ئایندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چی دەبێ؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر



نەک هەر عێراق هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن مێژوویەکی دێرینی ململانێی نێوان زل هێزەکانە، دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەم ململانێیە بۆئەمریکاو سۆڤیەتی پێشوو یەکلابووەوە، دوای نەمان و روخانی سۆڤیەت، گۆڕەپانەکە بەتەنیا بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی مایەوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو هێزێکی تری خۆجێی بە ناوی ئاینەوە دروست بوو، دەیەوێت ناوچەکە هەمووی بخاتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتییەوە، ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە دروشمی شۆڕش و رزگارکردنی چەوساوەکانی هەموو جیهانی بڵند کرد، کەوتە ململانێی ئەمریکا لەرێگای دروست کردن و یارمەتیدانی هێزە ئیسلامیە رادیکاڵەکان، بە هەموو باڵەکانییەوە، هەرچەندە پێش ئێرانیش ئەمریکا بۆ دژایەتی سۆڤیەت یارمەتی ئەو هێزە ئیسلامیانەی داوە، ئەو هۆکارەی وای کرد ئێران لەم ململانییەدا زوو نەکەوێتە سەرپێ، شەڕی عێراق بوو، بەعس بە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عەرەبی و پاڵپشتی هێزە رۆژئاواییەکان کەوتە شەڕێکی قورس لەگەڵ ئێران، سەرەنجام توانی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، بەڵام کاتێ بەعس لە دۆستە دێرینەکانی وەک ئەمریکاو بەریتانیا هەڵدەگەڕێتەوە، ئیدی ئەو دەسکەوتانەشی لە دەست دەدا کە لە شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران وە دەستی هێنابوون، هەردوو هێز بەعس و ئێران تاڕادەیەکی باش ململانێ کانیان دواخست لە پێناوی دژایەتی ئەمریکا.


 دوای نەمانی بەعس ئێران زۆرترین قازانجی کرد، وڵاتێکی گرنگی وەک عیراقی خستە ژێر هەژموونی خۆی و توانی پێگەو دەسەڵاتەکانی لە هەموو ناوچەکە بەهێزتر بکات، زیاتر لەمەش هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا، چونکە ئێران دەزانێ تەنیا بە گوتاری ئاینی و هاوپەیمانی مەزهەبی ناتوانێ بەتەواوی هەژموونی خۆی بسەپێنێ، بۆیە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دەستکەوتنی ئەم چەکە، بەم هۆیەوە پاساوێکی باشی دایە دەست ئەمریکا بۆ ئەوەی گەمارۆی ئابوری بەسەردا بسەپێنێ و ناچاری خۆبەدەستەوەدانی بکات، بۆیە دەبینین ململانێیەکان لە ئێستا گەیشتونەتە ئەوپەڕی و بۆنی تەقینەوەی لێ دێت، هەرچەنده ئێران بەهیچ شێوەیەک ناویەوێت جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات، تا کو ئەم چرکە ساتە ئێران تا رادەیەک پێگەکەی لە ئەمریکا بەهێزترە و توانیویەتی سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ئەمریکا دروست بکات، و لە عێراقدا بەتەواوی هەوڵەکانی خستونەتە گەڕبۆ دەرکردنی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، هەرچەندە ئەم کارەی زۆر زەحمەتە و ئەگەر توانی ئەمە بکات سەرکەوتنی گەورە لە هەموو ناوچەکە بەدەست دێنێ، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ناوخۆی و پاڵپشتی نەکردنی کوردو سووننە و ناڕەزایەکانی خودی شیعەکانی عێراق و دابەشبوونیان بەسەر شیعەی مەزهەبی و شیعەی قەومی، وا دەکات لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبێ، لانی کەم تا ئەم ئیدارەی کۆماریەکان بەتایبەتی ترامپ، تا ما بێت نە دەتوانن ئەمریکا دەرکەن نە چەکی ئەتۆم بەدەست بهێنن، تەنها هیوایان لەسەر هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەمریکا هەڵچنیووه، چونکە هەمیشە سیاسەتی هەردوو حزب لە رووی تەکتیکیەوە جیاواز بووە، دیموکراتەکان زیاتر ململانێی روسیا لە پێشتر دادەنێن، ئێران بە پلەی دووەم، بەڵام کۆماریەکان ئێران بە مەترسی پلەیەک دەزانن دواتر رووسیا، بۆیە ئیدارەی ئۆباما رێککەوتنی لەگەڵ کردوون و تا ڕادەیەکی باش دەستی ئێرانی واڵاکردبوو لە هەموو ناوچەکە.


لەناو ئەم کێشمە کیشەدا هەرێمی کوردستان پێگەکەی بەهێزدەبێ وەک ئێستا دەبینین، بەمەرجێک بتوانین هاوسەنگیەک رابگرین خۆمان بەتەواوی بۆ هیچ لایەکی ناکۆک یەکلانەکەینەوە، چونکە هەردوو لا زۆر پێویستیان بە ئێمەیە و هەوڵدەدەن سوود لەو پێگەیە وەرگرن، لە هەمووشی گرنگتر یەکگرتووی گوتاری سیاسی هەرێمە، هەرچەند تاكو ئێستا سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی یەک گوتاری ناوخۆی هەرێم بپارێزێ و رۆڵێکی بەرچاو لەم بوارەدا دەگێڕێ. چونکە ئەوەی قوربانی ئەم ناکۆکیانەیە گەلانی ناوچەکەن، بە تایبەتی گەلی کوردستان ئەگەر وشیار نەبین دەبینە سووتەمەنی ئەو ململانێیە، وەک چۆن بەدرێژای مێژوو کورد بۆتە قوربانی، زۆر جاریش لە سەر پێستی ئێمە رێککەوتوون، تا ماوەیەک ناکۆکیەکانیان هەڵپساردوون، یان گریمانەی ئەوە هەیە رووی ناکۆکیەکان جارێکی تربەگۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا روولە روسیا و چین بکاتەوەو ئێران لە سەرووی لیستەکە نەمێنێ، هەموو ئەو گریمانەو ئەگەرانە بە زیادەوەش لە ناو جیهانی سیاسەتدا هەن.

 ئەوەی خاڵی لاوازی  وڵاتانی بەرهەڵستکاری ئەمریکایە، پەیڕەوکردنی سیاسەتی خراپە، لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیان، وەک نەبوونی ماف و ئازادیەکان، ئەو وڵاتانە بەرلەوەی لە دەرەوە بشکێن لە ناوەوەدا دەروخێن، وەک سۆڤیەتی جاران، بۆیە هیچ وڵاتێک تاسەر ناتوانێ رکابەرایەتی ئەمریکا بکات، نەک لەبەر هێزەکەی لەبەر سیاسەتە دیموکراتیەکەی ناوخۆی. بۆیە من لەو بڕوایەدام ئەمریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ ناهێڵێ، لە ناویشیدا عێراق لەم دۆخەدا جێناهێڵێ، رەنگە بوون و مانەوەی بە شێوازی ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا بێت و جۆرێک لە رێککەوتنێکی تر لەگەڵ عێراق ئەنجامبدەن، بەڵام ناهێڵن ئەوەی قاسم سلێمانی بەزینددوی پێی نەکرا بەمردووی بیکات.


20/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر