گەندەڵی وسکی برسی خەڵک
هیوا سهید سهلیم
لە سادەترین پێناسەیدا گەندەڵی بریتیە لە خراب بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لەسەر حسابی بەرژەوەندیە گشتییەکان ، لە هەرێمی کوردستان خەڵک و نووسەران و بە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگاشەوە نەک شەرمیان لەوە شکاوە باس لە گەندەڵی بەرپرسان بکەن و ڕەخنەی لێبگرن ، بگرە ئێستا لە هەموو سەکۆکان باس باسی گەندەڵی دەستەیەک لە حوکمڕانانی کوردستانە ، لە لاکەی تریشەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە نەک ئینکاری ئەو دیاردەیە ناکرێت بگرە هەمووان دان بە بوونی ئەو دیاردەیە دەنێن ، وە بۆ چاوپۆشی خەڵک وکەمکردنەوەی دەنگی ناڕەزای ئەو خەڵکە و ڕای گشتیش جار جار دەبیستین کە لە ئاستی باڵاوە لیژنە پێکدێت ، وەلێ ئەو لیژنانە تا ئێستا بەدەردی قەڵاچۆکردنی ئەو پەتایەیان نەخواردووە کە وەک مۆرانە بەربۆتە گیانی خەڵک.
گەندەڵی لە کوردستان لەو قۆناغە دەرباز بووە کە دەسنیشانی ئەو شوێن و کەسانە بکرێت کە لەو دیاردەیە گڵاون ، بەڵکوو ئەو دیاردەیە هێندە پەرەیسەندووە کە دەبێت بڵێی کێ گەندەڵ نیە ؟
ئاوەکە خراب ڕژاوە و زۆریش ئالۆزبووە ، کوردەواری خۆمان دەڵێت:
( لەسەروچاوەکەی شێلوو بووە ) ، پێویستە قەڵاچۆکردنی گەندەڵیش لە سەروچاوەکەی دەستپێبکرێت ، بەس ئایا دەکرێت ، ئایا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئەو دۆخەی پەرلەمانی کوردستانی تیدایە لەبارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ؟
بێگومان ئەو دۆخەی کە لە کوردستان هەیە زەمینەیەکی لەباری بۆ گەندەڵی ڕەخساندووە بەوەی نازانرێت داهات و سەرفیاتی ئەو هەرێمە چەندە و لە چیەوە پەیدادەکرێت و لەچیش سەرفدەکرێت ، بە هۆی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان نەک ساڵانە بودجە ئیقڕارناکریت بگرە حساباتی کۆتایش کەس نایبینێت،بۆیە دەتوانین بڵێین لە کوردستان شتێک نەماوە بەناوی دەزگای چاودێری کە پەرلەمانی کوردستان بوو ، بۆیەشە بە ناچاری لێرە و لەوێ پەرلەمانتارانی ئەکتیف و دڵسۆز هەر هاواردەکەن و بەڵگەی گەندەڵی دەخەنەروو ، بەڵام نەک هەر گەندەڵکاران گوێێان پێنادەن بگرە لێشیان بێشەرم بوونە چونکە ئەوان پەرلەمانێک شک نابەن کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات .
ئەوە حاڵی پەرلەمانی کوردستان بێت ، دەبێت دەستەکانی وەک دەستەی دەستپاکی و چاودێری دارایی کە مەرجەعەکەیان پەرلەمانی پەککەوتووە چیان پێدەکرێت ؟ ئایا بە بێ پشتیوانی پەرلەمان دۆسیەکانی گەندەڵی کە دەستەی دەستپاکی ڕادەستی دادگاکانی کردوون بەو تایبەتمەندیەی دادگاکانی کوردستان کە گلەی زۆر لەسەر کارەکانیان هەیە بەوەی حزبەکان دەستیان خستۆتە ناوکاروباریان و ناتوانن دوور لە بەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەکان بڕیاربدەن دەتوانن رۆڵی خۆیان ببینن؟
کە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەت وەرگرتەوە ئەوسا تێدەگەی کە لە هەرێمی کوردستان گەندەڵی بە سیستەماتیک کراوە ، وە بە بەرنامەش ئەو ئالیەتانە پەککخراون کە دەکرێت بکرێنە کۆسپ لەبەردەم دیاردەی گەندەڵی بە پەرلەمانی کوردسانیشەوە .
ئەوەی جێگای نیگەرانی خەڵکە ئەوەیە ئەوانەی لە کوردستان گەندەڵی دەکەن هێندە زاڵم و بێویژدانن لەو دۆخە ئابووریە خرابە کە خەڵک برسیە و حکومەت نەک هەر مووچەی لێبڕیون ، بگرە نایەوێت نیو مووچەکەشی لە کاتی خۆی بداتێ !!کەچی ئەو کەسانە لەسەر گەندەڵی هەر بەردەوام و دەست هەڵناگرن لەو کارە مافیا ئاسایانەیان .
ئەوەی کە لە هەریمی کوردستان دەگوزەرێت لە بەربڵاوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی هەموو یاسا و عورف و بنەماکانی ژیانی شەرفمەندانەی تێکداوە ، بێباکانەش ئامادەنین گوێ بە ناڕەزایەکانی خەڵک بدەن ، بۆیە ئەوەی دەتوانێت لەبەردەم ئەو دیاردەیە بچەقێت تەنیا فشاری جەماوەرە ، کە ئەمەشیان لەو دۆخە سیاسی و ئەمنیەی کوردستان بوونی نیە وەیان دەتوانین بڵێین دڵسۆزی خەڵک لەبەرامبەر هەستیاری دۆخەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خراب ئیستغلالکراوە ، ئەگینا بووە حکومەتێک شانازی بە ئەزموونەکەی بکات کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی پێشمەرگەیە کەچی ئەمانە لەهەموو کەس برسی تربن و مامۆستایان و فەرمانبەران لە دوو ساڵی ڕابردوو بە سیاسەتی سکی برسی درێژەیان بەکارەکانیان دابێت و لەسەر حسابی ئەوانیش کەسانی گەندەڵ دەستیان لە کاری خۆیان هەڵنەگرتبێت ، کەسیش پێیان نەڵێت لە پشتی چاوت دوو برۆیە !!
30/08/2016
وتارەکانی تری نوسەر