بۆچی بەم دۆخە گەیشتین؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
من باس لە هۆکارە دیارەکانی ئەو دۆخە ناکەم کەچۆن  پەرلەمان بەم دۆخەی ئێستا گەیشت و هۆکارەکانی چی بوون یان چ هێزیک زیاتر تاوانبارە. بەڵکو باس لە هۆکارە بونیادییەکان و فکریەکان دەکەم، چونکە بەبێ تێگەیشتینمان لە هۆکارە فکریەکان. ناچار دەبین هەر ئەو قسانەی پێشوو دوبارە بکەینەوە، کەئێمەوئەوان و ئەوانیش ئێمە تاوانبار دەکەن، بۆیە ئەم جەدەلە بێزەنتیە نامان گەێنیێتە هیچ ئەنجامێک.

بەبێ ناسینی شوناسی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕووی فکریەوە ئەستەمە لەو گەمەیەی ناوی نراوە پەکخستن و کاراکردنەوەی پەرلەمان بگەین، ئەو هێزە کە بزوتنەوەی گۆڕانە، هێزێکی ڕادیکاڵەو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات باوەڕی بە هە موو جۆرە ڕیگایەک هەیە. تەنانەت زۆر جار ئانارشیزم بەرێگایەکی باش دەبینێت بۆ گەیشتن بەدەسەڵات. ئەو هێزە لەبەرئەوەی هێزێکی ڕادیکاڵە ئەوەندە بەپەلە و هەڵپەی گەیشتن بە دەسەڵاتە. سڵ لە هیچ رێگایەک و هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هیچ هێزێک ناکاتەوە، ئەگەر چەندیش پێچەوانەی ئایدیاو هزری خۆشیان بێت. لای ئەوان گرنگ ئەوەیە بگەنە دەسەڵات. بۆیە دەبینین لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی هەشت بۆ ئەوەی بگەنە ناو حکومەت چەند نەرمو شل بوون. بەڵام دوای ئەوەی دەتوانن هەژمونی خۆیان بەسەرلایەنەکانی دی بسەپێنن، پشت لە پارتی دەکەن. و ئیدی خۆیان وەک هێزێکی بێ منەت پیشانی خەڵک ئەدەن. ئەگەرنا هەر ئەو هێزە دوو ساڵ بەرلەو مێژووە پارتی بەخائین دائەناو لە خۆپیشاندانی حەڤدەی شوبات داوای لەسێدارەدانی بەرپرسە باڵاکانی ئەو حزبەی دەکرد. ئەی چۆن دوای دووساڵ هاتنە ناو ئەو کابینەیەی کە هەر ئەو حزبەی ئەوان بەڕۆژی روناک بە خائییان دەزانی. سەرۆکایەتی دەکرد.

خولیاو ئارەزوی ئەو هێزە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات بەجۆرێکە بەهیچ شێوەیەک نەیانتوانی چاوەڕێی خولێکی تری هەڵبژاردن بکەن . خۆی بەشداری حکومەتێک بوو کە بەهیچ شیوەیەک باوەڕی پێ نەبوو. هێزی وا یان ئەبێ خۆی بەتەنیا دەسەڵات وەرگرێ، یان ئەبێ ئۆپۆزسیۆن بێت. ئەو هێزە نەفسی کورتە و ناتوانێ ئۆپۆزسۆن بوون بۆ ماوەیەکی درێژ قبوڵ بکات، له هەڵبژاردنەکانیش ناباتەوە . ناشتوانێ هەموو جەماوەری کوردستان بەکاربێنێ و ئەو دەسەڵاتە ڕاماڵێ و خۆی ببێتە دەسەڵات. بۆیە کەوتۆتە ناو ئەزمەیەکی قوڵ هەم لەگەڵ
 خۆی و هەم دەسەڵات و جەماوەریش. بۆیە دەبینن هەر ناوچەیەک بەقسەی ئەوان خۆپیشاندانی تێدا نەکرێت بە ترسنۆکی دەزانن. ئەوەنییە ڕۆژانە تانەو تەشەر لە خەڵکی هەولێر و دهۆک دەگرن. یان هەر حزبێک وەک خۆیان نەبێت بە ترسنۆکی دەزانن. هەر حزبێک رادیکاڵ بێت، خاوەن هەر هزرێک بێت بۆ ئەوان گرنگ نییە. هەربۆیە دەبینین چەند لەگەڵ حزبێکی رادیکاڵی ئیسلامی وەک کۆمەڵ تەبان. بەڵام یەکگرتوو بەحزبێکێ ترسنۆک دەزانن، چونکە یەکگرتوو حزبێکی ڕادیکاڵ نییەو ریفۆرم خوازو ناتوندو تیژە.

ئەوان باوەڕیان وایە ئەگەر نەتوانن لە ڕێی هەڵبژاردن بگەنە دەسەڵات،ئەوە دەبێت جەماوەر بەکاربێنن و راپەڕینێکی خوێناوی ئەنجام بدەن ،بۆ گەیشتن بەدەسەڵات. چەندڕۆژیک بەرلە ئێستا کاک عەدنان عوسمان لە وتارێکدا ئاشکرای کرد. کە دەبێت هاوشێوەی ئیمام خومەینی و لێنین لە هەرێم شۆڕش بکەین. بەڵام پێویستە بپرسین ئەو هەردوو شۆرشەی ئەو دوو سەرکردەیە چیان بۆ وڵاتەکەیانکرد، شۆڕشی ئۆکتوبەر جگەلە چەوساندنەوەو نەهامەتی چی بۆ خەڵکەکەی هێنا. ئەوی تریشمان لەبەرچاوە دەبینن چ جۆرە ژیانێک دەژین.

دەرنجامی ئەو لێکەوتانەو پێدراوانەی لەبەر دەستن. پێمان دەڵێن ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانیین پێکەوە لە ناو یەک حکومەت و دەسەڵات بین یان ئەبێت ئەوان ئۆپۆزسێۆن بن و ئێمە دەسەڵات یان ئێمە ئۆپۆزسێۆن و ئەوان دەسەڵات،  چونکە دوو فکری زۆر لێک جیاوازین. نمونەی ئەم جۆرە بزوتنەوانە لە مێژوودا گەلێک زۆن و لەسەرەتای دورست بونیانەوە خۆیان وەک هێزێکی دادپەروەرو دیموکراسخواز پیشانداوە. بەڵام لە کۆتایدا خەڵک هەزار جار خۆزگەیان بەڕابردوخوازتووە. دەرسەکانی مێژوو پێمان دەڵێن هەر گەلێک وشیار بێت نابێت لەو هێزانە باوەڕ بکرێت کە موژدەی بەهەشتمان دەدەنێ. لە دواجاردا بوونتە هێزی سەرکوتکارو دیکتاتۆر. باوەڕدارە ڕادیکاڵەکانی ناو مێژوو هەمویان بونەتە بەڵا بەسەر گەلەکانیانەوە. هەر هێزیک هەموو حەقیقەتی لای خۆی بینی، ئەبێ نیشانەی پرسیاری گەورەو گومانی گەورەی لێبکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە خوێنەر پرسیاری ئەوە بکات، ئەی چارە چییە؟ لەکاتێکدا دەبینین گەندەڵی بەردەوامەو ناڕوونی لەهەموو کایەکاندا هەیەو خەڵک لە ژیانێکی سەختدایە، ئەوەی من بەچارەسەر دەبینم بۆ دۆخێکی وەک ئێمە ئەوەیە، کە گۆڕان لە ئێستا ببێتەوە ئۆپۆزسۆن و واز لە دەسەڵات بێنێت چونکە ئێمەو ئەوان ناتوانین جارێکی تر لە ناو یەک حکومەت بین. تا هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر ئێمە توانیمان کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەین، ئەوە بۆ ئێمەباشتر ئەگەر نەشمانتوانی، خۆ ئەوە خەڵک لە ڕێگای هڵبژاردنەوە با سزای ئێمەبدات و ئەوانیش خەڵات بکات و پیرۆزیان بێت. جگەلەم بژاردەیە پەنا بۆ هەر بژاردەیەکی تر ببەن هەڵەیەکی کوشندە دەکەن 


15/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر