هاوڵاتی چی دەوێت؟

کامەران سوبحان
*پرسیارێک گرنگە حیزبەکانی کوردستان لە خۆیانی بکەن، ئەویش ئەوەیە هاوڵاتی چی لەوان دەوێت؟ ئایا دەیەوێت ڕۆژانە بیرو هۆش بە شتی لابەلا و کێشەکانی ئەانەوە سەرقاڵ بێت، یان دەیەوێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی بەڕێکخراوەیی و دوور لە هەراو ململانێ بەڕێوە بچێت؟ کەی حیزبەکان ئەم پرسیارەیان لە خۆیان کرد، دڵنیام تا ئاستێکی باش دەتوانن وەڵامی پرسیارەکە بدەنەوەو بتوانن بگەنە ئاستێک کۆتایی بەم گاڵتەجاڕییە بێنن کە هەمو تاکێکی ئەم وڵاتە وەک کادیریی حیزبیی بیر دەکاتەوەو قسە بکات و هەمو بەش و لایەنەکانی ژیانیشی ڕەنگی حیزب و سیاسەتی گرتووە و سەرقاڵ کراوە بە کێشە حیزبییەکانی ئەوانەوە. ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەی ئێرەدا بایەخی نەماوەو ون بووە هاوڵاتییە بە مانا مرۆییەکەی.
*هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان گرنگ نییە بەلایەوە پارتی چەند باڵە و کێ باڵی کێیە؟ بەلایەوە گرنگ نییە گۆڕان و یەکێتی دەبنەوە بە یەک یان وەک دوو حیزبی جیاواز کار دەکەن. کۆنگرەی یەکگرتوو، سەڵاحەدین بەهادین دەربچێت، یان هەر کەسێکی تر هیچ لە ژیانی هاوڵاتی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت. کۆمەڵی ئیسلامی بچێتە هەر بەرەیەکەوە چی لە ژیانی هاوڵاتی کوردستان دەگۆڕێت؟ واز لە پەرلەمان و حکومەت و ئەو شتانە بێنن مەیخەنە ملی هاوڵاتی ماندوی ئەم وڵاتە ئەوە گرفتی خۆتانە و خۆتان چاکی بکەن.
*ئەوەی بەلای هاوڵاتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگە، گەڕاندنەوەی شکۆ و بەهای مرۆڤانەی خۆیەتی، کە ساڵانێکە حیزب بە شێوەی جیاواز لێی سەندووەتەوە.! 
*ئەوەی بەلای هاوڵاتی ئەم هەرێمەوە گرنگە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیەتی وەک (کارەبا، ئاو، موچە، ئاسایش، تەندرووستی) کە هیچ کام لەم پێداویستیە سەرەتاییانەی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان دابین نەکراون.!
*ئەوەی مایەی نیگەرانییە لەم دیمەن و هاوکێشەیەدا ئەوەیە "کاتێک حیزب بەردەوامە لە مڵوڕیی و چەوسانەوە و برسی کردنی هاوڵاتیان. ڕاگەیاندن جۆرێکی تر جەنگی دەروونی لەگەڵ هاوڵاتی دەکات و ڕۆژانە لە بری ئەوەی بەدواداچوون بۆ هەواڵی خەڵک و خەمی خەڵک بکات، خەریکی ڕووماڵ کردنی ئەم شتە بێ بایەخ و پوچانەیە کە حیزبەکان ڕۆژانە خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن. دەبو میدیا بەدەر لە گەیاندنی زانیاریی و خەمی خەڵک و ئاشکراکردنی ڕاستییە شاراوەکان، هیچ کارێکی تری نەبوایە، بەڵام لە کوردستان (بەشی زۆری میدیا) بەم شتە ڕۆتینیاتەوە سەرقاڵە و نایپەرژێتە سەر ڕوماڵکردنی هەواڵە گرنگ و بایەخدارەکانی ژیانی هاوڵاتی. بۆیە ئەوەی بووەتە قوربانی تەنها هاوڵاتییە.!


26/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر