ئەو ڕیفراندۆمە !

هۆشیار عەبدولآ
ئەو ڕیفراندۆمەی کە بارزانی بە هەمو دونیای ڕاگەیاندوە بۆ سەربەخۆیی نیە و ئامانج لێی بریتی نیە لە دروستکردنی دەوڵەت ، هەوڵێکە بۆ پینەکردنی ئەو هەمو هاتوهاوارەی چەندین ساڵە بارزانی بەناوی جیابونەوە لە عێراق ئەیکا ، ئەگەر بارزانی ریفراندۆمێکی بێ گیان و بێ ڕوح نەکا ، ئەی چۆن جوابی ئەو هەمو ئیدیعا و خۆهەڵکێشانانە بداتەوە کە چەندین ساڵە بەناوی سەربەخۆییەوە ئەیکا ، چۆن درێژەبدات بە یاریکردن لەسەر وەتەری هەستی قەومیی و نیشتیمانیی خەڵکی کوردستان .
بارزانی ئەگەر لە ئێستاوە ریفراندۆم بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوی حزبەکەی بەکار نەهێنێ و نەڵێ لە ڕابردویەکی نادیاردا دەوڵەتتان بۆ دروست ئەکەم ئەی چی بڵێ بە خەڵک ؟ بڵێ موچە و خزمەتگوزاریتان باش ئەکەم؟ مەعلومە کە شکستی هێناوە ، بڵێ نەوتتان بۆ ئەکەم بە چرای ئاوەدانی ؟ مەعلومە کە چی لە داهاتی نەوت کردوە! بڵێ ژیانی دامەزراوەیی و سەروەری یاسا ئەپارێزم ؟ مەعلومە کە چی لە پەرلەمان و حکومەت کردوە ! بڵێ ئازادیە گشتیەکان ئەپارێزم ؟ مەعلومە ماف و ئازادیەکان چۆن لە دار دراون ! بڵێ سەروەری هەرێمی کوردستان ئەپارێزم ؟ مەعلومە کە چۆن هەرێمی کردۆتە قبرصێکی تر بۆ تورکیا ! بەکورتی و بەکوردی ئەگەر بارزانی پەنا نەبات بۆ خراپ بەکارهێنانی ریفراندۆم بۆ ئەجێندایەکی حزبی و شەخصی ئەی چی بکا ؟! چ حیکایەتێکی ماوە بۆ خەڵکی باسبکا ، چ وەعدێکی بێ ئەنجام ماوە بە خەڵکی کوردستانی بدات و شکستی تیا نەهێنابێت ؟!
مافی دیاریکردنی چارەنوس لەلایەن گەلان خۆیانەوە ، یەکێکە لە مافە هەرە پیرۆزەکان و تاوانێکی گەورەیە ڕاست و دروست نەبێت دەستی بۆ ببردرێت، تاوانە ریفراندۆم بۆ پرسی شەخصی بەکار بهێنرێ ، بارزانی کە لە ئیحراجترین دۆخدایە بەهۆی ناشەرعی بونی کورسیەکەیەوە ئەیەوێ ڕیفراندۆم بەکاربهێنێ بۆ وەرگرتنەوەی جۆرێک لە شەرعیەتی ساختە بۆ خۆی نەک بۆ سەربەخۆیی.
دوای دیاریکردنی وادەی ڕیفراندۆم لە کۆبونەوەیەکی حزبییدا ، پرسیاری جدی لە بارزانی و هاوئاوازەکانی ئەوەیە ، بەڕاست ڕیفراندۆمتان بۆچی ئەوێت ، بە ئەنجامەکەی چیئەکەن ؟ ئایا وەک کارتێکی سیاسی دژی بەغداد بۆ وەرگرتنی پۆست و پارە بەکاریئەهێنن؟! ، یا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت ؟ پاشان کام دەوڵەت ؟! دەوڵەتی عائیلە یا دەوڵەتی هاوڵاتی ؟ کام دەوڵەت دەوڵەتێکی فاشی ، دیکتاتۆری فاشیل ، یا دەوڵەتێکی کۆماری دیموکراتی سەرکەوتو ؟
مێژوی ساڵانی ڕابردوی بارزانی وحزبەکەی له حوکمڕانیدا ڕون و ڕاشکاو وەڵامیی ئەو پرسیارانەمان پێ ئەڵێن کە نە خودی بارزانی و نەحزبەکەی ئەهلی مامەڵەکردن نین بە مافێکی گرنگی وەک چارەنوسی ژیانی هاونیشتیمانیانی باشوری کوردستان و هیچ کاتیش ئەهلی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەرکەوتو و دیموکرات نین ، چونکە پەرێزیان لە ئەزمونی حکومەتی هەرێم ڕون و ئاشکرایە بۆ خەڵکی .
خەڵکی کوردستان ، ریفراندۆمیان کاتێک ئەوێت کە بۆ سەربەخۆیی بێت ، سەربەخۆیی و دەوڵەتیان بۆ پاراستنی سەروەری و شکۆی نیشتیمان ئەوێت ، دوڵەتی سەرکەوتویان بۆ پاراستنی مافەکانیان و ژیان و گوزەرانێکی خۆش و سەربەرز ئەوێت ، خۆتان بڕیار بدەن ، بارزانی لە ماوەی هەمو ئەو ساڵانەی بە شەرعی و ناشەرعی سەرۆکی هەرێم بوە کام لەو چاوەڕوانیانەی خەڵکی لەهەرێمی کوردستان دابینکردوە تا ئێستا خەڵک پێی وا بێت دوای ڕیفراندۆم ئەتوانێت دابینیان بکات ، جوان وتراوە ، کەسێک شتێکی نەبێت ، ناتوانێ بیبەخشێت .
ریفراندۆم کە پێویست بو پرسێکی نیشتیمانی پیرۆز بێت بۆ ئەنجامێکی باڵا ، بارزانی کردویەتە بیزنیسێکی شەخصی و حزبیی ، دەبێت ڕیگە لە بەلاڕێدابردنی هەمو پرسێکی نیشتیمانیی بگیرێت .


08/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر