لە یادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


بنەماڵەی بەدرخانییەکان دوای شکستی راپەڕینەکەیان لە باکوری کوردستان وازیان لە تێکۆشان بۆ رزگاری نەتەوەکەیان نەهێناوە، تەنها ئامرازی تێکۆشانیان گۆڕیوە ئەویش دەستکردن بە  خەباتی سیاسی بووە ،  بۆیە میقداد مەدحەت بەدرخان ساڵی 1898 لە قاهیرە یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان دەرکردووە، ئەوکاتە هەموو ناوچەکە لە ژێر دەستی ئێمپراتۆریەتی عوسمانی بوو، تەنها مسر نەبێ  ئەویش بەهۆی یاخی بوونی محمد عەلی پاشا کە ئەفسەرێکی سوپای عوسمانی بوو ، سەربەخۆیی مسری لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی راگەیاندوو بووە پاشای ئەو وڵاتە ، ئیدی به هۆی ئەو ناکۆکییە مسر شوێنی حەوانەوەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بوو کە دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون. 


رۆژنامەگەری کوردی بەهەژاری و نەبوونی لە تاراوگە لە دایک بووە، بۆیە رووبەرووی جۆرەها کێشە بۆتەوە ، هەر جارێک لە شوێنێک و ناوچەیەکی دوورە دەست لە زێدی خۆی دەرچووە، سەرەڕای ئەوەی بۆ نەتەوەیەک بووە سەرەپای كۆمەڵگەکەی نەخوێندەوارو ژێر دەست بووە و هەستی نەتەوەیی ئەگەر نەڵێم نەبووە ئەوا هەر زۆر لاوازبووە ، لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە خودی تورکەکانیشەوە هیچ نەتەوەیەک ئەوەندەی کورد خەمی بۆ روخانی ئەو ئیمپراتۆریەتە نەخواردووە ، سەرە ڕای دابین نەکردنی هیچ مافێک بۆ کورد ئەمە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە هەستی نەتەوەیی لای کورد لە چ ئاستێک بووە .


 رۆژنامەگەری کوردی لە مێژووی تەمەنی خۆیدا لە چەند وێستگەیەکدا   گەشەی باشی کردووە یەکەمیان لە سەردەمی حوکمەتی شێخ مەحمود بووە ،  بەدرێژای حوکمڕانیەتی شیخ لە سلێمانیدا رۆژنامە دەرچووە و منەوەرەکانی کورد تیاندا نووسیووە ،  هەرچەندە رۆشنبیرەکان رەخنەی زۆریان لە ئەدای حوکمەتی شێخ هەبووەو بە گرنگی نەدان بە ڕای رۆشنبیران ئازادی را دەربڕین تاوانباریان کردووە ، هەروەها وێستگەی دووەم کۆماری کوردستان بووە لە مهاباد ،  لەو سەردەمەشدا هەرچەندە کورت بووە ، بەڵام گرنگی بە دەرچوونی رۆژنامە دراوە ، وێستگەی سێیەم دوای بەیانی 11 ی ئازار بوو ،   ماوەیەکی گرنگ بووە بۆ رۆژنامەگەری کوردی و بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە ، دوای ئەوەش لە بەغدا و لەناو شۆڕشی کوردیشدا  تا راپەڕین رۆژنامەو گۆڤاری کوردی هەر دەرچوونە و گەشەیان کردووە ،   دوای ئەو وێستگەیە ئیدی قۆناغی زێڕینی رۆژنامەگەری لە دایک دەبێت و تا ئێستا بەردەوامە ،  کە دەکاتە 29 ساڵی رەبەق لەسەریەک و بێ بچڕان بە هەموو جۆرەکانیەوە بەردەوامە لە دەرچوون ، لەم قۆناغەی ئێستادا رۆژنامەگەری کوردی چۆتە ئاستێکی زۆر باڵا بە بەراورد بە قۆناغەکانی رابردوو لەسەر هەموو ئاستەکان یەکەم جارە کورد دەبێتە خاوەنی رۆژنامەی جۆری بینین ئەویش تەلەفزیۆن و سەتەلایتە ،  لەم ساڵانەی دوایشدا رۆژنامەی ئەهلی و  وئەلیکترۆنی پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆوە دیتووە، ئەم قۆناغەش بێ کێم و کاسی نەبووە ،  رۆژنامەنووسان بەدەست چەندین گرفتەوە ناڵاندویانە هەروەها کێشەی زۆریان لەگەڵ حکومەت هەبووە و حکومەتیش بەهۆی کارکردنی ناپیشەیانەی زۆرێک لە رۆژنامەنووسانەوە دووچاری سەر ئێشە بووە ،  زۆرجاریش دەسەڵات پەنای بۆ تووندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان بردووە  یان بەهۆی سکاڵای یاساییەوە تەنگ بە رۆژنامەنووسان هەڵچنراوە ، هەرچەندە لە کوردستان یاسایەکی زۆر پێشکەووتوو و  سەردەمیانە بۆ کاری رۆژنامەگەری کوردی  بە رێنمایی و پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی لەساڵی 2007 لە لایەن پەرلمانی کوردستانەوە دەرچووە ، بەڵام هەندێک  جار دادوەرەکان کاریان بەم یاسایە لە کاتی یەکلاکردنەوەی کەیسی یاسایی دژی رۆژنامەنووسان نەکردووە ،  پەنایان بۆ یاسای سزادانی عراقی بردووە ،  ئەمەش بۆتە جێگەی گلەیی و رەخنەی رۆژنامەنوسان ،  پێموایە ئەم جۆرە کێشانە لە بواری کاری رۆژنامەنووسی بۆ میللەتێکی وەک ئێمە کە خاوەن باگراواندی حوكمڕانی و کاری زۆری رۆژنامەنووسی نین ئاساییە ، پێویستە ئەم جۆرە کێشانە نەبنە هۆی ئەوەی هەموو ئەو تابلۆ گەورەیە نەبینن کە زۆر رەنگاورەنگە لەم بوارەدا.

22/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر