گەڕانەوە بۆ ناوەندی بڕیار
هیوا سهید سهلیم
کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بابەتێکی زۆر هەستیاری وروژاند ئەویش قسەکردنە لەسەر ناوەندی بڕیار , ئەگەرچی پرسی ئەوان پەیوەستە بە پرسێکی تەواو حزبی ورەنگدانەوەی قەیرانەکانی ناوخۆی حزبەکەیانە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وروژاندنی پرسێکی گرنگە کە تەواوی تاکی کورد دەتوانێت لەسەر ئەو برسە بوەستێت و پرسیار بکات ئایا لە هەرێمی کوردستانیش ناوەندی بڕیار ماوە یان ئەو ناوەندەش لە شێوەی حزبێکی وەک یەکێتی کەوتۆتە ژێر پرسیار ؟
ناوەندی بڕیار لە حزب و حکومەت چۆت درووست دەبێت؟ لە چ حاڵەتێک ئەو ناوەندانە دەکەونە ژێر پرسیارەوە؟ ئایا لەو قۆناغە هەستیارەی کوردستان کە چەندین کێشەی جدی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە لە کیشەکانی خەڵک کە خۆی لە قەیرانی مووچەو خزمەتگوزاریەکان دەبینێتەوە تا کێشەکانی تری وەک ناعەدالەتی و گەندەڵی و لەسەرووی هەمووشیانەوە کێشەی شەڕی رووبەرووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش هەرێم چ ناوەندێکی بڕیاری پێویستە ؟
هەموو لایەک دەزانین ناوەندی بڕیاری حزبی شەرعیەتی لەو پێڕەو پرۆگرامە وەردەگرێت کەوەک دەستووری حزب وایەو ئەویش لە وێستگەی کۆنگرە یان کۆنفراسەکان دادەرێژرێت و دەبێت سەرجەم ئۆرگانەکانی حزب پێیەوە پابەند بن .
با بێینە سەر هەرێمەی کوردستان بۆ ئەمەش ئەگەر هەرێم لە دۆخێکی ئاسایی دابێت و قەیرانی سیاسی و دەستووری و حوکمڕانیمان نەبێت ، قسەکردن لەسەر ناوەندی بڕیار و پرسیارکردن لەسەر ئەو ناوەندی بڕیاری هەرێم کارێکی زۆر بێمانادەبوو ، چونکە دەوترا هەلبژاردن کراوە ئەوانەی کە لە دوایین هەڵبژاردن شەرعیەتی خەڵکیان بەدەستهێناوە لە ڕێگەی شەرعیەتی یاسایی بوونەتە خاوەنی بڕیاری ئەو هەرێمە ، بەڵام هەموومان دەزانین وا بۆ ساڵێک دەچێت بەهۆی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم و بەسەرچوونی ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم ، ناوەندی باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان بۆتە مشتومڕی نێوان لایەنە سیاسیەکان ، هەر ئەو پرسەش رەنگدانەوەی لەسەر ناوەندە شەرعیەکانی تری وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان داناوە ، بە شێوەیەک کە ساڵێکە پەرلەمانی کوردستان لەکارخراوە و حکومەت هەرێمیش بەوهۆیە شەرعیەتی کەوتۆتە ژێر پرسیار، چونکە بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان دەزگایەگی گرنگی وەک پەرلەمانی کوردستان کە سەرچاوەی شەرعیەتدانە بە حکومەت ، شوێنی دەرکردنی یاساکان و چاودێری کارەکانی حکومەت و جێبەجیکردنی یاسا و پەسندکردنی بودجەی هەرێمە لەکارکەوتووە .
بە خوێندنەوەی ئەو دۆخە دەگەینە ئەو راستیەی کە پرسیارکردن لەسەر ناوەندی بڕیاری هەرێمی کوردستان پرسیارێکی لە جێیە و هیچ کەس و لایەنێکیش با فێڵ لە خۆمان نەکەین و پەنا بۆ پەردەپۆشکردنی عەیبە یاسایی و سیاسیەکانمان نەبەین ، بۆیە دەبێت بێین لە گرێکوێرەکەوە دەستپێبکەین ، کە ئەویش پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ، ئەگەر رێککەوتین لەسەر ئەو پرسە ئەوسا ئەوانی تر تۆماتیکی چارەسەر دەبن هەر لە دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بگرە تا کارابوونەوەی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی پرسەکانی تریش .
چۆن ئەو گرێکوێرەیە دەکرێتەوە ؟
رێکەوتن و سازانی لایەنە سیاسیەکان لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە هەنگاوی یەکەمی کردنەوەی ئەوگرێکوێرەیە دەبێ ، کە پێشتر لەناو هۆڵی پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش زۆر هەوڵی بۆدراوە بەداخەوە بەرهەمی نەبووە ، بەڵام هەموو ئەو لێکەوتە سلبیانەی کە بەهۆی نەسازانەوە درووست بوون ئەوەمان پێدەڵێن کە دۆخەکە رۆژ بەرۆژ بەرەو خرابی دەڕوات و لە هەمووشی خرابتر ئەوەیە کە هەمووان لەبەرامبەر ناوەندی بڕیاری هەرێم رەخنەو گلەیان هەیە و بۆچوونی جیاوازیشی لە نێولایەنە سیاسیەکانی کوردستان درووستکردووە بەشێوەیەکە کە وای لێهاتووە کاریگەری لەسەر دانەنیشتن و کۆنەبوونەوەی ئەو لایەنانە داناوە .
لە کۆتایدا دەڵێین ئومێد دەکەین وروژاندنی پرسی ناوەندی بڕیار لەلایەن یەکێتی بەخێر بۆ یەکریزی حزبەکەیان بشکێتەوە و لە هەرێمیش ببێتە مایەی سازان و رێکەوتن و چارەسەری پرسە یاسایی و سیاسیەکان ، تا چیتر چین و تویژەکانی هەرێمی کوردستان باجی کێشەی حزبەکان نەدەن ، کە لە ئێستادا ئەوەی بۆتە قوربانی ئەو کێشانە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتە ، کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت تەنانەت نیوەمووچەکەشی لەکاتی خۆی پێبدات .
08/09/2016
وتارەکانی تری نوسەر