ئەوانەی ناویان لەم ڕیفراندۆم ناوە ، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ، نەک ئامانجیان سەربەخۆیی نیشتمانی نیە بەڵکو لەوەتەی هەن خەنجەری ژەهراوین بۆ سەر دڵی سەربەخۆیی کوردستان .
سەربەخۆیی تێگەیشتەیەکی فراوانترە لە خودی دەوڵەت خۆشی ، سەربەخۆیی چەمکێکی فرە ڕەهەندی سیاسی ، کەمەڵایەتی ، ئابوری ، کلتوریە و زۆر لەوە گەورەترە کە بچوکبکرێتەوە بۆ دروشمێکی حزبی ڕوت کە ئامانجەکەی داپۆشینی شکستی سیاسی و ئیداری ئەوانە بێت کە لەوەتەی لە دەسەڵاتن لە دژی سەربەخۆیی کاردەکەن نەک لە پێناویدا .
سەربەخۆیی واتا بونی ئیرادەی ئازاد گەل ، ئەوان سوارێکی ئامەدەن بۆ ئەجێندای نەیارانی گەلی کوردستان و ئیرادەی خۆیان داوەتە دەستی بێگانە ، سەربەخۆیی واتا ئابوریەکی نیشتیمانی بەهێز ، ئەوان تاڵانکەری ئابوری نیشتیمانن ، سەربەخۆیی واتا هێزێکی یەکگرتوی نیشتیمانی ئەوان هێزی حزب و ئەشخاصیان دروستکردوە و نیشتیمانی پێ ئەکەنە موڵکی بنەماڵەکان ، سەربەخۆیی واتا بونی ئاسایشێکی نیشتیمانیی بەهێز ، ئەوان دەزگا ئەمنیەکانیان مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تاک و نەتەوە .
قۆناغی یەکەمی سەربەخۆیی نیشتمانیی گێڕانەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکانە ئەوان لەوەتەی هەن لە دژی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە پیلان دائەڕێژن و بە پاساوی تێکچونی تەرازوی هێز ، نایانەوێ ئەو ناوچانە بێنەوە سەر هەرێم .
ئەوان دەیان ساڵە دژی سەربەخۆیی کار ئەکەن ، ئەو ڕیفراندۆمەشیان بۆ لێدانە لە سەربەخۆیی نەک گەیشتن بە سەربەخۆیی ، بۆیە کاتێک لە میدیاکانیان ئەڵێن ریفراندۆمی سەربەخۆیی تەنها دروشمبازیە و هیچی تر .
ئەوان دژی سەربەخۆیین ، چونکە ئەوکاتەی نیشتیمان سەربەخۆ بێت ، جێگەی ئەجێندای شەخصی و حزبی و عائیلی نابێتەوە .
ئەوان نایانەوێ نیشتیمانی سەربەخۆمان هەبێ ، تا وەک ئێستا بیدۆشن ، تا وەک ئێستا تاڵانی بکەن و نۆکەرایەتی بێگانەی تیابکەن .
ئێمە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەخێر بۆ ڕیفراندۆمێک ئەڵێین کە گورزێکی کاریگەرە لە سەربەخۆیی، کە ئەجێندای نەیارانە ، بۆ داپۆشینی شکستە ، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە ، بۆ بیربردنەوەی داهاتی نەوتە ، بۆ فرۆشتنی ناوچە جێناکۆکەکانە ، بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانیە ، بۆ تازەکردنەوەی ئەو بەڕەیەیە کە ناویان ناوە کوردایەتی و هیچ پەیوەندیەکی بە مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە نیە ، بۆ تازەکردنەوەی شەرعیەتی ئەو کاستە سیاسیە بازرگانە چەتەگەرەیە کە نیشتمانیی وێرانکرد .
لە پێناوی سەربەخۆیی و ڕزگاری نیشتیمانیا ، لە پێناوی لە دەستنەدانی ئەوەی ماوە ، لە پێناوی ڕێگرتن لەوەی بەسە چیتر بازرگانی بەم خەڵک و خاکەوە نەکرێ ، لە پێناوی پاراستنی خەونی سەربەخۆیی نیشتمانیا ئەبێ هەموان بڵێین نا بۆ ئەم ڕیفراندۆمە حزبیە