کێ براوەیە لە سیاسەت؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر



سیاسەت کۆمەڵێک بیروباوەڕو رێسایە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک، یان رێکخستنی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کومەڵگە و دابەشکردنەوەی داهاتەکانە، ئەمانە و گەلێک پێناسەی تریش بۆسیاسەت هەن، بەڵام کورتیەکەی کردەیەکە لە پێناو چاکەوبەرژەوەندی گشتی، هەرکات سیاسەت لەوەکەوت گوزارشت لە بەرژەندی گشتی بکات، دەبێتە کردارێکی دژە مرۆڤایەتی و چیتر پێی ناگوترێت سیاسەت، بەڵکو دەبێتە کارێکی چەتەگەریانە بۆ دەست بەسەرداگرتنی داهاتی خەڵک، هیچ سیاسیەک دووچاری هەڵە نابی گەر نیازی خزمەتی بەرژەوەنی گشتی بێت، هەموو ئەو سیاسیانەی هەڵەیان کردووە، لە بەرژەوەندی خەڵک لایانداوە، دواجار خۆیان و کۆمەڵگەکەشیان رووبەروی کێشەی گەورە کردۆتەوە، ئەوکاتە مرۆڤی سیاسی هەڵە دەکات، کاتێک دەیەوێت سنورێک لە نێوان بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی خەڵک دابنێت، لە رۆژئاوا بۆ ئەوەی مرۆڤ بەلای بەرژەوەندی خۆیدا نەشکێتەوە، کۆمەڵێک یاساو دەزگای لێپێچینەوەی داناوەو کەس ناتوانێت بەسەریاندا باز بدات، وەک ئەوەی  دەبینین لە ئەمریکا مانگی داهاتوو سەرۆکی وڵات دۆناڵد ترامپ دادگای دەکرێ لەسەر بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، چونکە ئەو مافەی نییە، سیاسەت بکاتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەڵکو پێویستە لەسەری خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات، بە درێژای مێژووش هەموو ئەو دەسەڵاتدارانەی سیاسەتیان لە پێناوی خۆکردووە هیچ سوودێکیان لێ نەبینەوە یان کەوتونەتە بەر نەفرەتی خەڵک یان نەفرەتی مێژوو، ئەو بڕە داهاتەی بۆخۆشیان پچڕیوە دواجار نەبۆتە هۆی ئاسوودەییان. براوە لەسیاسەت ئەو کەس ولایەنەیە کە دەتوانێ تاسەرهیچ جیاوازیەک لە نێوان بەرژەوەندی خۆی و خەڵک نەکات، بۆیە مرۆڤ بیری لەوەکردوە سیستەمێک یان ئامرازێک دابنێ بۆ رێ گرتن لە دەسەڵاتدارێک کە نەتوانێ سیاسەت لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێ، سەرەنجام سیستەمی دیموکراتی داهێنا بۆ لێ پرسینەوەو لێ پێچینەوە لە سەرۆک و سکرتێرو مەلیکەکان، چونکە بەبێ بوونی ئەم ئامرازە لە مێژوودا کەم دەسەڵاتدار هەبووە چ ئاینی و چ دنیایی توانیبێتی لە خۆیەوە کەسێکی دادگەر بێ و بیر لە بەرژەوەندی خۆی نەکاتەوە، زۆرتریشیان ئەوانە بوونە کە بە ناوی ئاین و خودا حوکمیان کردووە، بۆیە مرۆڤ دوای ئەزموونێکی زۆر و چەشتنی تاڵاوێکی زۆربە دەستی ئەو دەسەڵاتدارانەوە، ئینجا بیری لە داهێنانی سیستەمی دیموکراتی کردۆتەوە.

 

 
 کاتێ کە سەرکردە هیچ گوتارێکی پێ نامێنێ بۆ خەڵک و ناشیەوێ دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی ببێ، هیچ رێگایەکی تری نامێنێ جگەلەوەی بەزۆرخۆی نەسەپێنی، ئەم رێگایەش پێویستی بە لێدان و گرتن و کوشتن هەیە، وەک چۆن ئەمڕۆ لە عیراق و سوریا روودەات، دەبینین چینی سیاسی هیچ قسە و گوتارێکی پێ نەماوە بۆ خەڵک و توانای چاککردنی باروودۆخیشی نییە، لەهەمانکاتیشدا نایەوێ بڕوات و دەیەوێت بمێنێتەوە، بۆ مانەوەشی پەنای بردۆتە بەرکوشتن و رفاندن، لەو باوەڕەدان کەبەم رێگایە دەتوانن بمێننەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم رێگایە تەمەنیان کورت تر دەکاتەوە، ئەگەر مانەوەش تا ماوەیەکی کەم ئەوە سەرەنجام رۆیشتنەکەیان بە ئازار تر دەبێ بە دەستی گەلێکی تینوو بە خوێن، ئەم گەلانە ئەوەندە تووندوتیژیان بەرامبەرکراوە لە وە دەرچووە بتوانن تۆزێک لێبوردەبن، چونکە بە درێژایی مێژوو هیچ دەسەڵاتێکی لێبووردەی بە خۆوە نەبینوە.

 

 
 یەک تروسکای هیوا مابێت لە عیراق ئەویش سەماحەتی عەلی سیستانیە، بە ڕاستی سیاسیەکی داناو بە ئەزموونە وێڕای پێگە ئاینیەکەی، كە بتوانێت بەر بەو خوێن رژانە گەورەیە بگرێت کە بە ڕێوەیە لە عیراق، ئەگەرنا هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن: عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەڕوات، سیستانی کەسێکە لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکە بەو سیاسەتە لەسەرخۆیەی دەیەوێت هەم دەوڵەت لە کەوتن بپارێزێ و هەمیش بەرژەوەندی خەڵک بێتەدی، لە رێگای کودەتایەکی سپییەوە، تاچەند سەرکەوتوو دەبێت لە بەردەوامی ئەو سیاسەتە، ئەوە رۆژانی داهاتوو ئەو وەڵاممان بۆ روون دەکاتەوە.


27/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر