بنیاتنانی ئیمپراتۆریەت لە سەردەمی کۆڕۆنا

فه‌رحان جه‌وهه‌ر



ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ، هەموو جیهانی یەکخست و چیتر سەرزەمینێکی ئارام نامێنێتەوە پێی نەگات، ئەگەر وشیاری و سیستەمێکی تەندروستی چاکت نەبێ، ئەوە دەتوانێ لە رەگەوە هەڵتتەکێنێ و بەوڵاتێکی فاشیل ئەژمار دەکرێی،  کۆمەڵگەی نێودەڵەتی متمانەیان پێت نامێنێ، لەوەش خراپتر رەنگە هەر لە ناو بچی.

سەرنجی وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران بدەن، چەندین ساڵە خۆش گوزەرانی و تەندروستی میللەتەکەی کردۆتە قوربانی خەونی پێکەوەنانی ئیمپراتۆریەتێکی مەزن لە ناوچەکە دا، زۆربەی داهاتەکەی لە کڕینی چەک و هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوەکی و هاوکاری گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی سنووری خۆی وپاراستنی رژێمە دۆستەکانی وەک سوریا ویەمەن وعراق ولوبنان خەرجکردووە، بەهاوڵاتیانی خۆی دەڵێت: هەرچی خەون و خولیای خۆشی ژیانتان هەیە دەبێ قوربانی ئەم ئاواتە هێشتا بەدینەهاتووەی بکەن ، سەرەنجام فایرۆسی کۆڕۆنا خەریکە ئەم هیواو ئاواتەی سەرەوژێردەکا، هەموو ئەو وڵاتانەی کە ساڵانێکی زۆرە پارەی لێ سەرف دەکا و وەک قەڵمرەوی دەسەڵاتەکەی سەیریان دەکات، کەچی دەبینی بەهۆی ئەو فایرۆسەوە سنورەکانیان لەگەڵ دادەخەن و هەرچی لەووڵاتەش بێت و بگەڕێتەوە خەڵک بە نامۆ سەیری دەکات، تەنانەت ئەو شوێنە پیرۆزانەش کە خۆی بەخاوەنی دەزانی لەبەردەمی داخراون، سەرباری زیانێکی ئێجگارگەورەی ئابوری پێگەیاندووە، لەسەر ئاستی جیهانیش وەک وڵاتێکی لاوازو فاشیل سەیر دەکرێ، جونکە ناتوانێ بەسەر ئەو پەتایەدا زاڵبێ و هاوڵاتیانی بپارێزێ وخزمەت گوزاری تەندروستیان بۆ دابین بکات، لە ناوخودی وڵاتیشدا هاووڵاتیانی خۆی رێز بۆ وەها حکومەتێک دانانێن، کە نەتوانێ پارێزگاریان لێ بکات، چیتر باوەڕیان بەو خەون و ئومێدە نامێنێ کە ساڵانێکی زۆرە دەرخواردی هاووڵاتیانی دەدات بۆ بنیاتنانی ئیمپارتۆریەتێکی مەزن، وگەڕانەوەی شکۆی لەدەست چووی جارانی.

 
توركیاش بەهەمان شێوە چەند ساڵێکە خەون و خولیای گەڕانەوەی شکۆی رابردووی، لە پەلهاوێشتنی بۆ دەرەوەی سنووری نوێی دەبینێتەوە، لەو باوەڕەدایە بەم کارەی دەتوانێ داهات و نفوزێکی زۆرتر کۆ بکاتەوە، و ئیمپراتۆریەتی جارانی بۆ بگەڕێتەوە، ئەمەش هەمووی لەسەر حسابی بەختەوەری و ژیانی هاووڵاتیانی خۆی کەوتۆتەوە،  بەهای دراوەکەی بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزیوە، تا ئەو لەدەرەوەی سنورەکەی دەستکەوتێک وەدەست دێنێ، لەناوەوە پێگەکەی لاواز دەبێت و رەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتوو پاشەکشیەکی زۆربكات. بۆیەهەموو ئاماژەو پێدراوانەی سەروە ئەومان پێدەڵێن: ئەم سەردەمە سەردەمی تاک و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانە، وچیتر هاووڵاتی ناتوانی بەختەوەری خۆی و خێزانی، بکاتە قوربانی ئامانجێکی دوور مەو دای وەدی نەهاتوو و نادیار، ئەم سەردەمە هاووڵاتی شکۆی خۆی لە ئازادی و خۆشگوزەرانی دەبینێتەوە، نەک دروشم و خەونی پێکەوەنانی ئیمپراتۆریەت و گەڕانەوەی شکۆی ونبووی نێو لاپەڕەکانی مێژوو،  كۆڕۆنا پێی گوتین هێز لەبوونی تاکێکی وشیارو سیستەمێکی تەندروستی باشدایە.


14/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر