بۆچی عیراقییەکان مەیلی دیکتاتۆریەت دەکەن ؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ئەمە کێشەی تەنها گەلانی عیراق نییە ، بەڵکو ناوچەکەمان بەگشتی نۆستالوجیاومەیلیان بۆ رابردوو گەلێک زۆرە ، هەربەهۆی ئەو مەیل و خۆشەویستییەیان بۆ رابردوو، ناتوانن لە نێوان دوو بژاردەی ئێستاو رابردوودا دەربچن ، بەهیچ شێوەیەک رێگای سێیەم و بیرلە بژاردەی نوێ ناکەنەوە ، بۆیە کەوتوونەتە ئەم دۆخە ، ناتوانن بەرەو پێشەوە بچن . 

 

لەم چەند رۆژەی رابردوو کەناڵی عەرەبییە بە ئامانجی سیاسی ، زنجیرە چاوپێکەوتنێکی رەغدی کچی دیکتاتۆری لە ناوچوو، سەددام حسێنی بڵاو کردەوە ، ئەم چاوپێکەوتنە بووە هۆی دنەدانی زیاتری ئەو نۆستۆلۆژیایەی عیراقییەکان بۆ رابردوو ، ئارەزوو کردن و خۆزگە هەڵکێشان بۆ سەردەمی حوکمی ئەو دیکتاتۆرەی کە خرابی باروودۆخی سیاسی ئێستای عیراقیش بەشێکی زۆری پەیوەستە بە مانەوەی ئەو میراتە سیاسی و فکرییەی بەعسییەکان ، هەموو ئەو زوڵم و زۆرییەی بەعسییەکان بەهۆی خرابی حوکمڕانییەتی ئێستا لەبیر دەکەن ، مەیل و ئارەزووی حوکمڕانییەتی ئەو دکتاتۆرە دەکەن ، هەرلەسەردەمی ئەو دیکتاتۆرە بوو، عیراقی دووچاری سێ جەنگی وێرانکەرکردووە ، بەبێ ئەوەی یەک دەسکەوتی هەبێت ، جەنگی یەکەمی لە گەڵ کورد هەڵگیرساند ، بۆ لە ناوبردنیان ، ئاو خاکی عیراقی بەخشییە ئێران ، ئەنجام ئاو خاکی دۆڕاند و کوردیش لە ناو نەچوون ، جەنگی دووەمی لە پێناوی گەڕانەوەی ئەو خاک و ئاوە لەگەڵ ئێران هەڵگیرساند ،  ماوەی هەشت ساڵ رۆڵەکانی بەکوشتن دان ، جگەلە زیانی ئابوری بەبێ هیچ دەسکەوتێک لەو جەنگەش دەرچوو ، سێیەم جەنگیشی داگیرکردنی کوێت و دوڕاندنی یەکجاری بوو ، ئەمەو سەرباری نەبوونی هیچ ئازادییەک و لەسێدارەدانی هەزاران کەس تەنها لەسەر وشەیەک ، کوشتنی ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی بە تاک و کۆ . 

 

کەچی دوای ئەو هەموو وێرانییەی بە چاوی خۆیان بینیویانە ، بیری ئەو سەردەمە دەکەن ، ناتوانن لە نێوان ئێستاو رابردوودا بیرلە بژاردەیەکی نوێترو باشتر بکەنەوە ، هەمیشە ئێستا لەگەڵ رابردوو بەراورد دەکەن ، ناتوانن لە بازنەی ئەو دوو بژاردەیەدا دەربچن ، راستە عیراقی نوێ دروست نەبووەو نوخبەیەکی فاسید بەڕێوەی دەبەن ، حوکمی میلیشیاکانە و باروودۆخی ئەمنی و ئابووری خرابە .

 

ئەی بۆچی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو رابردووە رەشە و قسەکانی ئەو کچە دەیانجولێنێت ؟ ئایا هیچ رێگایەک بژاردەیەکی تر نییە ؟جگەلە ئێستاو رابردوونەبێت ؟ بۆچی چاو بۆ دۆخێکی باشتر و نوێ تر ناگێڕن ، هێزێک ئەزموون کرابێ گەڕانەوەی بۆ چییە ؟

 

ئەمە کێشەی گەلانی رۆژهەڵاتە بەگشتی ناتوانن چاویان لە داهاتوو بێت ، ئەوەندەی بیر و ئارەزوویان لای رابرددوە ، نیو ئەوەندە چاویان لەسەر داهاتوو نییە ، عیراقییەکان ئەگەر بیانەوێت لەم دۆخەی ئێستا دەربچن با چاو بۆ بیری نوێ وسیاسی و هێزی نوێ بگێڕن ، پشت بە جیهانی ئازاد ببەستن ، بەکەمتر لە دیموکراسی و ئازادی رازی نەبن ، خۆیان لە دەمارگیری رزگار بکەن ، ئەمە چارەسەرە ، نەک گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی رەشتر لە ئێستا .


26/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر