کوردایەتی، بۆ بازرگانی بێسنور

هۆشیار عەبدولآ
داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان شتێکە ، ئەوەی ناوی نراوە کوردایەتی شتێکی ترە ، نیشتیمانپەروەری شتێکە ئەوەی بەناوی قەومییەتەوە (زۆرینەی) سیاسیەکانی کورد لە دژی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان کردویانە و ئەیکەن شتێکی ترە .

تۆی هاونیشتیمانیی ، تۆی کوردستانیی ئەبێ بزانی کە بەشی زۆری ئازارەکانیی ناو مێژوی شەست حەفتا ساڵی ڕابردوت ،  ئەو ڕۆژگارە سەختەی ئێستا تێیکەوتویی، ئەم نائومێدیە زۆرەی توشی بوی ، ئەو هەمو شکستەی هەرێمەکەت تیایدا ئەژیت بەرهەمیی کوردایەتیی ئەوانە .
 
ئەوە کوردایەتیەکەی ئەوانە نەوت و موچە و داهاتت لێئەدزێ ،
ئەوە کوردایەتەکەی ئەوانە هەرجارە و دەبێتە سواری ئامادە و دەوڵەتێکی دراوسێ دێنێتە سەرت . 
ئەوە کوردایەتیەکەی ئەوانە وێنەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت زۆر جاری گەلی کوردستانیشی لە ناوەوە و دەرەوە ناشیرین کردوە . 

برۆن لێیان بپرسن ، شەری ناوخۆ بە بەشێک لە کوردایەتی ئەزانن، بە داخستنی پەرلەمان ئەڵێن کوردایەتی ، بە کلکایەتی داگیرکەران دەڵێن کوردایەتی ، بە دزینی موچەی مناڵە شیرەخۆرەکەت ئەڵێن کوردایەتی ، بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان ئەڵێن کوردایەتی ، کوردایەتیەک کە هێنانی لەشکری بێگانەی تورک و عەجەم و عەرەب  بە ئاسایی ئەزانێ ، کەچی ڕەخنەی نوسەرێکی کورد بە مەترسی بۆ سەر ئەمنی قەومیی ئەزانێ . 

کاتیەتیی تێبگەین،گەلی کوردستان بۆ ئەوەی بڕواتە ناو مێژوەوە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بەنەتەوەبوندا بگوازێتەوە قۆناغێکی پێگەیشتو، دەبێ ماڵئاوایی لەو بازرگانیی و چەتەگەرییەی کوردایەتیی بکا و بیرێکی ئینسانیی ، نیشتیمانیی ، دیموکراتیخواز ، شەفاف ، دادگەر ، یەکسانخوازی پڕ لە مۆڕاڵ و بەهای بەرز دابمەزرێنێ .


تا فکرێکی ئینساندۆستی باڵا لە پێناو مافەکانی خەڵکی کوردستان، تا فۆڕمێکی نوێی سیاسەت بۆ خەبات لە پێناوی ژیانی هاونیشتیمانیان دور لەو عەقڵیەتە چەتەگەرە مافیاییەی بە ناوی کوردایەتیەوە ژیانمان لێ ئەدزێ ، ئەمانخەڵەتێنێ ، هەر جارەی ئەمانداتە دەست کارەساتێ ،  بونیاتنەنرێ ، گۆڕینی ڕیشەیی ئەستەمە . 

تا ئەوکاتەی بە تەواوی ئەو گەمە سیاسیەی بازرگانەکانی کوردایەتی بەناوی داکۆکی لە خەڵکی کوردستانەوە دەیکەن ، کۆتایی پێنەهێنرێ ، هەرێمی کوردستان حاڵی لە ئێستا باشتر نابێ . 

گەلی کوردستان دۆزێکی ڕەوای هەیە ، خەباتی کردوە لە پێناوی ڕزگاریا ، خوێنی بەخشیوە لە پێناوی سەربەخۆییا ، ئەوانە هاتون ئەو خەبات و خوێنەیان  بەد بەکارهێناوە بۆ خۆیان ، بنەماڵەکانیان ، حزبەکانیان و ناویان ناوە کوردایەتی. 

هەرێمی کوردستان ، پێویستی بە سەردەمێکی تر ، نەوەیەکی تر ، فەلسەفە و تێزێکی تری خەبات هەیە بۆ ئەوەی  نەجاتی بێت لە حوکمڕانیی چەتەکان .

تۆ کە نەتەوەکەتت خۆشدەوێ ، تۆ کە شانازی بە کوردبونتەوە ئەکەی ، تۆ کە لە خەمیی نیشتیمانایت و حەز ئەکەی هاونیشتیمانیەکانت لە هەمو گەلێکی تری سەر ئەم زەمینە خۆشتر و سەربەرزانەتر و باشتر بژین ، بزانە کە ئەرکی نیشتیمانیی و ئەرکی نەتەوەیی و ئەرکی دینی و ئەخلاقیی ئەوەیە ڕێگە لەو تیجارەتە بگرین کە بە خاکەکەمان و خەڵکەکەمانەوە ئەکرێ و ناویان ناوە (کوردایەتی).

لێدان و سنودارکردنی ئەو بازرگانیە ، ئەو بزنسە ، کە من ڕون و ڕاشکاو داوای ئەکەم ، گوتار یا ئامانجێکی حزبی یا ئایدۆلۆژیی نیە ، هێندەی خەمێکی گشتیە و دەبێ دڵسۆزان ، لە هەمو حزب و لایەنە سیاسیەکان بێ جیاوازی بەوانەشەوە کە قیادەکانیان خەریکی چەتەیین ، هەڵگری ئەو خەمە بن ، چونکە با ڕون بێت کە بازرگانەکانی سیاسەت ئەوانەی بەرگی کوردایەتیان پۆشیوە لە هەمو حزب و لایەنە سیاسیەکاندا هەن و بەردەوام پشت و پەنای یەکترین و شەرعیەتی یەکتری نوێدەکەنەوە .  

جا ئەو کۆمپانیا بازرگانیەی بۆ بازگانی (بێسنورە !) و ناویان ناوە کوردایەتی هەر جارە و کاڵایەکی تیا دەخەنە ڕو بۆ ئەوەی بە خەڵکی بفرۆشنەوە ، حالیەن کاڵای مەوجود ، ناوی (ریفراندۆمە) .


03/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر