فاروقی مەلامستەفا ، لە رووداو چی ووت ؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم

  لە دیمانەیەكی تایبەتی تەلەفزیۆنی رووداو كە رۆژنامەنووس هیوا جمال كە لەگەڵ سەرمایەداری ناوداری كورد فاروقی مەلا مستەفا ئەنجامی دابوو  ،  قسە لەسەر زۆرێك لەو قەیرانە ئابووریانەی هەریمی كوردستان و رێگاچارەسەری دەربازبوون لەو قەیرانانە كرا ، ئەو قسانەی كە میوانی بەرنامەكە لەو ماوە كورتە كردی  پێشتر بەشێكیانمان بیست بوو ، هەر لە قۆرغكاری بازاڕ لە لایەن كۆمپانیاكانی حزبەوە بگرە تا ناشەفافی لە كەرتە ئابووریەكانی كوردستان بە گشتی و كەرتی نەوت بەتایبەتی ، بەڵام ئەوەی كە جێگای دەستخۆشی بوو لەو بەرنامەیە فاروقی مەلامستەفا، زۆر بەڕاشكاوی هەندێك شتی باسكرد كە لە كاتی خۆیدا راستەوخۆش بەبەرپرسانی باڵای هەرێمی وتووە ، وە زۆریش لەو قسانەی بێمنەتی پێوەدیاربوو بۆیە جارجار دەیوت ئەگەر وانیە با وەڵامم بدەنەوە .
 ئەو زانیاریانەی فاروقی مەلامستەفا باسی كرد زۆر جاری تر باسكراون ، بەڵام ئەو بە شێوەیەك باسی كرد كە كەس نەتوانێت بڵێت ئەوە بەشێكە لە ململانێی حزبی ، بەداخەوە لە كوردستان كەشێكی وا درووستكراوە هەرچی رەخنەیەك كە دەگیرێت كە ئەگەر بەرامبەرەكەت سەد لە سەد بزانێت كە رەخنەكەت  راست و لە جێگای خۆیەتی ، بەڵام دەیباتە چوارچێوەی ململانێی حزبی و ئامادەنابێت لێت وەرگرێت ،  بەڵام فاروق خاتری كەسی نەگرت ، زۆر راشكاوانەش باس ئەو كەسە خرابانە كرد كە هەمیشە بوونەتە تەكبیركەری ئەو حكومەتە ، بۆ نموونە زۆربەمان ئەو گرێبەستەمان بیستبوو كە حكومەت لەگەڵ كۆنە وەزیرەكەی لوبنانی ئەنجامی داوە ، بەس نە لەوەختی خۆی و نە ئێستاش ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی حكومەت نەكراوە كە  بەستنی گرێبەست لەگەڵ كەسێك كە لە وەڵاتەكەی خۆی تێوەگڵاوە لەگەندەڵی لە پای چی ؟!
ئەوەی فاروقی مەلامستەفا سەبارەت بە  كۆنگرەی وەزیرە لوبنانیەكە گیڕایەوە نموونەی زۆرێك لە كۆبوونەوە و كۆنگرەكانی هەرێمی كوردستانە ، بەڵام كێشە لە نەبوونی فاروقەكانە لەو كۆبوونەوانە ، زۆر جار گوێمان لە بەرپرسانی هەرێم دەبێت كە دەڵێن وامان ووت و وامان كرد ، بەڵام كە دەبینین هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕاوە و ناگۆڕێت ، كاتی ئەوەیە بێن بەڕاشكاوی لە سەر شاشەكان بێ ئومێدی خۆیان لەو دۆخە ڕابگەیەنن نەك دوو فاقیانە رەفتار و قسە بكەن .
 میوانەكەی تەلەفزیۆنی رووداو پرسیارێكی زۆر جدی وروژاند لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ، كە هەموومان دەزانین بۆچی حكومەت ناتوانێت وڵامی بۆ ناشەفافیەتی ئەو وەزارەتە هەبێت ؟!
 
 دەی با چاوەڕوان بین لەوەڵامی ئەو قسانەی كە سەرمایەدارە كوردەكە كردی سەبارەت بە ناشەفافی وەزیری سەرچاوە سروشتیەكانی هەرێم و قۆرغكاری لە بواری  ئابووری بەگشتی و  بواری نەوت و گەیاندن بەتایبەتی حكومەت چ تۆمەتێك دەداتە پاڵ ئەو سەرمایەدارە كە وەك خۆی ووتی :
هیچ كەس وەك ئەو نە كۆمەكی كەسوكاری شەهیدانی كردووە نە وەك كۆمپانیاكەی ئەویش پشتیوانی ماددی بەرەكانی شەڕی كردووە .
 دواجار دەڵێین كاتی ئەوە هاتووە ئەگەر هەر بۆ دەربازبوونی خۆشتان بێت لەو قەیرانەی تێیكەوتون گوێ لەو كەسە دڵسۆزانە بگرن ، با چیتر تەكبیركەری خراب و گەندەڵ بەرەو قەیرانی زیاترتان نەبات ، ئەی نەتانبیستووە گەچەڵ حەكیم با چارەسەری سەری خۆی دەكرد .





 


14/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر