هەرێم بەرەو پاشەكشەی دیموكراسی

هیوا سه‌ید سه‌لیم

ئەگەر بێین بە پێوەرە زانستیەكەی سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كورستان شەنوكەوبكەین ، دەگەینە ئەو باوەڕەی كە ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردووش لە كوردستان كاری پێكراوە دیموكراسی ڕاستەقینە نەبوو ، بەڵام بەهەموو كەموكورتیەكانی و سەرجەم ئەو تێبینیانەی لەسەری هەبوو بە بەراورد بە دۆخی پێش ڕاپەرین ئاسمان و ڕێسمانی فەرق بوو ، كەسیشمان ئەو مافە بە خۆمان نادەین ئەو بەراورد كاریە بكەین .
بەڵام ئەوەی جێگای پرسیاری جدی هەموو لایەكمان لەو چارەگە سەدەیەی حوكمی خۆماڵی كوردی لە باشووری كوردستان دەكرا پایەكانی دیموكراسی لە  كوردستان باشتر دابڕێژین یان نا ؟ ئایا ژینگەی سیاسی كوردستان بۆ سیستەمێكی دیموكراسی ئامادە بوو ؟ ئەگەر ئامادەنەبوو ئاستەنگەكان چی بوون ، ئەگەر ئامادەبووە و كارمان لەسەر كردووە بۆچی تووشی پاشەكەش بووینەوە ؟
ئەگەر پێناسەی دیموكراسی بە شێوازە هەر تەقلیدیەكەی وەرگرین ، دیموكراسی بە مانایی (دەسەلاتی گەل بۆ گەل دێت )  دەی هەر ئەو پێناسەیە بەسە كە بڵێین لە هەرێمی كوردستان شتێك نەماوە بەناوی دیموكراسی ، چونكە ئەو دەسەڵاتە ئێستا و لە ڕابردووش هی گەل نیە ونەبووە بگرە دەسەلاتی حزبە ، ئەگەر دەشڵێن خۆ حزبیش نوێنەرایەتی چین و توێژەكانی گەل دەكات بۆ ئەمەش وەڵامی خۆمان هەیە ، لە رابردوودا راستە لە كوردستان هەلبژاردن كراوە ، كە هەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵات سیمای دیاری سیستەمی دیموكراسین ، زۆریشمان بەو دیاردە دیموكراسی نازی و پێشمان وابوو هەرێمی كوردستان مێرگی دیموكراسیەتەو دەبێت خەڵكی تر چاو لە ئەزموونەكەی بكات ، ئەمەیان لە كاتێك راست دەبوو كە لە تێكڕای ئەو ئەزموونە هیچ كێماسیەك رووینەدابایە كە روویدا ، لەسەر خودی هەڵبژاردنەكان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەزار و یەك تێبینی هەیە ، لەوەی تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت كارێك نەكراوە كە زامنی هەڵبژاردنێكی بێ كێماسی و پاك بكات ، هەر لە درووستكردنی كۆمسیۆنی تەواو بێلایەن بگرە ، تا رەخساندنی هەلی یەكسان بۆ هەموو كەس و لایەنێك كە بە ئازادی دەنگ بدات و پروپاگەندە بۆ خۆی بكات .
لێرەدا زۆر مەبەستمان نیە هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەلبسەنگێنین ، چونكە لە كاتی خۆی زۆرترین قسەی لەبارەیەوە كراوە ،  ئەوەی كە ئامانجامانە بیڵێین ئەوەیە لەوەی هەشمان بوو رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە ، ئەویش دیارە كە هۆكارەكەی چیە .
لە هەرێمی كوردستان ململانێی نا شەریفانەی حزبی و دەسبردن بۆ شێوازی نا دیموكراسیانە بۆ شكاندنی یەكتری و رەتكردنەوە و قەبوول نەكردنی یەكتر ، سیمای دیاری ئەو ملامانێیەن كە زۆر بە نەرێنی لەسەر ئەزموونە سیاسیەكە كەوتۆتەوە ، كە نەك هەر ئەزموونەكەی لەكەدار كردووە بگرە كەس ناتوانێت پێمان بلێت لە كوردستان دیموكراسی لە پاشەكشە نیە .
مخابن ئەو پاشەكشەیە كە وەك باسمان كرد زادەی ململانێیەكی تەواو ناتەندروستی حزبی نێوان لایەنەكانە،  كەشێكی سیاسیی وای لێكەوتۆتەوە كە نە تەنها دیموكراسیەت لە پاشەكشەیە بگرە خەریكە ئازادیەكان تەواو بەرتەسك دەكرێنەوە  و واش بڕوات مەترسی گەورەتری وەك دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی كوردستانی لێدەكەوێتەوە .
لە دوو ساڵی رابردوو ئامارەكانی سەندیكا و ریكخراوەكانی چاودێری میدیا لە هەرێمی كوردستان ئەوەمان پێدەڵێن كە زۆرترین رۆژنامەنووس لەو ماوەیە سووكایەتی پێكراوەو دەستگیركراوە و كامیراو كەرستەكانی دەستی بەسەر داگیراوە ، لەسەر ئاستی جەماوەریش چالاكی چین و توێژەكان كۆتوبەندیان بۆ دروووست كراوە ، هەر ئەو دوو نموونەیە بەس بوو كە بڵێین لە هەرێمی كوردستان دیموكراسیەت لە پاشەكشەیە ، چ جای ئەوەی هەر لەو دوو ساڵە پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان و بڕینی قووتی خەڵكمان بینی .
لە كۆتایدا دەڵێین كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو رەگەز و كارەكتەرەكانی سیستەمی دیموكراسی كە خۆی لە گەل و حزب و رێكخراوی سڤیل و میدیا و چالاكوانان دەبینەیتەوە بكەونە خۆ بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئازادی و دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خوێن و قوربانی گەلێكی خێرلەخۆنەدیوە نەكەوێتە مەترسیەوە .




17/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر