پیشکەشی خەڵک کردبوو کە توانی جارێکی تر دەنگەکانی ( سەرەڕای ئەو هەمو ترس و خەڵەتاندن و دەنگکڕین و تەزویر کردنە ،بێ ئەوەی تاکە یەک پۆستی هەبێت، پارەی هەبێت ، هەڕەشەی هەبێت ) بە زیادەوە بە دەستبهێنێتەوە.

بێدەنگی و داکۆکینەکردن لە حەق بەهەموو پێوەرە ئاسمانیی و زەمینیەکان ، بە گوێرەی هەموو ڕێسا ئاینی و دانراوەکان تاوانە. 
بێدەنگی وایکردوە ، لە هەرێم  دەسەڵات بۆ ماوەی زیاتر لە ۲٦ ساڵ ، لە دەستی ئەو کاستە سیاسیە فاشیلەدا قەتیس بێت،کە وێرانەیان دروستکرد نەک نیشتیمان ، کە تاکیان بێهیوا کرد نەک خزمەت.
ئەو کاستە حەز ئەکات دۆخ و گەمەی سیاسی هەر وەک ئێستا و ڕابردو بێت، لایەنێک ڕۆڵی حزبی قائیدی هەبێ و پەراوێزێکی هەزیلیش بەوانی تر ڕەوا ببینێ . 

کە داوا ئەکەی ئەو ڕێسایە تێکبشکێنرێ ، پێت ئەڵین تۆ دژی کۆبونەوەی ، کە ئەڵێی بۆ کۆبونەوە ئەبێ ئەجێندا هەبێت بەرامبەر ئەو هەموو پیلانەی دژی کۆمەڵگەی کوردستانی و مرۆڤەکانی هەیە کە داوا ئەکەی لانیکەم بەرامبەر سامان و دەسەڵات ڕوئیای جیاواز تەبەنیی بکرێ و بەدەنگی بەرز جاڕ بدرێ ، ئەڵێن ئەوە کوا قابیلی جێبەجێبونە و ئێوە فەوزەوین ، کە ئەڵێی وا بڕوا کۆمەڵگە بە تەواوەتی ئاڵای سپی بەرامبەر ستەمکاری و حوکمیی جەردەکان هەڵئەکا ، ئەڵێن چی بکەین لە ترسی شەڕی ناوخۆ ، بێ ئاگا لەوەی شەڕی ناوخۆ بەرهەمیی عەقڵیەتێکی بێدەنگخوازە ، شەڕی ناوخۆ بەرهەمیی عەقڵیەتێکی پاوانخواز بوو نەک عەقڵیەتێکی ڕەخنەگر و کراوە .

 ئەوانەی وەک حەڕبا ڕەنگیان لەگەڵ دۆخ و سەردەمە جیاکاندا ئەگونجێنن ، حەز ئەکەن بێدەنگیی هەبێ، ئەو کاستە کە جەهلێکی سیاسی قوڵیان هەیە و ئەلف و بێ لە گۆڕانکاریەکانی سەردەم و مەفهومی نوێی بەشداری سیاسی نازانن ،  ناو لە دەنگەبیستراوەکان ئەنێن نەوەی فەیسبوک ، بێ ئاگا لەوەی ئێستاکێ فەیسبوک بەرفراوانترین و باشترین هۆکارە بۆ پەیوەندی و کاریگەری دروستکردن لەسەر تاک ، فەیسبوک بو  چەندین دەسەڵاتی ناوچەکەی ڕوخاند ، ئەڵێن بۆ لایک و کۆمێنت ئەنوسن ، بێ ئاگا لەوەی شانازیە ڕا و هەڵوێستت بهێنێ خەڵک پەسەندی بکات، بەشداریی بە خەڵک بکەیت لەبۆچونەکانتا و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەیت و ڕەخنەت لێبگرن و لەگەڵتا بیر بکەنەوە و قەناعەت بکەی بەوەی سیاسەت بۆ خەڵک ئەکەیت نەک بۆ ڕازیکردنی ئەو حزب و ئەو بەرپرس.

وتەیەک هەیە ئەڵێ بدوێ با بزانم کێیت ، هەن هێندە بەتاڵن لە مەعریف و زانین ، خویان لە پشت پەردەی قسەنەکردنەوە وەک ناوێکی گەورە و دێیەکی وێران شاردۆتەوە .

تۆ؛ کە جورئەت ناکەی قسە بکەی ، ڕەخنەبگری ، بەگژ واقعی باوی سەپاودا بچیتەوە، تۆ کە بەقەرز ئەترسیت ، تۆ کە مەبەستتە کەی ویستت پارچەت بۆ حزبی تر دەستبدات ، تۆ کە خەمیی ئەوەتە نەبادا سبەی و دوی  بە هۆی ڕەخنەوە حزب ڤیتۆی لەسەر ناوەکەت هەبێت بۆ پۆست و پایە ، بۆیە خۆت لێکردوین بە کوڕی عاقڵی حزب و بێدەنگبویت ، هەوڵ مەدە لە بایەخیی ئازایەتی و ئازادی و مافیی قسەکردن و ڕەخنەگرتنی ئەوانی تر کەمبکەیتەوە ، یا بە ناوی ئیلتیزامکردن بە حزبەوە بێدەنگیان بکەیت ، ئیلتیزامیی حزبی بێدەنگیی نیە، سازشنەکردن و ڕاستگۆبونە لەگەڵ ئامانجەکانیی ئەو حزبە و و داکۆکیکردن ودیفاع لێکردنیەتی ئەو کاتەی پەلامار ئەدرێ .

مەگەر یەکەم شتێک کە دیکتاتۆرەکان دروستی ئەکەن ، بێدەنگیی نیە ؟!
مەگەر هەر بێدەنگیی نیە دیکتاتۆر دروست ئەکا؟!
ئێستا کۆمەڵگەی کوردستانیی ڕوبەڕوە لەگەڵ پیلانێکی گەورە بۆ بێدەنگکردن ، با بێدەنگ نەبین .




03/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر