چارەسەری کێشەی کورد گرێدراوی گەشەپێدانی چەمکەکانی مۆدێرنەیە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
   
مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەکی ئاڵۆزە ، بە چارسەرنەکردنیشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێت ، چیدی چارەسەرە تەقلیدیەکان کاریگەریان نەماوە ، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە ، کورد خۆی لەگەڵ هەموو ئەو گروپ و هێزو لایەنانەی باوەڕیان بە چەمکە مۆدێرنەکان هەیە ، هاوپەیمانی پێکبێنێ و بەهاوبەشی خەبات بۆ گەشەپێدان و قوڵکردنەوەی ئەو مەفاهیمانە بکات ، ئێستاش لە هەموو کاتێک زیاتر زەمینە لەبارە بۆ ئەم هاوبەشییە ، دوای ئەوەی دروشمی نەتەوەیی عەرەبی و فارسی و تورکی خەریکە بەتەواوی دەپوکێتەوە ، خۆیان بە دروشمی ئاینی هەڵواسیوەوئەویش بەکردەوە فەشەلی هێناوە ، بۆیە ئەو میللەتانەش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە ، جگە لە دەوڵەتی مەدەنی مۆدێرن نەبێت ، هیچ بژاردەیەکی تریان نییە ، هەرچەندە کورد خۆی لەم پارچەیە نەیتوانیوە ببێتە سەکۆیەکی مەدەنی و دیموکراسی بۆ چاولێکردن ، بەڵام لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەردەوامە ، لەبەرئەوەی کورد هیچ بژاردەیەکی تری نییە ، نە دەتوانێت بە سیستەمی ئاینی و نە تووندڕەوی نەتەوەیی بەردەوام بێت ،  ئەمە قەدەری  ئەزموونەکەیەتی و گرێدراوی ویستی نێودەوڵەتییە ، هەر بەو چەمکانەش مانەوەی خۆی گاڕانتی دەکات ، ئەگەر هەرێم بیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی جیاوازتر لە عیراق سەیربکرێت ، جگە لە گەشە پێدانی چەمکە مۆدێرنەکان و جێبەجێ کردنیان لەسەر ئەرزی واقیع ، رێگایەکی تری نییە ، ئێمە بە باڵەخانەو مۆڵ و خواردنگەکان ، ناتوانین پیشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکەین ، یان خۆمان جیاوازتر لە عیراق نیشان بدەین ، چونکە زۆربەی سیستەمە تۆتالیتاریەکانیش توانیوایانە کەرەستەیی مۆدێرنە بن ، بەڵام بەبێ عەقڵی مۆدێرنە ، کەرەستەکانی مادی مۆدێرنە پێویستییەکی رۆژانەی خەڵکن و لە هەموو کۆمەڵگا داخراو کراوەکان وەک یەک دەست دەکەون ، بەڵام عەقڵی مۆدێرنە پەیڕەو ناکەن ، ئەوەی کورد دەگەێنێتە مافەکانی ، پەیڕەوکردنی عەقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنەیە ، ئەگەرنا کەرەستەکان گرێدراوی بازاڕی ئازادن و بەحوکمی جیهانگیری دەگەنە هەموو کونجێکی ئەم جیهانە ، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و بەبازاڕکردن و هێنانی کەرەستە مۆدێرنەکان ، کارو پسپۆری بازگانەکانە ، بەڵام گەشەپێدان و قوڵکردن و جێبەجێ کردنی عقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنە کارو پسپۆری سیاسیەکانە ، ئایا چەند دەتوانن وەک بازرگانەکان لە کاری خۆیان سەرکەوتووبن ؟ دەسکەوتنی ئەو وەڵامە گرێدراوی داهاتوو و ئەنجامی ئەزموونەکەیەتی .

11/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر