ئەرێ توركیا داگیركەرە ؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
ئەمرۆ نیە كە سوپای داگیركەری توركیا هاتووتە نێو خاكی هەرێمی كوردستان و بنكەو بارەگای سەربازی لێدامەزراندووە ، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق سوپای توركیای لەسەر خاكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە سوپای داگیركەر ناساند، ئیتر مشتومڕ لەسەر ئەو سوپایە گەرم بووە ، ئەو بڕیارە پرسیارێكی جدی وروژاند كە ئایا بوونی هێزی توركیا لەسەر خاكی باشووری كوردستان هێزی داگیركەرە یان نا ؟ 
پەرلەمانی عێراق بڕیاری خۆیدا ، حكومەتی بەغداش لە ژێر کاریگەری ئەو بڕیارەی پەرلەمان دەست بە جموجۆڵە دبلۆماسیەكانی خۆی دەكات ، بۆ ئەوەی توركیا ناچاربكات لەسەر خاكی عێراق پاشەكشە بكات ، لە لای خۆمان لە هەرێمی كوردستان میدیاكان كە ئاوێنەی حزبەكانن لە سەر مانەوە و دەرچوونی سوپای توركیا لە گەڵ یەک کۆک نین و بە سەر دوو بەرەدا دابەش بوونە
 . توركیاش لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەنجووەنی نوێنەرانی عێراق كارادنەوەی توندی نواند ، ئەو پاساوی ئەوە دێنێتەوە كە توركیا تاكە وڵات نیە لە عێراق هێزی سەربازی هەیە ، بۆیە پرسیار دەکا بۆچی بەس بە توركیا دەوترێت هێزی داگیركەر ؟ 
هەموو لایەك دەزانین كە ، توركیا لەچوارچێوەی هێزی هاوپەیمانان دژ بە شەری داعش هێزی نەهێناوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ، بگرە بوونی ئەو هێزە  لەسەر خاكی باشووری كوردستان بۆ ساڵانی زۆر پێشتر دەگەڕێتەوە ، ئەوی كە واشدەكات ئەو هێزانە وەك هێزی داگیركەر وێنا بکرێ نیەتی خراپی دەوڵەتی توركیایە کە چاوی تەماعی بریوەتە خاكی كوردستان و باگڕاوندی مێژووی خراپی ریژیمی توركیایە لە چاوبڕینە ویلایەتی موسڵ و مامەڵەی داگیركەرانەی ئەو وڵاتەیە لە كێشەی قوبڕس لەگەڵ یۆنان و ناوچەی ئەسكەندرونە لەگەڵ سوریا چەندین كێشەی تر
 . توركیا بە هزری میراتگری دەوڵەتی عوسمانی هەمیشە بە چاوی ڕەعیەتی خۆی لە وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت هەرێمی كوردستان دەڕوانێت ، بۆیە لەهەر هەنگاوێكی ئەو دەوڵەتە مافی خۆمانە كە بە گومان بین ، سەرانی تورکیا بەتایبەت بەرپرسانی ئەكەپە زۆر بێمنەتانە وەڵامی حكومەتی عێراق دەدنەوەو دەڵێن:
)هیچ لایەنێك بۆی نیە بە توركیا بڵێت سوپاكەت لە نێو خاكی عێراق بكێشەوە ئێمە هاتووین ڕێگری کەین لە گۆڕینێ دیموگرافیای شاری موسڵ(  ئەو ڕایەی بەرپرسانی توركیا نیشانەی ئەوەیە كە ئەوان هێشتا هەر چاویان لەسەر ویلایەتی موسڵە كە دوای جەنگی جیهانی یەكەم دوای ئەوەی كەوتنە بەرەی دۆڕاوی ئەو جەنگە ئەو ویلایەتەیان لە دەستدا ، بەڵگەش بۆ ئەو نیەتە داگیركەرانەی توركیا ئەوەیە هەفتەی ڕابردوو سەرۆكی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئاشکرا دەڵێت : ( لە دواێ جەنگی جیهانی یەكەم توركیا غەدری زۆری لێكراوە بۆیە بە مافی خۆمان دەزانین دان بەو سنوورانە نەنێین) ئەو لێدوان و هەڵوێستانەی بەرپرسە باڵاكانی توركیا لە لایەك و دەستوەردانی سیاسی و سەربازیان لە هەرێمی كوردستان لە لایەکیترەوە ئەوە دەسەلمێنێت كە توركیا بەرامبەر بە ئێمەی کورد داگیركەری دڵ پڕ لەقینە ، بۆیە كورد دەرفەتێكی باشی بۆ رەخساوە كە لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵسوكەوت بكات و پشتیوانی لەو بڕیارە بكات بۆ وەدرنانی سوپای توركیا لە نێو خاكی كوردستان و سنووردانان بۆ ئەو هەموو دەستدرێژیانەی بە بیانووی هەبوونی هێزەكانی پەكەكە دەیكاتە سەر خاكی كوردستان .


07/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر