دیسان ئیمراڵی گۆمەکەی هەژاند

هیوا سه‌ید سه‌لیم
 دوای ساڵ و نیوێک لە گۆشەگیری سەر (ئۆجالان )، کە دەوڵەتی تورکیا لە ٥ نیسانی ٢٠١٥ بە فەرمی قەدەغەی خستبووە سەر دیداری کەسوکار و شاندی دانوساندکاری ئیمرالی لەگەڵ (ئۆجالان) ،  وا بۆ جارێکی تر( ئۆجالان ) دەرگای دیداری بەڕوودا دەکرێتەوە ،  کە پێشتریش ئەو قەدەغەیە بۆماوی ساڵانێکە خرابووە سەر پارێزەرەکانی ، تا ئێستاش پارێزەرەکانی ناتوانن سەردانی بکەن و دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن ، ئەگەرچی پێشتر لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی کە قۆناعی دووەمی بە فەرمی دوای بانگەوازەکەی (ئۆجالان)  لە نەورۆزی ٢٠١٣ دەستیپێکرد تا تەمووزی ٢٠١٥ بە بەردەوامی شاندی دانوساندکاری هەدەپە و حکومەتی تورکیا و کەسوکاری لەو دوو ساڵە دیداری ڕاستەوخۆیان لەگەڵی ئەنجام داوە ، بەڵام لەو ساڵ ونیوەی دوایی جیهان لە ئیمراڵی بێخەبەربوو ، لەو ماوەیە نەک هەر کەس زانیاری لەسەر ئۆجالان نەزانیوە بگرە گومانیش دەکرا کە گیانی(ئۆجالان ) کەوتبێتە مەترسیەوە ، بەتایبەت دوای ئەوەی وابڵاوکرایەوە کە لە چوارچێوەی کودەتای ١٥ تەمووز هەوڵێک هەبووە کە ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز لە ڕێگای هیلکۆپتەرێکەوە خۆیان گەیاندبێتە بەندیخانەی ئیمرالی .

ئابلوقەی سەر دیدارەکانی ئۆجالان چۆن شکا ؟
کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ هاوسەرۆکایەتی کۆماجفاکێن کوردستان (کەجەکە) لە پەیامێکیدا داوای دەسپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکات , هاوسەرۆکایەتی کەجەکە لە پەیامەکەیاندا دەڵێت :
لەسەر داوای چەند دەوڵەتێک و چەند لایەنێکی دۆست لە باشووری کوردستان و هەروەها لەسەرداوای پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ، ئەوان بانگی ئاشتی لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن ، بۆ وەگەرخستنەوەی ئەو پرۆسەیەش داوای نیشاندانی هەنگاوی نیازپاکی لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن ، لەو داوایانەی کە کەجەکە لە دەوڵەتی تورکیایان هەیە ،  ناردنی شاندێکی پەرلەمانتارانی تورکیایە ، کە داوا دەکەن نوێنەرانی هەدەپە لەو شاندە هەبێت بۆ کە دەچێت ئیمرالی بو ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجالان ، کەجەکە ئەو هەنگاوە بە دەستپێکی زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەبینێت .
ئەو داوایە و پەیامەی کەجەکە هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانێکی (مارک تۆنەر) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، کە داوای لە تورکیا و PKK کردبوو بۆ زیندوکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بگەڕینەوە سەر مێزی گفتوگۆ ، لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستانیش هەدەپە پشتیوانی لە بانگەوازەکەی کەجەکە کردوو و ڕاشیانگەیاند : 

 هەرچی دەکەوێتە سەرشانی ئەوان بە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە ئەوان ئامادەن جیبەجی بکەن .
لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەش لە تورکیا و ئەوروپا بۆ هەلگرتنی گۆشەگیری سەر (ئۆجالان)دەستدرایە ئەنجامدانی چەندین چالاکی مەدەنی ،  لە شاری ئامەد مانگرتن ڕاگەیەندرا ، تا دوا جار وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بۆ چەژنی قوربان ڕێگا بەدیداری کەسوکاری( ئۆجالان )بدات  تا بچنە ئیمرالی ، دیداری ئیمرالی کە ١١ ئەیلول ئەنجامدرا بۆ رۆژی دواتر پەیامی (ئۆجالان )لە رۆژێکی شوومی میژووی تورکیا کە بە رۆژی کودەتای ١٢ ئەیلول ١٩٨٠ ناسراوە  لە لایەن ( محەمەد ئۆجالان) خوێندرایەوە هەر ئەو رۆژەش کۆتایهێندرا بە مانگرتن.

ئایا پەیامەکەی (ئۆجالان) دەبێتە دەستپێکی زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ؟
پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و گەلی کورد لە باکووری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بە دوو قۆناغ ئەنجامدراوە .
 قۆناعی یەکەم کە بە کۆبوونەوەکانی ئۆسلۆ ناسراوە ، لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیپێکرد و دوو ساڵی خایەند ، ئەو پرۆسەیە بە نەهێنی ئەنجامدراوە و میت نوێنەرایەتی دەوڵەتی تورکیای کردووە ،  قۆناغی دووەمیش کە وەک پێشتر باسمانکرد لە ٢٠١٣ دەستیپێکرد و لە تەمووزی ٢٠١٥ دوای ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر هێزەکانی PKK کۆتایپێهات ، قۆناغی دووەم تەکانیکی باشی دایە پرۆسەکە ، بەوەی پەیامە ١٠ خاڵیەکەی ئۆجالان کە لە نەورۆزی ٢٠١٣ خوێندرایەوە کرایە بنەمای دانوساندنەکە و لێژنەی دانووسان لە لایەن هەردوو لا دروستکرا و بەرهەمەکەشی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی (دۆڵمەباخچە) بوو کە لە ٢٨ شوباتی ٢٠١٥ لەنێوان شاندی دانووساندکاری دەوڵەت و هەدەپە ریکەوتنی لەسەر کرابوو .

بەڵام ڕیکەوتنامەی (دۆڵمەباخچە ) نەک هەر نەبووە هۆی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ,  بەڵکوو خوێندنەوەی جیاجیا بۆ ئەو ڕێکەوتنامەیە دەکرا ، بەتایبەت لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئەکەپە ،  بەشێوەیەک کە لە لایەن ئەردۆغان راگەیەندرا :
(کە شتیک نیە ناوی ڕێکەوتنی  دۆڵمە باخچەوەیان پرۆسەی ئاشتی ) 
  ئەو هەڵوێست و خوێندنەوەی (ئەردۆغان ) هۆکاری لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی بوون ، نەک ئەوەی لێرەو لەوێ دەوترێت کوژرانی دوو پۆلیس کە PKK خستیە ئەستۆی خۆی ، هۆکاری شکستی پرۆسەی ئاشتیی بووە ، بەهەر حاڵ پرۆسەکە لەباربردرا ،وە لەو ماوەیەشدا کورد هەمیشە داوای زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکرد ، بەڵام ئەو داوایەی کورد یەکڵایەنە بوو تورکیا نەک بەپیرداواکە نەهات بگرە  دواجار سەرۆک وەزیرانی تورکیا (بیناڵی یڵدرم) ووتی :

(شتێک نەماوە بەناوی ئاشتی و ماشتی )
تورکیا نەک پرۆسەکەی ڕاگرت بگرە لەو ساڵ و نیوە بە دڕندانەترین شێوە رووبەرووی داخوازیەکانی کوردبووەوە و شەری سەرتاسەری ڕاگەیاند و هەزاران کەسی لە خەڵکی مەدەنی و سەرۆک شارەوانیەکان و کادیرانی هەدەپەی راپێچی زیندانەکان کرد ، لەوبارودۆخە شلەژاوەی تورکیا جارێکی تر (ئۆجالان) لە ئیمرالیەوە بانگی ئاشتی ڕادێرا ، ئەو دەڵێت : 

(ئەگەر دەوڵەت جدی بێت باشاندێک بنێرێت بۆ ئیمرالی بەشەش مانگ پرۆسەی ئاشتی سەردەکەوێت )
ئۆجالان ، ئەمجارەشیان نەخشەڕێگای ئاشتی دانایەوە ، بۆئەوەی وەک جاران هیچ لایەک لە دەوڵەت و لەکورد یەکتری بە شکستی دانواسانەکان تۆمەتبار نەکات (ئۆجالان ) داواکارە شاندێک بچێتە ئیمرالی ، پێشتریش کەجەکە داوایکردبوو ئەو شاندە پێکبێت لە (نوێنەری حزبەکانی ناو پەرلەمان بە نوێنەری هەدەپە و نوینەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و عەلەویەکان و رۆشەنبیران )  ئەو داوایەی کورد بۆ ئەوەیە لایەنی سێیەم لە نێو پرۆسەکەدابێت ، لە هەمووشی گرنگتر پێش پەیامەکەی (ئۆجالان ) قەندیل ڕایگەیاندبوو کە ، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا نیازپاکی نیشان بدات ئەوە هەرچی بکەوێتە سەرشانی ئەوان ئەوا ئامادەی جێبەجێکردنی دەبن .

لەو قۆناغە چی دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و PKK))ە؟
لەهەموو قۆناغەکانی دانووستان دەوڵەت یەک داوای لە کورد هەبوو ئەویش ئەوەبوو کە دەبێت PKK چەک دابنێت ، لەبەرامبەردا PKK دەیوت ئێمە چەک بێدەنگ دەکەین تا لە نیەتەکانی دەوڵەت دڵنیادەبین ، (چەکدانان و چەک بێدەنگکردن) خاڵی ناکۆکی نیوان هەردوولابوو ، بەڵام گرفتی ئەساسی ئەوبوو کورد لە هەنگاوەکانی دەوڵەت بەگومان بوو ، بۆیە ئێستاش داوای نیازپاکی نیشاندان لە دەوڵەت دەکات ، لەبەرامبەر ئەوەدا دەڵێن ئێمە ئامادەی هەموو شتێکین.
لەهەموو قۆناغەکانی دانوستان کورد دەسپێشخەری کردووە و تورکیاش پرۆسەکەی لەبار بردووە ، بەڵام چونکە کورد لە پرۆسەی ئاشتی دەستکەوتی هەبوو وا جارێکی تریش( ئۆجالان ) گۆمەکە دەهەژێنێت و بانگی ئاشتی دەدات ، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت دەوڵەتی تورکیا بزانێت (قەندیل و ئامەد و ئیمرالی) تەواوکەری یەکترن مراهەنە لەسەر لێکترازانیان خەونە و نایەتەدی ، هەربۆیە دوای ڕاگەیاندنەکەی کەجەک و پشتیوانی هەدەپەلەو دەسپێشخەریە وا ( ئۆجالان ) دێتە سەرخەت و گۆمەکە دەهەژێنێت .






13/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر