ڕیفراندۆم پلانی تێکدانی پرۆژەی ئەدلب و داگیرکردنی باشور

شوان بورهان


هێدی هێدی پلان و ئامانجەکانی پشت بانگەشە و کامپینی ڕیفراندۆم باشتر ڕون دەبێتەوە. لە میانەی دەستپێکی ترافیکی سیاسی سەربازی هەواڵگری نێوان ئێران تورکیا،جەنەراڵ موحەمەد باقری سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە سەربازییەكانی ئێران بە هاوڕێیەتی شاندێكی باڵای سیاسی سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی توركیا دەکات، ئیبراهیم ڕەحیم پوور، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، موحەمەد خاكپور فەرماندەی هێزی وشكانی سوپای پاسداران،غولام ڕەزا میحرابی جێگری هەواڵگری و ئاسایشی ئەركانی گشتی هێزە سەربازییەكان، موحەمەد حەسەن باقری جێگری ڕاهێنانی ئەركانی گشتی هێزە سەربازییەكان، قادر ڕەحیم زادە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری سەربازی و قاسم ڕەزایی فەرماندەی سنوورەكانی ئێران لەم گەشتەدا هاوڕێیەتی سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە سەربازییەكانی ئێران دەكەن
..

ئەم شاندە لەجیاتی ڕوکردنە بەغدا، یان ناردنی شانێک بۆ هەولێر سەردانی ئەنقەرە دەکەن، کەواتە بەدەر لەوەی ئیران و تورکیا دودەوڵەتی سەردەستی کوردستانن و لەسەرپرسی کورد هاوڕان، بەڵام ئێرانیەکان لەو گەمەیە تێگەیشتون کە مایسترۆی کامپینی ڕیفراندۆم ئاک پارتی و ئەردۆغانە! ئێرانی یەکان باش دەزانن ئەوەی داشی ئەم شەترەنجە دەجوڵێنێت، دەستێکە و داشەکە لەخۆیەوە توانا و وزەی ئەوجۆڵەیەی نی یە!

ئەردۆغان و ئاک پارتی سەردەمانێکە لەوڕاستی یە گەیشتون کە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین دیزاینێکە بەدڵی ئەوان نابێت. بۆئەوەش هەمو تاکتیک و ڕێبازێکی سیاسیان گرتە بەر، تەنانەت گەیشتە ئاستی پشتیوانی کردنی ئاشکرای پرۆژەی سونە و پاشان سەری کێشا بۆ پشتیوانی ئاشکرا ی داعش! ئێستاش کە خۆری داعش ڕولەئاوابونە پلانی ئەلتەرناتیڤ تەنها بژارە. چاودێر و ئەنالایزی سیاسی تورکی بەڕێوەبەری نوسین لە ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی دەڵێت پلانگێڕییەکی گەورە دژی تورکیا بەڕێوە دەچێت لە پارێزگای ئەدلب ی سوریا لەژێر چاودێری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، باوەڕی وایە تورکیا ڕوبەڕوی مەترسیدارترین پلانی تێکشکاندن دەکاتەوە لەمێژوی خۆیدا پاش هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری تورکیا.

ئەم پرۆژەیە بەدرێژاییەکی ستراتیژی لە سنورەکانی ئێرانەوە بۆ سەردەریای سپی ناوەڕاست پەل دەکێشێت. لە لێدوانەکەی برێت ماکگۆرگ دا زەنگی یەکەمی بۆلێدرا، کاتێک وتی بەرەی نوسرە و قاعدە لە باکوری ئەدلب هەن و لەڕێگەی سنورەکانی تورکیاوە هاتوچو دەکەن، ئەمریکا بیرلەداخستنی ئەوسنورانە دەکاتە وە.

هەڵبەتە ئیران و ڕوسیا و تورکیا دەربارەی ئەدلب ڕێکەوتنێکیان لەسەر ئاگربەست ئەنجام دا لەماوەی چەند مانگی ڕابوردو، بەڵام کەوتنەڕۆژەڤی بابەتی ئەدلب و لێدوانەکەی ماگگۆرگ، هەروەها ترافیکە فرەڕەهەندەکەی ئێران تورکیا ئاشکرای دەکەن کە پاش ئازادی ڕەققە ڕستی تورکیا لە ئەدلب دەبێتەوە بەخوری!تەنانەت لەئەگەری کەوتنی باکوری ئەدلب دا بەدەستی شەرڤانانی سوپای سوریای دیموکراتی (ق س د) دا ئیتر مانەوەی سوپای تورکیا لە ناوئەوزەوزە سەربازیەی لەنێوان جەرابلوس بۆ با و بۆ عەزاز دروستی کردوە مارژیناڵ دەبێت و تورکیا ناچاری پاشە کشە دەکرێت! ئەوکاتەش بەتەواوی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا لەسوریا کۆتایی دێت.

هاوڕێیەک بۆی باس کردم کاتێک سەردانی بەڕێز جەمیل بایکمان کردوە لەقەندیل لەسەرەتای ڕوداوەکانی سوریادا باسی ئەوەمان بۆ کرد کە هێز و لایەنە سیاسیەکانی باشور و تەنانەت خەڵکیش باسی ئەوەدەکەن با کوردانی سوریا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بن باشتر لەوەی شەڕ دژی ئەسەد نەکەن! لەوەڵام دا پێی وتین، ئەم لیکدانەوانە تیرناکەن و کورتبينن، لەسوریادا هەرکەس شەڕ بباتەوە دەبێتە خاوەن پێگە لەڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێدا! هەرکەسێکیش شەڕ بدۆڕێنێت لە نەخشەی داهاتوی ناوچەکەدا پێگەی لاواز دەبێت، باوەڕدەکەم ئەم گریمانەیە ڕاست دەرچو، لەداهاتوشدا و پاش شەڕی ڕەققە باشتر ڕون دەبێتەوە.

تورکەکان باوەڕیان وایە کە ئەم پرۆژەیەی ئەمریکا بەتەواوی تورکیا لە وڵاتانی عەرەبی دادەبڕێت! لەناوخۆشدا توشی گرفتی گرانی دەکات کە بەبەرژەوەندی پ ک ک دەشکێتەوە! عەبدوڵا ئۆجەلان سیاسەتمەدار و هزرمەندی کورد ساڵی ٢٠٠٤ تەخمینی ئەوەدەکات، ئەگەرچی ئەمڕۆ تورک هەموشتێکە و کورد هیچ! بەڵام تێکۆشانی گەلی کورد بە دەرەنجامێک دەگات کورد دەبێتە هەرشت و تورک هیچ! هەرچەنەدە پ ک ک و ئەمریکا لەڕوی ئایدۆلۆژی یەوە جیاوازبن بەڵام ئەوپرۆژانەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ فیدرالیزە کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بە (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی) وەک چارەسەری لەپەرتوکەکانی دا پێشنیاری کردوە، یەکەمین مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێ بەرهەم هات گرنگی خۆی هەیە، تەنانەت ئۆجەلان بە مۆدێلی خۆزایی وەک دەرەنجامی فرەمۆزایکی ئاین و نەتەوە و ئەتنیک دەبینێت. ئەگەرچی ئەمریکیەکان تێبینیشیان لەسەر پ ک ک هەبێت دیسان پیدەچێت ئەگەر بەخواستی خۆیان بێت یان بە تێگەیشتن لەوپرۆژەیەی ئۆجەلان ئەم مۆدێلە بەچارەسەرییەکی گونجاو ببینن! فیدرالی باکوری عێراق و ئیستاش فیدرالی باکوری سوریا ئەم تەخمینە بەهێزتر دەکات.

ئێرانیەکان و ڕوسەکان لە نیەتی ئەردۆغان و ئاک پارتی باش تێگەیشتون! هەرچی ئێرانە تێکشکاندنی تورکیا بەسەرکەوتنی بەرەی شیعە دەزانێت، خۆهەرچی ڕوسیایە بۆ تورکیایەکی ئەندامی ناتۆ هەرگیز بەهیچ سەرکەوتنێک دڵخۆش نی یە، هەم ئێران و هەم ڕوسیاش دەزانن کە تورکەکان هەموشتێکیان تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەوێت و بۆ هیچ کام لەم دودەوڵەتە هاوڕێ و دۆستێکی سەمیمی نین. بۆیەهەرچی باشوری کوردستان و ئەدلبە دەبنە خاڵی یەکلاکردنەوە ئەم ململانێیەی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمی یەکان! ئەردۆغان گەمەکە لەسەر باشور بەڕیوە دەبات! چۆن وتی لۆزان کۆتایی هات ئاوهاش بەم نزیکانە دەڵیت ئیتیفاقی ئەنقەرە ١٩٢٦کۆتایی هات! ئەدلب پرۆژەیەکی ستراتیژی یە و پێناچێت نەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە کەئەمەش بۆ تورکیا بەواتای گورزیکی کەمەرشکێن دێت! بۆ یە تورکەکان بۆ بەهێزکردن و مانەوەی هەژمونی خۆیان لەسەر ناوچەکە دورنی یە داگیرکردنی باشور وەک داگیرکردنی باکوری قوبرس ساڵی ١٩٧٤ بکەوێتە واری کرداری یەوە و باشور ڕوبەڕوی کارەسات بکاتەوە، لەئەگەرێکی بەوجۆرەشدا دیسان تورکەکان بەودەرەنجامانە دەرباز دەبن کە سەدام حسين لەپاش شەڕی داگیرکردنی کوەیت پێیدا دەرباز بوو.


22/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر