سەردەمی دوای قاسم سلێمانی

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

کوشتنی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس یەک لەو پێشهاتە مەترسیدارانەبوو کە دوو رۆژ بەرلە کوشتنیان، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشبینی کردوو حکومەتی عێراقی لە دۆخێکی وەها ترسناک ئاگادارکردەوە، کە نابێ بەهیچ شێوەک هێرش بکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا، ئەگەرنا باجەکەی قورس دەبێت، ئێستاش ئێمە لە سەردەمی دوای قاسم سلێمانی دەژین، کە هیچ لە و کاتانە ناچی کە سلێمانی حاکمی کردەنی عێراق بوو، پێویستی بە جۆرێکی جیاوازتر لە سیاسەت کردن هەیە لە عێراق، دۆخەکە سەبارەت بە ئێران وەک خۆیەتی و سلێمانی نا ئاقانی، زۆر لە دۆخەکە ناگۆڕێ، بەڵام بۆ عێراق دۆخەکە وانییە، ئایا لە دوای ئەم رووداوانە دەسەڵاتدارانی عێراق دۆخەکە هێوردەکەنەوە یان ئاڵۆزتری دەکەن؟ ئاماژەکان دیارن کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ، چونکە ناتوانن رێ لەو میلیشیانە بگرن بۆ هێرش کردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا.

 

لەوەش زیاتر هەوڵدەدەن لە رێگای پەرلەمانەوە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بدەن، و رێكکەوتنی ستراتیجی و ئەمنیش هەلبوەشێننەوە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی بەغدا چیتر لە دۆخێکدا نیین بتوانن بە ناوی گەلەوە بڕیاربدەن، چونکە دوای خۆپیشاندانەکان دەرکەوت شیعەکانیشیان لەگەڵ نیین، نەک هەر کوردوو سوننە، بۆیە دەکەونە بەردەم دوو بژاردە، یەک لە یەکیان تاڵترە، بەڵام بەپێی ئەوپێدراوانەی لەبەر دەستن.

 

ئەوان لەسەر سیاسەتی ئێستایان بەردەوام دەبن، چونکە دوای ئەو هەموو خوێن رشتنە ناتوانن لە گەڵ شەقام ئاشت ببنەوە، بۆیە زیاتر هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەدەن بە ئاراستەی سیاسەتی ئێران، چونکە ئەو میلیشیانە راستەوخۆ فەرمان لە تاران وەردەگرن، تارانیش لەو رۆژانەی داهاتوو هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدات، هەرنەبێ بۆرای گشتی ئەبێ هەنگاوێک بهاوێژن، بۆ لێدانی راستەوحۆی هێزەکانی ئەمریکا یان لێدان لە بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانی، هەرچەندە ئەمریکا دەستەوەستان ناوەستێ و بەرەنگاریان دەبێتەوە، لە کاتی کوشتنی هەر ئەمریکییەک، چونکە ترامب و پومپیۆ ئەمساڵ هەردووکیان لەبەردەم هەڵبژاردندان، هەر زیان گەیاندنێک بە ئەمریکاو بەرژەوەندیەکانی کاریگەری دەبێت لە سەر هەڵبژاردنەوەیان، بۆیە زۆر بە تووندی وەڵامی ئێران و ملیشیاکانیان دەدەنەوە،  کوشتنی قاسم سلێمانیش کۆتایی بە شەڕی وەکالەت هێنا، و هەرپەرەسەندنێکی تر رووبدات شەڕەکە دەبێتە راستەخۆ، بۆیە حەقە کوردوو سووننە حکومەتی عێراق ئاگادار بکەنەوە ئەگەر راست بێت ئەوان بەشدار بن لە حکوومەت، نابێ لایەنێک بەتەنها سیاسەتی عێراق دیاربکات، و بەپێی بەرژەوەندی یەک دوو حزبی مەزەبی بجولێنەوە، بەڵام دیارە لەوە دەرچووە ئەوان گوێ لە کوردو و سووننە بگرن.

 

پێیانوایە تەنها مووچەیە مافی  کوردو سووننە لەو عێراقە، نەک بەشدار لە بڕیاری سیاسی، پێم سەیرە تاکو ئێستا وەزیرێکی کوردوو سووننە لە حکومەتی عێراق نەبووە پێیان بڵێن: ئەرێ باشە ئێوە بۆ ئەو وڵاتە وەها دەسووتێنن بۆ بەرژەوەندی خەڵکی تر؟ بۆ سیاسەتێکی بێ لایەن بەڕێوە نابەن؟ ئایا ئەم وەزیرانەی ئێمە تەنها بۆمووچە لەوێن و هیچی ترنا؟ هیچ میدیایەکی ناوخۆو وبیانی رۆژێک لە رۆژان نارەزایی وەزیرێکی کوردوو سووننەی بڵاو نەکردەوە لەسەر بابەتێک، بڵێن: ئەمەش تێڕوانینی ئێمەیە وەک کورد یان هەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیام نەبووە، ئەگەرنا رۆژێک هەرگوێمان لێ دەبوو. لە بارەی سووننە ئەوە دەزانین وەزیرەکانیان بوونەتە سووننەی شیعە، بەڵام خۆ ناشێ بڵێین: ئەوانەی کوردیش وەیان لێهاتووە.

 

 
رۆژانی داهاتوو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ هرچەندە ئەمەریکا هەوڵی هێوربوونەوە دەدات، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە هەوڵی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دوای کوشتنی سلێمانی و موهەندیس ئیتر لەوە تێدەگەن کە ئەمریکا گاڵتەیان لەگەڵ ناکات، و عێراقیش وا ئاسان جێناهێڵێ و بەتووندی بەرەنگاریان دەبێتەوەو سەردەمی دوای کوشتنی قاسم سلێمانیش جیاوازتر دەبێ.


06/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر