توركیا و خەونی سەدەیەك بە ویلایەتی موسڵ

هیوا سه‌ید سه‌لیم



لەو چەند رۆژەی كە گفتوگۆكان دەربارەی ئازادكردنی دووەم گەورە شاری عێراق شاری موسڵ لە دەست تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) گەرم دەبێت ، بابەتی بوونی هێزەكانی توركیا لە لێوارەكانی ئەو شارە و بەشداریكردنی یان بەشدارینەكردنی لەو ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ زۆرترین خاڵی ناكۆكی نێوان دەوڵەتی عێراق و توركیایە .

توركیا بۆچی پێداگری لەسەر مانەوە هێزەكانی لەو ناوچانە یان بەشداریكردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ دەكات ،دەپرسین ئەی بۆچی توركیا موسڵی هەڵبژارد ، ئەی كاتێك داعش موسڵی گرت توركیا بۆ ئامادە نەبوو هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان بكات ، ئایا گومانەكان لەسەر دوایین هەلوێستی توركیا لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت ؟

شاری موسڵ كە دوای جەنگی جیهانی یەكەم ناوەندی یەكێك بوو لەو سێ ویلایەتی كە دواتر دەوڵەتی عێراقی لەسەر دامەزرا ویلایەتەكانی (بەسڕا –بەغدا – موسڵ) ، ئەو ویلایەتە كە تەواوی سنووری باشووری كوردستانی دەگرتەوە بە پێی رێكەوتننامەی سایكس بیكۆ كە لە نێوان هەریەك لە بەریتانیا و فەرەنسا مۆركرا وێرای بوونی ناكۆكی زۆر لەسەری بەڵام خرایە سەر دەوڵەتی عێراقی هاوچەرخ، كە بۆ ئەم بڕیارەش ئەوەی پرس و ڕای پینەكرا گەلی كورد بوو كە دانیشتوانەكەی زۆرینەی ویلایەتی موسڵی پێكدەهێنا .

توركیا و ویلایەتی موسڵ

دوای كۆتایهاتنی جەنكی حیهانی یەكەم دەوڵەتی عوسمانی كە لەو جەنگە چووبووە پاڵ ئەڵمانیا وە بەرەكەیان بە دۆراو لەو جەنگە دەرچوو بوون ، هەر بۆیەش باجی دۆرأنەكەیان داو و پاشماوەی سنووری دەوڵەتی غوسمانی لە لایەن براوەكانی ئەو جەنگە دابەشكرا ، هەریەك لە وڵاتانی ( بەریتانیا و فەرەنسا ) پشكی شێریان لەو میراتە بەركەوت ، لەو ساوە تا رۆژگاری ئەمڕۆمان دەوڵەتی توركیا كە میراتگری دەوڵەتی عوسمانیە چاوی لەسەر ئەو ناوچەیەیە بە تایبەت شاری موسڵ ، هەر بۆیەشە نایشارنەوە كە توركیا هەرگیز دەسبەرداری ئەو ناوچانە نابن كە ڕێكەوتنامەی سایكس بیكۆ لە دەستی دەرهێناون .

ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش دوای ئەوەی لە 10 /6 / 2014 دەستی گرت بەسەر شاری موسڵ هەر لەو شارەش بۆ یەكەمین جار لە یەكێك لە گەورە مزگەوتەكانی شارەكە ئەبوبەكر بەغدادی كە خۆی وەك خەلیفەی ئەو دەوڵەتە ئیسلامیە ناساندبوو سنووری دەوڵەتەكەی لە عێراق و شام ڕاگەیاند .

رۆژێك دوای دەسبەسەرداگرتنی شاری موسڵ 49 دبلۆماتكاری وڵاتی توركیا كە لەناویان سەر قوسڵی توركیا لە موسڵ هەبوو خۆیان ڕادەستی تیرۆرستانی داعش كرد ، لەوێوە سیناریۆی توركیا و مامەڵەی لەگەڵ پرسی موسڵ دەستپێ دەكات ،( ئۆزتورك یەڵماز )سەر قونسڵی توركیا لە موسڵ دوای 100 رۆژ لە مانەوەیان لە ژێر دەستی داعش بۆ یەكێك لە رۆژنامە توركیەكان دەڵێت :

دەوڵەتی توركیا ئاگاداری كردینەوە كە هیچ كاردانەوەیەكتان بەرامبەر چەكدارانی داعش نەبێ ، مانەوەی تەواوی ستافی قونسڵیەی توركیا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە ژێر دەستی تیرۆرستانی داعش و دواتریش دەرچوونیان بۆ توركیا بە سەلامەتی جگە لە سیناریۆیەكی توركی – داعش هیچی تر نەبوو .

ئێستا كە ئازادكردنی شاری موسڵ لەدەست تیرۆستانی داعش لەسەر رۆژ و كات ماوەتەوە و چەند رۆژێكیشە ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی ئەو شارە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان دەستی پێكردووە ، توركیا فشاری زۆری سیاسی و سەربازی دەكات تا هێزەكانیان وێڕای رێگری دەوڵەتی عێراقی لەو ئۆپراسیۆنە بەشداری بكات .

توركیا نایشارێتەوە كە ئامانجی تری هەیە بۆ بەشداری لە ئۆپراسیۆنی شاری موسڵ ، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سەدەیەكە خەون بەوە دەبینێت رۆژێك دەستبگرێت بەسەر ئەو شارە و بیكاتەوە بە بەشێك لە سنووری دەوڵەتەكەی .

بۆیە دەبینین هەموو بەرپرسانی دەوڵەتی توركیا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیان بگرە تا میدیاكانیان جەغت لەوە دەكەنەوە كە ئەوان وەك توركیا لە زۆرێك لەو وڵاتانەی كە ئێستا لە شەڕی ئازادكردنی شاری موسڵ رۆڵیان پێدراوە زیاتر مافیان بەسەر موسڵەوە هەیە ، بۆیە نابێت ڕێگری لە هێزەكانی توركیا بكرێت بەشداری لە ئۆپراسیۆنی شاری موسڵ بكات .

ئۆپراسیۆنەكە دەستی پێكردوو تا ئێستاش ئەو هێزەی توركیا كە لە سەربازگەی زەلكانی نزیك باشیك هەیە جوولەیان پێنەكراوە ، بەلام توركیا لە فشارەكانی خۆی بەردەوامە و دەوڵەتی عێراق نەك هەر نایەوێت ئەو هێزانەی سوپای توركیا بەشداری ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بكەن بگرە هەوڵەكانی خۆی بۆ فشارخستنە سەر توركیا بۆ كێشانەوەی هێزەكانی لە عێراق درێژەیان هەیە .


22/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر