بژاردەی سێهەم بونی نییە، یان لەگەڵ کودەتا یاخود لەگەڵ ئەردۆگان

زمناکۆ ئیسماعیل

چەند رۆژێک بەسەر کودەتا سەربازییەکەی تورکیا تێپەڕبوە، هێشتا کاریگەری دابەشبونی لایەنگری بۆ کودەتا و بۆ ئەردۆگان لەهەرێمی کوردستاندەبینین، ئەوەش لەکاتێکدا هاتە ئاراوە، لەگەڵ رودانی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا، ئاستی لایەنگری هەرێمی کوردستانی کرد بەدوو بەشەوە، بەشێک لەگەڵ کودەتادابون و بەشەکەی دیکەشیان لەگەڵ مانەوەی ئەردۆگان، هەرچی ئەوانەیە لەگەڵ کودەتادابون کە بەسەر دەسەڵاتەکەی ئەردۆگاندا بکرێت، زۆربەی ئەو کەسانەبون کە بانگەشەی دیموکراسیبون و کۆمەڵگای کراوەو پەروەردەی مەدەنی و دەربڕینی ئازادو دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیان دەکرد لەنێو کۆمەڵگادا، بەڵام کودەتایان بەلاوە ئاسایی بو بەسەر حکومەت و دەسەڵاتی هەڵبژێردراو.

هەرچی ئەو کەسانەیشە کە لایەنگری مانەوەی ئەردۆگانبونو دژبەکودەتا وەستابونەوە، لایەنگرانی حیزبە ئیسلامیەکانو پارتی دیموکراتی کوردستان بون، ئەمانیش لەو جۆرەن کە بانگەشەی ئاشتی و دادپەروەری و دیموکراتی و مافی دەربڕینە ئازادەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەن لەچوارچێوەی ئیسلامگەرایی و نەتەوەچێتی، بەڵام ئەو ووێنایە لەبەرچاو ناگرن کە ئەردۆگان بکوژی سەرەکی هاونیشتیمانیانی کوردە لەباکوری کوردستان، واتە بەرژوەندی سیاسیان بەر لەبەرژەوەندی نەتەوەکەیانەو سنوری نێوان باکور و باشور مەرامی سیاسی حیزبەکانیان بۆیان دەکێشێت.

لەگەڵ دەستپێکی کودەتاکەی تورکیا، زۆربەی لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدابون، کودەتا بەسەر دەسەڵاتەکەی ئەردۆگاندا بکرێت، خوێندنەوەیجەماوەرەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، لەروانگەی ململانێکانیانەوە بو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتێڕوانینی لایەنگرانی گۆڕان، ئەگەر ئەردۆگان بکەوێت، ئەوکات بەرزانیش لاواز دەبێت و پشتو پەنای نامێنێت، ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بەمەستی لابردنی بەرزانی و پەراوێزخستنی پارتی لەحکومەت و دەسەڵاتەکانی داهاتوی هەرێم، ئەم جۆرە لەبیرکردنەوەی لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رودانی کودەتا لەتورکیا، بیرکردنەوەیەکی تۆڵەکردەیە، کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەراوبەرەکەی پێ بشکێنێت و لەناوی ببات، لەهەمانکاتدا بیرکردنەوەیەک نییە کە بیەوێت بە ململانێی سیاسی دەسەڵات وەربگرێت، بەڵکو دەیەوێت بەلێدانی ناڕاستەوخۆ گۆڵ لەحیزبی رکەبەرکاری بکات، واتە ئەم جۆرە لەبیرکردنەوە ئاستی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوەو بەمیزاجی رۆژ مامەڵە لەگەڵ دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکات.

هەرچی لایەنگرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوە چەپ و شویعییەکان و نەتەوەچییەکانە، جەماوەرەکانیان لەگەڵ کودەتادابون بەسەر ئەردۆگان، لەڕوانگەی ئەم لایەنگرانەوە، رەنگە کودەتا ئاژاوەیەک لەتورکیا دروستبکات، ئەوەش دەرفەتە بۆ ئەوەی کە کورد راپەرین بکات لەباکوری کوردستان، ئەوکات هاونیشتیمانیانی کورد بە ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان دەگەن، من ئەم جۆرە بیکردنەوەیە بە کورتبیرهەڵدەسەنگێنم، واتە بیرکردنەوەیەکی کاتییەو تەنها چەند مەترێک بڕ دەکات، چونکە خاوەن بیرۆکەکان لەڕوانگەی ململانێی حیزبی و ململانێی ئایدۆلۆژییەوە ئەم بیرکردنەوەیان بەمێشکدا هاتوە،هەرئەوەشە وامانلێدەکات کەئەم بیرکردنەوەیە بەوە هەڵبسەنگێنین،لایەنی سۆزداری و هەڵچونی هزری نەتەوەیی و ململانێی حیزبی بەسەردا زاڵە، جگەلەوەی کە ئەم لایەنگرانە لەسەر ئاستی بەرژەوەندی میحوەر بیریان لەسەرکەوتنی کودەتا نەکردۆتەوە، بیریان لەوە نەکردۆتەوەکە بەکەوتنی ئەردۆگان، هاوسەنگی سیاسی نێوان روسیاو ئەمریکا تێکدەچێت، بەوەش ناوچەکە میحوەری روسی تیادا بەهێزتر دەبێت وەک لەمیحوەری ئەمریکی، بۆ ئەوەش مەحاڵبو کە ئەمریکا بهێڵێت کودەتا سەر بگرێت.

ئەو شەوەی کودەتابو بەسەر ئەردۆگان، زۆربەی لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان، لایەنگری ئەردۆگان بون، هەرئەو شەوەش، جەماوەری ئەو حیزبانە، نزایان دەکرد بۆ ئەوەی ئەردۆگان نەکەوێت، ئەم جەماوەرە ئیسلامییە کوردییە، ئێشو ئازارەکانی باکوری کوردستانیان لەیاد کردبو، کەلەسەر دەستی ئەردۆگان بەسەر کوردی باکوردا هاتوە، تەنها هاوکێشەیەک کە لەڕوانگەی خۆیاندا ووێنایان بۆ کردوە، ئەوەیە کە ئەردۆگان موسڵمانە و هەندێک وەک سوڵتانی داهاتو دەیبینن، ئەم جۆرە کەسانە دژایەتیکردنی ئەردۆگان بەتاوان دەزانن، بیرکردنەوەیان بۆ مانەوەی ئەردۆگان، بەرژەوەندی دینی و مەزهەبی و ئایدۆلۆژیەتی ئیخوانییە، کەبەنەرمە ووتەو پلانی بەهێز ناسراون.
هەرچی لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دژبەکودەتاکردنبون بەسەر ئەردۆگان، هۆکارەکەشی بەرژەوەندی ئابوری و پەیوەندی سیاسی نێوان پارتی دیموکرات و ئەردۆگانە، جەماوەری ئەم حیزبە لەڕوانگەی گرێبەستە ٥٠ ساڵییەکەی نەوت و غازەوە بۆ مانەوەی ئەردۆگان دەڕوانن، لەهەمانکاتدا ئەم جۆرە لایەنگرە، کە سنوری قەڵەمڕەوی حیزبەکەیان گرێدراوی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی تورکیاو باکوری کوردستانە، سودمەندی سەرەکین لەئاڵوگۆڕی بازرگانی،سودمەندن لەپارەی مەرزی ئیبراهیم خەلیلو هاوردەی شمەک بۆ هەرێمی کوردستان و هاتوچۆی هاونیشتیمانیانی کوردو چونی گەشتیاران بۆ تورکیاو باکوری کوردستان، بەوەش لایەنی ماددی گرێدراوی سەرەکی نێوان دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان و پارتیە، کەواتە بەرژەوەندی مانەوەی ئەردۆگان لای پارتی، مادییە و هیچ بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی نییە، کەرەنگە لەرۆژگاریکدا ئەو پەیوەندییە مادییە سڕ بکرێت و بەکۆتایی هاتنی گرێبەستەکانی نێوانیان، ئاستی پەیوەندییەکانی پارتی و تورکیا وەک ئێستا  نەمێنێت و تێکبچێت.

ئالێرە بەدواوە ئەو راستیە تاڵە دەبینین، تورکیا کودەتا تیای روئەدات، نیوەی باشور شیوەن دەکەن و نیوەکەی دیکەشی شایی دەگێڕن، نەنگییە بۆ بارگۆڕانی سیاسی دەوڵەتێکی داگیرکەر بەسەر نەتەوەکەماندا، کورد لەباشورببێت بە دوو بەشەوە، بەراوبەر بەیەکتر رابوەستن و هەریەکەیان لەئاوازێک بخوێنن، ئەم جۆرە لەمرۆڤی کورد قوڕمیشکراون، بەهۆی قورمیشکردنی حیزب و ئایدۆلۆژیای حیزب و قوڕمیشی دینی و قوڕمیشی مەزهەبی، نیوەی کورد نوێژدەکەن و نزادەکەن، بەمەبەستی سەرنەگرتنی کودەتا بەسەر سوڵتان، نیوەکەی دیکەشی فرمێسکی شۆڕشگێڕی دەڕێژن و شەرابی سیاسی دەنۆشن،بەمەبەستی سەرکەوتنی کودەتا بەسەر ئەردۆگان.
لەرۆژی کودەتاوە تا ئەمڕۆ، کەم کوردمان بینی توانای ئەوەی هەبوبێت کەبژاردەی سێهەم دەستنیشان بکاتو چاوەڕوانبێت تابزانێت، ئەو دەموچاوانەی کە کودەتا دەکەن کێن، هەموان دەموچاوی ئەردۆگانو حکومەتەکەیمانلەلارونەو دەزانین چ جۆرە ستەمکارێکن، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە تەمومژاوی بوو، روخساری کودەتا چییەکان بوو، کە پێکهاتبون لەهەمان ئەو ژەنڕاڵ و هەمان ئەو سەرباز و هەمان ئەو فەرماندە و ئەفسەرانەی کە باکوری کوردستانیان کرد بە گۆماوی خوێن و خاکەکەیان کرد بە سوتو.

یەکێک لە سەرکردەی سەرەکی کودەتا سیاسییەکەی تورکیا (ئاکین ئۆزتورک)ە، ئەو پیاوەی کە لەساڵی ٢٠١١ دا فەرمانی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی ئەنجامدا، جگە لەفەرمانی کوشتنی سەدان گەنج و منداڵی بێتاوان لەکاتی گەمارۆ خستنەسەر ناوچەکانی باکوری کوردستان، ئادەم حادودی فەرماندەی سوپای دوهەمی هێزی پیادە، یەکێکی دیکەیە لەو ژەنڕاڵانەی کە بەتاوانی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا دەستگیرکراوە، ئەم فەرماندەیە، تاوانبارە بەکوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەباکوری کوردستان، لەناوچەکانی ئامەدی سورو جزیرێ و هەکاری و فارقین و جولەمێرگ و باتمان، کەبەتەنها لە جزیرێ لەباکوری کوردستان، نزیک بە ٤٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوشتوە، کە سەد کەسیانی بەزیندویی سوتاندوە، جگەلەوەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی شەش مانگی شەڕی باکوری کوردستان، نزیک بە هەزارو ٨٣ کەس شەهیدبون کە زۆربەیان لەسەر دەستی حادودی بوە، شانبەشانی ئەو دوژەنڕاڵەش، تاوانباری یەکەم و دوهەمی کوشتوبڕی کورد لەباکوری کوردستان، لەماوەی شەش مانگی رابردوی دروستبونەوەی شەڕ، سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان و سەروەزیرانی پێشوو داود ئۆغڵون، کەبە فەرمانی ئەم دوو دەسەڵاتدارەی دەوڵەتی تورکیا، سەرجەم سەربازانی ئاسمانی و پیادەو ژەنرالەکانی وەک ئادەم حادودی و  ئاکین ئۆزتورک ومەتین ئیدیاڵ، بونە هۆکاری کوشتوبڕی هاونیشتیمانیانمان لەباکوری کوردستان.

کودەتایەک ئەو ژەنڕاڵە خوێن مژانە بیکەن و دەسەڵاتێک ئەردۆگانی ستەمکار و دارودەستەکەی بەڕێوەی بەرن، چ ئاستێکی لایەنگری بە کوردی باشورەوە دەیبەستێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کوردی باکور گیرۆدەو قوربانی دەستی ئەوانن، لێرەبەدواوە دەگەین بەو بڕوایەی، کە کوردی باشور، لەسەروخۆیەوە بیری بۆ دەکرێتەوە، لەسەروخۆشیەوە حیزب بڕیاری بۆ ئەدات، ناتوانێت بۆ خۆی بڕیار بدات و هەڵبژاردنی جیاوازی هەبێت، هەر ئەوەشە وایکردوە کە لەبارگۆڕانێکی سیاسی وەک تورکیادا، کوردی باشور دوبەرەیی تێبکەوێت.





28/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر