دەسەڵاتێکی فاشیل و میللەتێکی بێدەنگ

هیوا سه‌ید سه‌لیم

هەرێمی کوردستان و دۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکەی کەوتۆتە نێوانی دوو دیاردەی زۆر خراب و مەترسیدار، ئەویش دەسەڵاتێکی شکستخواردوو و بێبەرنامەی تا ئاستی ئەوەی دەتوانین بڵێین حوکمڕانیەکی فاشیل لە لایەک ومیللەتێکی بێدەنگ و دەستەمۆکراو لەلاکەی تر .
بۆ هەردووکیان یەک کۆمەڵ هۆکار هەیە کە ناچارماندەکات بەیەکەمیان بڵێین فاشیل و بە دووەمیشیان بڵێین بێدەنگ ، سەبارەت بە یەکەمیان ئەگەر بێین بەو دەسەڵاتە بڵێین فاشیل دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین  یەکسەر دونیایەک تۆمەتت بۆ درووست دەکرێت،  بەوەی چۆن دەکرێت بە حوکمڕانی خۆماڵی بووترێت فاشیل ؟ جا هیواش هەیە یەک دونیا موزایەدەت لەسەر دەکات بەوەی دەسەڵات بەرهەمی خوێنی شەهیدانە چۆن دەکرێت بە فاشیل ناوی ببەین ، بۆیە واباشە زانستیانە لە ووشەی فاشیل بکۆڵیتەوە بزانین فاشیل چیە و بە کێ دەوترێت فاشیل؟
چەمکی فاشیل مانای سەرنەکەوتوو دێت ، دەکرێت کەسێک لە ژیانی تایەتی خۆی لە نێو خێزان  یان لە خوێندن وەیان لە کۆمەڵگادا کەسی فاشیل بێت ، بەهەمان شێوەش ئەوانەی بەرنامەیەک بۆخۆیان دادەنێن لە جیبەجێکردنی بەرنامەکەیان سەرکەوتوونابن دەتوانین بڵێن ئەوانە لەوبەرنامەیە فەشەلیان هێناوە ، فاشیل تۆمەت نیە بگرە هەلسەنگاندنە بۆ شکستی کەسێک یان حزبێک وەیان حکومەتێک .
حکومەتێک وەیان پێکهاتەی حکومەتێک جا حزبێک بێت یان چەند حزبێک ، کاتێک لەئاست ئەو بەڵینانەی کە بە خەڵکی دەدەن شکست دەخۆن ، وەیان بەڵینەکانیان نابەنەسەر جا بە هۆکاری خودی یان بابەتی بێت ، دەتوانرێت بەو دەسەڵاتە بووترێت دەسەڵاتی فاشیل .
لە دونیای دیموکراسی دەسەڵاتی فاشیل نایەت پێداگری لەسەر مانەوەی لە کورسی حوکمڕانی بکات ، واتا میللەتەکەی لێی قەبوول ناکات بەباش و بەخراب هەر دەبێت ئەو حوکمی بکات ، بۆیە لە حاڵی شکست و فەشەلهێنان بەرلەوەی خەڵک پێی بڵێت فەرموو خوات لەگەڵ ،  ئەو دێت داندەنێت بە شکستەکەی خۆی ، جا یان لەناو حزبەکەی دەرفەتی حوکمڕانی دەدرێتە کەسێکی تر یان ئەوەتە حزبی تر بە پیی یاسا کە براوەی دوای ئەوە دەسەڵات وەردەگرێت ،  یان پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبردرێت .
حوکمڕانی هەرێمی کوردستان  بەتایبەت لەو دوو ساڵەی دوایی ، ئەگەر زۆر خاتری بگرین دەبێت بڵێین نموونەی حوکمڕانی فاشیلە ، لەوانەیە بپرست بۆچی ؟ ئایا بەڕاست ئەو حوکمڕانیە فاشیلە یان تۆمەتە بۆی هەڵدەبەسترێت ؟ ئەگەر وایە فاشیلە کێ لێی بەرپرسە ؟  ئەی  لەبەرامبەر ئەو شکستەی حوکمڕانی خەڵکی کوردستان هەڵوێستی  چیەو چی  دەڵێت ؟
حکومەتێک کە پێکهاتەکەی بریتی بێت لە پێنج حزبی براوەی هەڵبژاردن ئێستا نەک لایەنی کەمی رێکەوتن بۆ حوکمڕانی ئەو هەڕێمە لە نێوانیان نەمابێت، بگرە هەرهەموویان دژی یەکتر کاربکەن ئەو حکومەتە ئەگەر فاشیل نەبێت چیە ؟
حکومەتێک لەبەرامبەر ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووریانە دەستەوەستان بێت و بەردەوام بەڵێن بدات و جێبەجێی نەکات ،  تۆمەت نیە ئەگەر بەو حکومەت بووترێت شکستخواردوو .
حکومەتێک چاوی شکستەکانی خۆی نەبینێت ، حکومەتێک بەڵێنەکانی خۆی لەبیرچووبێتەوە ، حکومەتێک ئەمرۆ شتێک بڵێت و سبەی لێی پەشیمان بێتەوە ، حکومەتێک شکستەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵکانی تر ئەو چ حکومەتێکە ؟
ئەوە ئەو حکومەتەیە کە باسمانکرد ئەی باشە هۆکارەکانی پشتی بێدەنگی خەڵک چیە ؟ ئایا بێدەنگی نیشانەی رازی بوونە یان بێدەسەڵاتی ؟
ئەگەر بێین خوێندنەوەیەکی واقیع بۆ دۆخی بێدەنگی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتیە و بێبەڵێنیەی حکومەت بکەین ، دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە حکومەت بۆ بێدەنگکردنی خەڵک سیاسەتێکی زۆر سەرکەوتووانەی پەێڕەوکردووە ، بەوەی زۆر خراب ئیستغلالی مەترسیە دەرەکیەکانی کردووە بۆ بێدەنگکردنی خەڵک ،نموونەش ئەو پێشمەرگانەی کە بوونەتە قەلغانی پاراستنی هەرێم لەبەردەم ئەو مەترسیانە لە خرابترین دۆخی ژیان دانە لە مووچەی کەم و ژیانی خراب و گەندەڵیکردن لەو هاوکاریانەی بەناوی پێشمەرگە دێتە ئەو هەرێمە ،  لە لایەکی تریش دەسەڵاتدارەکانی ناو حکومەت دەزانن لە دۆخە هەستیارەکان میللەت لەوان خەمخۆرتر و دڵسۆزترە ،  بۆیە خراب کەلکیان لەو بێدەنگیەی چین و توێژەکانی خەڵک وەرگرتووە .
هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن بێدەنگی میللەت نیشانەی رازی بوونی نیە بە دەسەڵاتی حوکمڕانیەکی فاشیل ، بەڵام کات و زەمان بۆ شکاندنی ئەو بێدەنگیە تا ئێستا لەبارنەبووە ، ئەگەرنا ئەو پەندە کوردیە زۆر ڕاستە کە دەڵێت:  (جام کە پڕبوو لێی دەرژێت )
خاڵیکی تریش کە زۆر پێویستە وەک هۆکاری پشتی بیدەنگی خەڵک ئاماژەی پێبکەین ،  ئەویش بریتییە لە پێشەنگایەتی ، لەدونیادا وەزیفەی حزبی سیاسی و سەندیکاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیە کە پێشەنگایەتی ناڕەزایەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن ، بەڵام لەکوردستان ئەمانە خۆیان لەو وەزیفەیە دزیوەتەوە خەریکی بەرژەوەندی و کاری لابەلان .



05/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر