کەرکوک وەک نیشتیمان.. کەرکوک وەک عەمباری نەوت

هۆشیار عەبدولآ
لەگەڵ هاتنی داعش و دوای ئەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری نیشتیمان کە لە دەستوری عێراقدا بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون لەڕوی ئەمنیی و ئیداریی و ئابورییەوە بە تەواوی کەوتنە دەستی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ، دەبو کورد خۆی ماددەی ۱٤۰ لەو ناوچانە جێبەجێبکا ، لەو ڕوەوە نەوشیروان مستەفا پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی لەگەڵ بارزانیدا باسکردبو،لەگەڵ ئەوەی زۆر لای پەسەند ببو ، دواتر پشتگوێی خست .

وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی حزبە سیاسیەکاندا بە ئامادەبونی بارزانی هەمان خەمیان وەک پێشنیارێک خستبوە ڕو تا ببێتە پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی و هەمو کاری لەسەر بکەن و ئەولەویەت گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بێ ، بەگوێرەی ئەو قۆناغانەی لە دەستوردا دیاری کراون ، ئەوکاتە هیچ کەس بە حکومەتی عێراق و ئەمریکا و یوئێنیشەوە نەیانئەتوانیی ڕەخنە لە هەوڵە دەستوریەکانیی کورد بگرن.

بەداخەوە ئەو پڕۆژەیەی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان گوێی پێنەدرا ، جگە لە بە تاڵانبردنی نەوتی ئەو ناوچەیە هیچیی تریان مەبەست نەبو ، بەمەش دەرفەتێکی تری مێژوییان لە دەستدا .

ئەو ناوچانە کە بەشێکن لە نیشتمانی خۆمان، بە سیاسەتی تاڵانیی نەوت و زمانیی هێز ناگەڕێنەوە ، پێویستیان بە ئەجێندایەکی نیشتیمانیی ، ئینسانیی هەیە کە لانیکەم سێ ڕاستی لەبەرچاو بگرێ :

یەک: هیچ هێزێک پێی وا نەبێ بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە باڵانصی سیاسی هەرێم ئەگوڕێ ، واز بهێنرێ لە دروستکردنی بەربەست بۆ گەڕاندنەوەیان.

دو: جگە لە سیاسەتێکی ئینسانیی لە سەر بنەمای هاوڵاتیبون و پاراستنی مافی کەمینەکان و نیشاندانی وێنەیەکی جوانی حوکمڕانی کە وابکا عەرەب و تورکمان و پێکهاتە ڕەسەنەکانی ئەوێ حەز بکەن لەگەڵ هەرێمدا بژین ، بە سیاسەتی خۆ فەڕزکردن و هێز و هەڕەشەی دەرکردنیان ناتوانین هیچ بە هیچ بکەین و ئەوانی تر چەند شۆڤێنی بن ، ئەبێ کورد ئینسانی بێ،چونکە زێدی خۆیەتی ، دونیا چاوی لە سەریەتی.

سێ : ململانێ لەسەر ئەو ناوچانە پێویستە بە لۆژیکێکی مەدەنی، یاسایی،دەستوریە . بە شەڕ یا زمانی چەک کورد ئەو ناوچانە ناباتەوە ، بازرگانەکانی شەڕ ، ئەوانەی هەمو شەڕێک بە دەرفەتێکی تری خۆ دەوڵەمەندکردن ئەزانن دژی ئەو ستراتیژەن ، بەڵام شەڕ جگە لە قوربانیەکی زۆر دەرنجامەکەی بۆ ئایندەی ئەو ناوچانە نامانگەیەنێتە هیچ ئاسۆیەکی ڕون .

گرنگە ڕونبێ ، دواخستنیی ئازادکردنی حەویجە لە بارێکیا بۆ هاتنەوەی سوپای عێراق بو بۆ ئەو ناوچانە ، ئەو دواخستنەش دوربینی عبادی نەبو ، هێندەی پلانی ئەمریکیەکان بو ، ئەوانەی بەشداری مەیدانی شەری داعشیانکردوە ئەزانن ، بێ ڕەزامەندی ئەمریکا وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش هیچ کوێ ئازاد نەکراوە و چەند وەختیشە سەرباری تۆمەتبارکردنی یەکتری لە نێوان هەولێر و بەغداد دەرکەوت ئەمریکا ئازادکردنی ئەو قەزایەی بۆ پرسێکی تری ئاڵۆز دواخستوە کە کێشەی کەرکوکە .

ئەمریکا ئەزانێ کەرکوک کێشەیەکی ناوخۆیی نیە ، تورکیا ئەجێندای تایبەتی هەیە بۆ ئەو شارە ، ئێرانیش هەروەها ، بۆیە ئەو مەبەستیەتی کە جارێکی تر وەک پێشو هێزی هەردولا ، حکومەتی هەرێم وحکومەتی بەغداد لەو ناوچانە وجودیان هەبێ ، بەمەش ڕەنگە بتوانێ بەریەککەوتنی چەکداری لەو ناوچانە دوربخاتەوە ، کورد پێویستی بە ستراتیژێکی سیاسی ناتوندوتیژە بۆ ڕادەستنەکردنەوەی ئەو ناوچانە.

لە کاتێکا زۆرێک لە پێشمەرگە قارەمانەکان ، چەندین فەرماندەی ئازا لە سەنگەری شەری داعشدا شەهید ئەبون لە پێناوی داکۆکیکردن لەو ناوچانە ، دروست لەو کاتانەدا لەبری خەم لە ئایندەی نیشتیمان ، بەشێکی بەرپرسانی یەکێتی و پارتیی خەریکی فرۆشتنی نەوتی کەرکوک بون بۆخۆیان.

لە ئێستادا ئەجێندایەکی فرە ڕەهەند لەسەر ئەو ناوچانە هەیە ، جگە لە دیوە عێراقیەکەی دیوی تری تورکی و ئێرانی و ئەمریکایشی هەیە ، لەکاتێکا حزبی کوردی هەیە وەک ستراتیژ نایەوێ ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێم و بۆ ئەوەش زۆری کردوە و ئەکا ، گومان ئەکەم لە ئەجێندای تورکیاشدا بۆ کەرکوک بەشدار نەبێ ، دڵنیاش نیم لەو هێزەی کە بە حساب ئیدارەی شارەکەی لەدەستە چۆن مامەڵە ئەکا ، چونکە نەوتی کەرکوک و فرۆشتنی لە لایەن عائیلە و ئەشخاصەوە زۆر ئەوراقی تێکەڵکردوە و ڕەنگەکان گۆڕاون .

ئەولەویەتی سەردەمیی داعش و دوای داعشیش بۆ کورد دەبو حەسمکردن و گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بێت وەک ئەرکێکی نیشتیمانی باڵا ،کەچی بەزمی ڕیفراندۆمیان خولقاند بۆ ئەوەی بیکەنە پاساوی ئەوەی جارێکی تر بیاندۆڕێننەوە ، تکایە وا مەزانن ئەوەی پێداگری ئەکەن لەسەر ڕیفراندۆم و تایـبەتیش لەو ناوچانە بۆ گێڕانەوەیان بێ بۆ سەر هەرێم ، نەخێر بۆ دۆڕاندنیانە ، با مێژو شایەتی ئەو قسەیە بێ لە نێوانماندا بۆ دەرکەوتنیی ڕاستیەکانیش کاتێکی زۆرمان پێویست نیە .

سەلامەتی بۆ کەرکوک ، ئەو ناوچانە لە چاوی ئێمەدا ئایندەی نیشتیمانن ، نەک عەمباری نەوت .

05/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر