ڕوسەکان ئەردۆغانیان ڕزگار کرد!

شوان بورهان
باوەش گرتنەوە بۆ ڕوسەکان و هەوڵدان بۆ خۆنزیک کردنەوەی ئەردۆغان لە ئیران و داواکردنی پیکهێنانی هاوپەیمانی سێ قۆڵی ڕوسیا، ئێران، تورکیا هێمای توڕەیی ئەردۆغانە لە ئەوروپا و ئەمریکا، لەهەمان کاتدا گەیشتنی هەڕەشەکانی ئەردۆغانە لە ئەوروپا و ئەمریکا بە لوتکە! تورکیا ئەوپێگە ستراتیژی یە ی کە زۆرجاران تاقیگەی سیستەمەکانی پێشنیار کراو بووە بۆ دیزاین کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەپێی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی جیهانی، لەدەوڵەتی نەتەوەیی یەوە بۆ ئیسلامی سیاسی، لەهەمان کاتدا دەروازەیەکی گرنگ بوە بەڕوی ڕۆژئاوا دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە. 
ڕوسەکان، وەک لەهەندێک میدیای نافەرمی و فەرمی دا باسدەکرێت، لەڕێگەی بنکەی (حەمیم) ی سەربازی یەوە لە سوریا پێش چەند کاتژمێرێک لەڕودانی کودەتا لەڕێگەی ڕادارەکانیانەوە زانیاری وەردەگرن لە ئامێری پەیوەندی یەکانی سوپای تورکیاوە و دڵنیا دەبن لەوەی کە لەتورکیا کودەتای سەربازی ڕودەدات و ئامادەکاری بۆکراوە! دەوترێت کە ڕوسەکان بەپەلە ئەردۆغانیان ئاگاداری ڕودانی کودەتا کردوە گوایە هەر ئەمەش بووە هۆکاری سەرنەکەوتنی کودەتا کە! 
هەندێک سەرچاوەیتری نافەرمیش باس لەوەدەکەن کە ئەمریکا ئاگاداری کودەتاکە بوە و ئەردۆغانی ئاگادار نەکردۆتەوە! وادەردەکەوێت کە ئەمریکی یەکان بە کودەتا ناڕازی نەبوبن! 
ناڕازی نەبونی ئەمریکیەکان ئەگەرخاڵێکی گرنگی توڕەیی ئەردۆغان بیت، خاڵی گرنگتری هەڵبژاردنی کورد و هێزەسەربازی و ستاتۆکەیەتی ئەگەر بەشێوازێکی فەرمیش نەبێت، بەڵام وەک هێزی بنەڕەتی شەڕی دژەتیرۆر لەنێوان تورکیا و یەپەگە و پەیەدە دا ئەمریکا دووەمی هەڵبژارد کە ئەردۆغان خۆی ئەم بژارەی خستە بەردەمی ئەمریکیەکان کاتێک وتی یان ئێمە یان تیرۆرستەکانی کۆبانی! سەرەنجام ئەمریکا بەفەرمی وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە کە ئەوان تیرۆرست نین!.
هەرچی ڕوسەکانە دەیانەویت ئەوەی لە لیبیا لەدەستیان دا لە سوریا و عێراق و تورکیا هەقی بۆ بکەنەوە! بۆ ئەم ئامانجەش ئەردۆغان بەکاردەهێنن! هەمومان دەزانین کە لە لیبیا تورکیا پشتیوانی بەهێزی داعش دەکات! کە قەڵایەکی هاوبەشی ئابوری ڕوسەکان و چین و تورکیاش بو سەردەمانێک، بەڵام پاش ڕوخاندنی قەزافی ئەوپێگەیەیان لەدەست دا! ئەردۆغان لە سایەی سیاسەتی پشتیوانی تیرۆردا لە لیبیا و لە سوریا هەوڵیدا دەستکەوتە سیاسیەکانی بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی لەو دو وڵاتە، بەتایبەتی لەسوریا کە هاوسنورێتی و کورد تێیدا ئەمڕۆ هیزی کاریگەری گۆڕانکاری یەکانن وەک ئاماژەم پێدا، هەروەها بەڵگە ئاشکرا کراوەکانی ویکلیکس تێیدا هاتوە ئەردۆغان داوای پشکی ئیخوانەکانی لە حکومەتی ئایندەی سوریادا لە ئەسەد کردوە! هەروەک چۆن ئەوڕێکخراوەی کردۆتە مەرجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و ئەوەشی بە ئاشکرا بە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیاندوە!کەواتە داعش ئەوڕێکخراوە تیرۆرستی یە ی داردەستی تورکیایە کە وەک داشی شەترەنج بەکاری دەهێنێت! هەروەک چۆن ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک هێزی بنەڕەتی هاوپەیمانی سونەن! بۆیە روسەکان دەتوانن لەڕێگەی تورکیاوە دوبەڵای گەورە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە لە سوریا، کە یەکێکیان داعشە ئەویتر ئۆپۆزسیۆنی سوریایە کە هاوپەیمانی سونە پشتیوانی هەردوکیان دەکات! قازانج کردنی تورکیا بۆ ڕوسەکان لەگەڵ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی سونە هەڵدەوەشێنێتەوە، دۆخی سوریاش ئاسایی دەکاتەوە! هەروەک چۆن تورکیای پێگەی ستراتیژی ناتۆ بەتەواوی دەخاتە ژێر هەژمونی سەرسەخترین نەیاری ئەوروپا و ناتۆ کە ڕوسیایە! هەرچەندە ئەم هەنگاوە مەترسیداریش بیت بەڵام ئەردۆغان بۆ لەسەرپێمانی خۆی و ستاتۆی دەوڵەتەی نەتەوەیی تورک دورنی یە ئەوسەرکێشی یە بکات، هەرچی ڕوسەکانیشە کەوتنە ناو سوریابە هەمو هێزێکی سەربازی خۆیەوە لەهەر هەنگاوێکی بەوجۆرە دودڵ نابێت! مایەی سەرسوڕمان نی یە تیریزا مای سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆتین وەک دوژمنی ئەوروپا لەقەڵەم دەدات!.
دەمێنێتەوە بڵیم، کوردان لە هاوکێشەی ناوچەکەدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن، ئەمریکیەکان پێشتر هەستیان کردبو کە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بەهەرجۆرێک بکەونە سوریا بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان و بەهێزکردنی هەژمونی خۆیان کاردەکەن! ئامانجی بنەڕەتیشیان سەرکوت کردنی کوردەکان و شۆڕشەکەیانە لەڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنیتی بەناوی ناوچەی ئارامەوە، بۆیە ئامادە نەبون هیچ ڕۆڵێک بەتورکیا بدەن لەشەڕی تیرۆردا، تەنانەت باڵوێزی ئەمریکا لەعێراق داوای لە تورکیا کرد هەرچی زووە هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە چونکە ئەمریکا بەهیچ جۆرێک پشتیوانی ئەوهێزە ناکات! کەواتە ئەردۆغان دۆخیکی دروست کردوە لەناوچەکەدا کە یەکلایی بونەوەی دۆخەکە دەکاتە ڕاستی یەکی دەستلێبەرنەدراو! بۆیە بەبڕوای من ئەمریکی یەکان کار لەسەر سوتاندنی کارتەکانی ئەردۆغان بەخیرایی دەکەن! لەئەگەرێکی بەوجۆرەشدا دورنی یە پێگەی کوردان لەناوچەکەدا ببێتە ئەلتەرناتیڤی پێگە ستراتیژی یەکەی ئیستای تورکیا، چونکە ئەودۆخەی ئەردۆگان خوڵقاندوێتی جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکان بۆئەمریکا بژارێکیتر نەماوەتەوە، بەتایبەتی لەکاتێک دا ئەردۆغان هەوڵ دەدات ئێرانیش لەگەڵ ڕوسیا بخاتە هاوپەیمانێتی یە سێقۆڵی یەکەیانەوە، لەدۆخیکی بەوجۆرەشدا ئەمریکییەکان جگە لەکورد و خاکی کوردستان پێگەیەکی تر شک نابەن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوین دا درێژە بە هەژمونی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندی یەکانیان بدەن.

13/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر