ئەو هەرایەی لەم رۆژانەدا لەسەر چاوپێکەوتنەکەی مەلابەختیار و بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانی پەیدابووە دەکرێ بەدیوێکدا وا سەیری بکەین کە ئەمە مانای رەتکردنەوەی تووندوتیژییە لە لایەن کۆمەڵگای ئێمەوە ، هەروەها ئاماژەی ئومێدبەخشن کە کۆمەڵگای ئێمە گۆڕانکاریەکی گەورەی بەسەردا هاتووە ، چونکە لە کاتی خۆی کومەڵگای ئێمە هەموو ئەو کارە ناڕەواو تووندوتیژیانەی لە ناوشۆڕش و شاخدا دەکران ، وەک ئەمڕۆ نەک رووبەرویان نەدەبووە بەڵکو بەپیرۆزو رەواشی دەزانین ، کەچی ئەمڕۆ ئەوکردە تووندوتیژیانەی سەردەمی شۆڕش و شۆڕشگێڕان بوونەتە مایەی قێزلێبوونەوەی نەک هەر ئەو کاراکتەرانەی تووندوتیژیان ئەنجامداوە ، بەڵکو خەریکە دەبێتە مایەی قێزلێبوونەوەی سەرجەم مێژووەکەشی .
ئەمە مانای گۆڕانێکی مەزنە لە هزرو بیرکردنەوەی کۆیی کۆمەڵگای ئێمە کە تووندوتیژی رەتدەکاتەوە و چیتر بەڕەوای نازانێ و گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە تووندوتیژی هەر تووندوتیژی بەرهەم دێنێتەوە و هیچ چارەسەریشی پێ نییە ، ئەم بڕوایە خەریکە ئەمڕۆ دەبێتە بڕوایەکی سەرتاسەری جیهانی و لە ئەنجامی گلۆبالیزیشنەوە پەیدابووە دوای نەمانی شەڕی ساردوو هەڵوەشانەوەی بلۆکی رۆژهەڵات بەسەرکردایەتی سۆڤیەتی جاران کە سەرچاوەکەی لە ئایدۆلۆژیای مارکسییەوە هەڵدەقوڵاو زۆربەی جیهانی گرتبووە بە تایبەتی رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست و ئەمریکای لاتینی ، ئەم ئایدۆلۆژیایە وەک چۆن بڕوای ئاینی تووندڕەو لە ئێستا و رابردووشدا خوێنێکی زۆری مرۆڤایەتیان رشتووە بەهەمان شێوە ئەو بڕوا ئایدۆلۆژیە مارکسییەش خوێنێکی زۆری مرۆڤایەتی بەناحەق رشتووە .
چۆن لە ناو هەموو ئاینەکاندا هەمیشە گروپێکی تووندڕەو پەیدا دەبن و خۆیان بەخاوەنی دەزانن و پەنا دەبەنە بەرتووندووتیژی ، مارکسییەتیش گڕوپێکی تووندڕەوەی ناو بزووتنەوەی چەپایەتی جیهانییە و بەناحەق بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر خۆی کردبووە خاوەنی ئەو بزووتنەوەیه ، ولەکەداری کردبوو ، بەهەمان شێوە لە مێژووی ئیسلامیشدا خەواریج و قاعیدە و داعش ، لە مێژووی مەسیحیشدا گروپی تووندڔەوی وەک هەیکەلی فڕسان و جەیشی رەب و برقی شەرقی کردەی زۆر قیزەوەنەیان ئەنجامداەوە و ناوبانگی ئاینەکەیان لەکەدار کردبوو .
رۆژئاوە بە هۆی بزووتنەوەی رۆشەنگەریەوە کۆمەڵگای خۆی لە هەردوو تووندوتیژی ئاینی و مارکسی رزگارکردووە و بەرەو قۆناغی ریفۆرم و ناتووندوتیژی هەنگاوی نا و توانی لە زۆربەی بوارەکاندا سەرکەوێ ، بەڵام رۆژهەڵات و ناوچەکانی تر نەیانتوانی نەخۆیان رۆشەنگەری بەرپا بکەن و نە سوودیش لە رۆشەنگەری ئەوروپا وەرگرن ، بۆیە هەر لە ناو ئەم هەردوو زەلکاوەی تووندوتیژیدا مانەوە .