کازمی لە پاریس نەهاتبوو

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکە خاوەنی ۷۵ گروپی ملیشیاییەو رۆژانە هەڕەشە لە سەروەری وڵات و داودەزگاکانی حکومەت دەکەن ، خەڵکی رۆشنبیرو میدیاکاران و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەفڕێنن و دەیانکوژن ، هێشتا خوێنی هیشام هاشمی میدیاکاری بەناوبانگی عیراق لە بەغدا و خوێنی دکتۆرە رەنا لە بەسرا وشک نەبۆتەوە وکەسیش لەسەر ئەم تاوانە دەستگیر نەکراوە ، دڵنیام کازمی و حکومەتەکەی شوێنێ ئەو کەسانە دەزانن و دەبینن ، هەروەها کازمی سەرۆک وەزیرانی سێیەم گەندەڵترین وڵاتی جیهانەوخزمەتگوزاری تەندروستی و ئاو پەروەردەو رێگاوبانی تێدا وێرانە ، لە رووی مەدەنی و رۆشنبیریشەوە سەرەڕای بوونی پاشخانێکی مەزن لە رۆشنبیری و شارستانی جیاجیا ئەوە حاڵیەتی بەدەست حوکمی چەند حزبێکەوە کە بیڕۆباوەڕیان سەربەسەتەکانی تاریکییەوە.

بۆیە چەپڵە لێدان بۆ وڵاتێکی وا لە لایەن کۆمەڵێک لە خەڵکی ئێمە ، جگە لە سادەیی خۆمان ، بەڵام مانای لاوازی یادەوەری میللەتێکمان پیشاندەدات کە ساڵانێکی زۆر لەلایەن ئەو وڵاتەوە کەمتر لە هولۆکۆستی پێنەکراوە .

 راستە لە کوردستانیش ئێمە نەمانتیواوە دادپەروەربین و نەمانتوانیوە دیموکراسیەکی راستەقینە بۆ خەڵکی خۆمان بێنینە ئارا ، گەندەڵیش بەقەبارەی خۆی هەبوەو هەیە ، بەسەتان رەخنەی جیددیمان لە هەرێم گرتووەو دەگرین ، بەڵام ئەمە ئەوەناگەینێ ئێمە ئەو زەڵکاوە نەبینین کە پێی دەگوترێت عیراق . هێشتا لەم سەردەمە نوێیەی جیهان ئەوان بە ئامرازەکان و بیرکردنەوەکانی شەڕی کەربەلای ساڵی حەفسەتەکان دەیانەوێت حوکم بکەن ،  خەڵک بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێننەوە . لە هیچ روێکەوە هەرێم سەرەڕای سەتان کەم وکوڕی گەورە وەک گەندەڵی و دووئیدارەیی و زۆر دووەکانی تریش بەراوردناکرێت بەعیراق و زۆریش پێشکەووترو باشترە.

لەگەڵ ئەوەشدا بوونی کەسێکی وەک مستەفا کازمی بەسەرۆک وەزیران لە عیراق جێگای دڵخۆشیە ، جگەلەوەی هێشتا روون نییە ، ئایا کازمی چی پێدەکرێت یان ئەویش وەک ئەوانی پێش خۆی دەبێت ، لەهەمووشی سەیر تر ئەوەیە دوای هەموو ئەو ساڵە پڕکوێرەوەری و مەینەتیانەی کەخەڵکی هەموو عیراق بە کوردستانیشەوە هەرلەسەردەمی زەعیم قاسمەوە بۆ سەددام و داواتریش بۆ ئێستا کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانە ، چۆن ئەم میللەتە پەندی وەرنەگرت یان تێر نەبوو لە دیداری ئەو نمایشە سیاسیە بێتامانەی کە رۆژانە پیشانی ئێمە دەدرێن ، ئەرێ بۆ جارێکیش بایە هەرباش بوو پرسیارمان لە خۆکردبا ئایا کەس وەک سەددام دەچووە ناوماڵی خەڵک و سەیری مەنجەڵی چێشتی دەکردن ، لەو لاشەوە ئەنفال و کیمیا باران و زیندان ولە سێدارەدان بەردەوام بوون ، لەگەڵ ئەوەشدا من نامەوێت بەهیچ شێوەیەک مستەفا کازمی بەو دڕندەیە بەراورد بکەم ، بەڵام حەقە پێی بڵێین ئێمە  و هەموو گەلانی عیراقیش چیتر پێویستمان بە و سێرک و نمایشە نییە .


12/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر