لە بەغداش بوون ئێرەتان پێوە دیار بوو

هیوا سه‌ید سه‌لیم
  دوای دابڕان و ساردیەکی زۆر لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان،  کە ناوی شاندەکە و پێکهاتەکەی  لێکدانەوەی جیاجیای بۆ کرا کە ئایا ئەو شاندە حزبیە یان نا  سەردانی بەغدایان کرد  ، لێکدانەوەکان بە تەنیا بۆ جۆری شاندەکە ناکرێت بگرە بۆ ئەجێندای چوونیشیان دەکرێت ، یەڵام ئەوەی دیارە کە چوونی ئەو شاندە زیاتر لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمەریکا بووە ، هەر ئەوانیش بۆ ڕەخساندنی زەمینەی نزیکبوونەوەی هەرێم و بەغدا کاری جدیان کردووە ، کە ئەمەشیان زیاتر پەوەندی بە پلانی ئەمەریکا بۆ ئازادکردنەوەی شاری موسڵ هەیە کە کاتژمێر سفری ئەو پرۆسەیە بەرەو نزیکبوونەوەیە دەچێت .
لەو کۆبوونەوە و دیدارەی هەرێم – بەغدا هەر لایەنەوە و بەرژەوەندی و ئەجیندای روونی هەبوو ، باسمان لە ئەمەریکیەکان کرد کە جگە لەوەی پەلەیانە کە لە هەریەک لە شارەکانی موسڵ و ڕەقە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی  وڵاتەکەیان  دوا گورزی خۆیان لە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بدەن  لەو دوو شارە ستراتیژیە وەدەریان بنێن ، کە بۆ ئەو هەنگاوەش پێویستی دەکرد نێوانی بەغدا – هەرێم ئاسایی بکەنەوە ،  تا چیتر ناکۆکیەکانیان کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ نەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆسەی سیاسی عێراق لەگەڵ مانەوە و پشتیوانیکردنن لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە فشاری زۆری پێکهاتە و کوتلە سیاسیەکانی عێراقی لەسەر بوو بە شیعە و کوردیشەوە .
بۆ ئەم مەبەستەش بەشداری پێکردنی قوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هاوڕێی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆبوونەوەکانی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتوووەکان لە ئەمەریکا دەسپێکی شکاندنی بەسەتەڵەکی پەیوەندیەکانی نێوان عەبادی – بارزانی بوو ، کە ئەمەشیان بە هەوڵی ئەمەریکا بوو کە دوای ئەو کۆبوونەوەی نێچیروان بارزانی و عەبادی لێکەوتەوە ، دوا جاریش یارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای حزبی دەچێتە بەغدا و ئەوەی کە هەستی پێدەکرێت و لە زاری هاوەڵانی بارزانی دەبیسترێت ئەوەیە کە ئەو بەستەڵەکە لە نێوانی بەغدا و هەرێم شکا ، بەڵام ئەوەی کە بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە ئایا هەگبەی شاندەکەی هەرێم جا ناوی چیە گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە چی بۆ خەڵکەکەی تێدایە ؟
ئەوەی کە جێگای تێبینی بوو لەسەر شاندی حزبەکانی هەرێم ئەوەبوو کە پێش چوونیان هیچ هەماهەنگیەک لە نێوانیان نەکرابوو هەر بۆیشە هەریەکە و لە دیدی خۆی باسی لە ئەجێندای سەردانەکە دەکرد وە شتێکی دەکردە ئەولەویەتی چوونیان بۆ بەغدا ، واتا شاندی هەرێم بە ئاشکرا ناتەبایان پێوە دیار بوو .
بەغدا چۆن مامەڵەی لەگەڵ شاندەکە کرد ؟
ناتەبایی حزبەکان لە هەرێمی کوردستان ئەمجارەیان زۆرترین کاریگەری هەبوو لەسەر لاوازکردنی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ، پێشچوونی ئەو شاندە بۆ بەغدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ڕایگەیاندبوو :
(پەیوەندیم بە زۆربەی سەرکردە کوردەکان کردووە پێیان ووتوم ئەوان لە عێراق جیانابنەوە ، ئەی ئەگەر جیانابنەوە ریفراندۆم بۆچی ئەنجام دەدەن؟ ) ئەوە پرسیاری عەبادی بوو ، جگە لەوەش عەبادی هیچ مەراسیمی برۆتۆکۆلی بۆ شاندی هەرێم ئەنجام نەداو تەنانەت لە دانیشتنە فەرمیەکەش ئاڵای کوردستان وەک هەرێمێک کە لە دەستووری عێراق دانی پیانراوە ئەمجارەیان لە تەک ئاڵای عیراق دانەدرابوو ، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆمیش ئەو جارەیان شیعەکان کە پێکهاتەی سەرەکی حوکمڕانی عێراقن لە زاری دۆستە نزبکەکەی کوردان کە تازە بۆتە سەرۆکی ئیئتیلافی شیعە (عەمارالحکیم) وەڵامیان داینەوە کە ئەوان لەگەڵ یەکپارچەی خاکی عێراقن !!
دوو ساڵە بارزانی ناچێت بۆ بەغدا کە چووش بە کۆڵێک کێشەی ناوخۆیی و ماڵی لێکترازاوی کوردی چوو ، بۆیە ئەو هەڵوێستە لە بەغدا چاوەڕوان دەکرا .
لایەنە کوردستانیەکان چی دەڵێن ؟
لایەنە کوردستانیەکان لە دوو ساڵی ڕابردوو زۆربەیان لەگەڵ چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغدا دابوونەوە لە ناوشیان یەکێتی و گۆڕان پێشتر شاندی حزبیان چۆتە بەغدا بەڵام ئەمجارەیان رای جیاوازیان لەسەر ئەو شاندە نیشانداوە ، ئەوەی لەگەڵ شاندەکەبووە داکۆکی لێدەکات و ئەوەشی کە بەشدارنەبووە لەگەڵ زەقکردنەوەی لایەنە سلبیەکانە ، کە ئەمەیان کارێکی باش نیە ، چونکە هەموو لایەک دەزانین کە ئەوەی بە پلەی یەکەم باجی کێشەکانی هەرێم و بەغدای داوە خەڵکی کوردستانە بەوەی ژیان و گوزەرانی نەک کەوتۆتە مەترسی بگرە ئاسۆی چارەسەری کێشەکانیان کە خۆی لە مووچە و باشکردنی ژیان و گوزەران دەبینێتەوە نەماوە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای سێ مانگ کۆدەبێتەوە ، دوای ئەو ئەو هەموو فشار و ناڕەزایانەی خەڵک بەڵام بۆ چارەسەری مووچە یەک بەڵێن بە خەڵک نادات ، هەموو بیانوەکەشی ڕاوەستانی نەوتی کەرکووکە ، کەسێک لەو کۆبوونەوەیە نەیپرسی ئەرێ ئێوە بە پشت بەستن بەو سەد هەزار بەرمیلەی کەرکووک ئێمەتان خستە بەردەم ئەو تاقیکردنەوە سەختە ؟ یان بەڵێنتان دابوو لە هەرێمی  کوردستان هاوردەی نەوت دەگەینینە ملیۆنێک بەرمیل ؟
ئێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری مووچەی خەڵکی پێناکرێت چوونەبەغدا بۆ خرابە ؟
 خۆ ئەوەیان داواو پشنیاری خۆتان بوو ، با خۆشتانی تێدانەبن دژی نەوەستنەوە باشە ، بزووتنەوەی گۆران یان کۆمەڵی ئیسلامی و هەر حزبێکی تر واباشە لەبەر خاتری قووتی خەڵکیش بێت دژ بە چوونی ئەو شاندە نەبن ، تێبینیتان لەسەر شاندەکە هەیە  ئەوەشتێکی ترە .
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەوە تێبگەن کە هیچ شتێک نابێتە ئەلتەرناتیفی یەکحستنەوەی ناو ماڵی کوردی ، بۆ ئەوەی چیتر بە بەرتەوازەی لە دەرگاکان نەدرێت،  وەرن هیچ مەکەن ناو ماڵی خۆتان رێکبخەنەوە ئەگەرنا رۆژ بە رۆژ دەگەڕێنەوە دواوە ، ئەمجارەیان لە بەغدای پایتەختی فیدراڵ !! ئاڵای کوردستانیان وەڵانابوو سبەی شتی تریش دەکەن .


30/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر