خەریکە سیناریۆى
فیلمى داعش کۆتایی دێت ، هەموومان لە چاوەڕوانى ئەوەىن لە تایتڵى ژێرەوەى ئەو فیلم
دەرهێنەرەکەى بناسىین ، هەتا ئێرە بەشێک لە کارکتەرەکانى ناسراون ، وەک ئەوەى
دوایین جارى (رافع الرافعى ) موفتى باڵاى سونەکانى عێراق ئاماژەى بە کارەکتەرەکانى
ناو ئەو فیلمە کرد ،لەو قسانەى ئەو دەردەکەوێت کە بەشى زۆرى پێکهاتەى سوونەى عێراق
بە ڕاستەوخۆو نا ڕاستەوخۆ کاراکتەرى ناو ئەو فیلمەن ، هەر لە نواندن و
پشتیوانیکردن و ریکلام بۆکردنى ، ئەوەى دواجار موفتى سوونەلە رێگەى چاوپێکەوتنى
تەلەفزیۆنى (الحدث) کردى باشترین ریکلام بوو بۆ کارکتەرەکانى
ناو ئەو فیلمە .
هەروەها ئەوەى
سەبارەت بەو فیلمە هیچ گومان هەڵناگرێت سپۆنسەرەئاشکراکانى پشتى ئەو فیلمەن ، کە
ئەوانیش وڵاتانى ( تورکیا و قەتەڕ و سعودیە)ن ، بەو پێیەى مەیدانى پەخشى ئەو فیلمە
خاکى کوردستان بوو جا لە باشوورە وە بگرە تا رۆژهەڵاتى ، بۆیە زۆربەى زۆرى قوربانیەکانى ناو ئەو فیلمە
کورد بوون لە پیشمەرگ و شەرفانەوە تا ژن و منداڵ و پیر وپەکەوتەى شارو گوندەکان بە
موسڵمان و ئێزیدى و کرستیان و هەموو ئەوانەى لەسەر خاکى خۆیان دراوسێى سوونەبوون
بوونە قوربانى .
سینارستى ئەو فیلمە
یان ئەوەتە کەسیکى تا بڵێى بێ ویژدان بووە وە یان هاتووە دڵى دووژمنانى کورد ڕازى
بکات ، بەوەى لە ناوئاخنى فیلمەکەى رووداوى واى داناوە کە بەدەرس وەرگرتن لە
وتەیەکى بەنرخى زاناى جیهانى ( ریمۆن ئارن ) کە دەڵێت :
(مێژوو وەک جاران
خۆى دووبارە ناکاتەوە بەڵام لە بوارێکى تر دووبارە دەبێتەوە )
دەرهێنەرى فیلمى
(داعش) هاتووە کە مێژووى داگیرکارى و
غەنیمە و کەنیزەک و سەبیە و کۆمەڵکوژى و سووتماکى بەسەر کوردستان و پێکهاتەکانى چەندبارە
کردۆتەوە ، بۆیە دەگەینە ئەو ڕایەى کە ئامانجى سپۆنسەرەکانى ئەو فیلمە چ خەڵکانێکى
دڵڕەق و بێویژدان و دووژمن بە کورد و مرۆفایەتى بوونە بەرامبەر قوربانیەکانى ئەو فیلمە !!
ئێستا کە بەرەو
کۆتایی نمایشى فیلمەکە دەچین، ئەوەى تا ئێرە روونە بەشێک لە کارکتەرەکان ، لە نێویشیان
زاڵم و موزڵوم دیارە ، بگرە تەنانەت بەشێک
لە سپۆنسەرەکانى فیلمەکەش دەناسرێن ، ئەوەى کە ناناسرێت دەرهێنەرەکەیەتى !!
لە پاڵ هەموو
ئەمانەش نەزانراوە کە قارەمانى فیلمەکە کێیە ؟ تا کۆتاییش نازانرێت ، تا ئەوەى دەیبینین لە
نیوەى مەشهەدەکانى فیلمەکەین (پێشمەرگە و شەرفان ) رۆڵى لە قارەمانە هەر ئازاکانى
ناو ئەو فیلمە نمایش دەکەن ئەو قسەیە بەتانیا لە سۆز و عاتیفەى ئێمە سەرچاوەى
نەگرتووە بگرە هەموو جیهان ئەو قسەیە دەکات :
(پێشمەرگەو شەرفان
سەلماندیان لە شەڕى داعش جەنگاوەرى ئازان )
بەس نازانرێت کۆتایەکەى هەر وا دەمێنێت یان نا ،
ئایا(سمۆ ئێزیدى )ئەو کارکتەر و پێشمەرگە قارەمانەى ناو ئەو فیلمە دەگاتەوە
دەستگیرانە دزراوەکەى و دواجار لە خوار کوردستانەوە لە جزیرەى سەربە شارى موسڵ لەگەڵ دەسگیرانە
رووسورەکەى باوەش بۆیەک دەکەنەوە یان نا ؟
ئەى هەفاڵ عەکید
دەگاتەوە خەونەکەى بەوەى بەڵینى دابوو (ئەبو قەحتانى قوڕەیشى و ئەبوهاشمى قەتەڕى و
تەیفورى تورکى ) بەزیندوویی دەستگیر بکات چونکە ئەوانە سندوقە ڕەشەکەى داعشن، تا
زانیارى تەواوى سەبارەت بە کۆمەکى وڵاتەکانیان بۆ داعش ئاشکرا بکات .
ئەوەى تا ئێرە
دیارە ، ئەگەر دیسان سینارست لەناو ناواخنى ئەو فیللمە غەدرى چەندبارەبوونەوەى
مێژووى لە کورد نەکردبێت کۆتایی فیلمەکە بە قازانجى کورد تەواو دەبێت ، بەڵام
بینەرانى ئەو فیللمەش بە تەنیا گومانیان لە دەرهێنەرەکەى نیە ، بگرە لە خاڵێکى ترى
دەرەوەى ئەو سیانریۆیە نیگەرانن ئەویش بەوەى هەموو ئەو سیاریۆیانە نەبوونەتە
هۆکارى ئەوەى کورد دەرس لە ڕابردوو وەرگرین ، کە لە رۆژگارى ئەمڕۆمان لە هەموو کات
خرابتر مێژووە رەشەکەى ترازانى و تەفرەقەى نێو ماڵى کوردان لە لایەن سەردارو
گەورەى کوردان دووبارە دەکرێتەوە .
بۆیە گلەى لە
نیگەرانی خەلکە دڵسۆزەکەى کورد ناکرێت بگرە تا ئەو رۆژەى کاراکتەرەکانى سیاسەتى کوردى بەو
خەمساردیە لەگەڵ یەکحستنەوەى ناوماڵى کورد مامەڵە بکەن ، لە بە کۆتایهاتنى ئەو
فیلمەش لە حاڵى کوردان و دوارۆژیان بە گومانین.