پرسەنامە و چەژنانە ناو ماڵی كورد یەكدەخەن؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم

   ئەم دووانەی سەرەوە لە زۆرێك لە كۆم ەڵگاكان بوونەتە عورف، هەمووشمان دەزانین عورفییش لە زۆرێك لە سیستەمە سیاسیەكان كراوە بە یەكێك لەسەرچاوەكانی یاسا، تەنانەت لە یاسا نێودەوڵەتیەكانیشدا عورفی دەولی بە بنەما وەرگیراوە، لە كۆمەڵگای كوردەواری و تەنانەت لە نێوان سەركردە و رابەر و حزبە سیاسیەكان لە زۆر تەنگەژەی كۆمەڵایەتی و سیاسی گرێكوێرەكان بە ناردنی پەیامێكی پرسەنامە و  سەرخۆشی لە كاتی لەدەستدانی كەسێكی نزیكی بەرانبەر وەیان ڕاستەخۆ بەشداریكردن لە پرسەی بەرامبەر كراونەتەوە، نەوشێروان مستەفا لە كتێبی لە (کەناری دانووبە بۆ خرێی ناوزەنگ )ئاماژە بە رووداوێكی لەو شێوەیە دەكات بەوەی لە کاتی کۆچی دوای خوالێخۆشبوو (مەلا مستەفا بارزانی ) ئەوان چۆن ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و دەڵێت:
 ( ئەوکات دەبوایە ئێمە بروسکەی ماتەمینمان بۆ ووداوی كۆچی دوایی بارزانی ناردبایە،،وەک سەرەتایەک بۆ نزیک بوونەوە و نەهێشتنی گرژیەکانی نێوانمان)
 دیارە مەبەستی لە گرژی نیوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و قیادە موەقەتە بووە،كە دوای هەڵگیرسانەوەی شۆرش كێشە لە نێوانی ئەم دووانە لەسەر درووستبوونەوەی شۆرش درووست بوو تا گەیشتە ئاستی پێكدادانیش، كە ئەمەیان نموونەیەكە بۆ قۆستنەوەی دەرفەت بۆ چارەسەری گرژیەكان لەسەردەمی شاخ و لە سەردەمی ئێستاشمان چوونی مام جەلال،  بۆ لای دایكی بارزانی لە پیرمام بەسەرەتایەك بۆ رێكەوتنامەی ئاشتی نێوان یەكێتی و پارتی دادەنرێت و باس دەكرێت كە چۆن مام جەلال،زانایانە توانیویەتی كرێكوێرەی دوای شەری ناوخۆی پارتی و یەكێتی بكاتەوە، هەمان نموونەش لە بۆبەشداری نەوشێروان مستەفا، لە پرسەی حەمایلەخانی، دایكی بارزانی دەهێندرێتەوە و ئەو جولە كۆمەڵایەتیانەش هۆكاربوونە بۆ چارەسەری پرسە سیاسیەكان .
   لە ماوەی ڕابردووش كە هەرێمی كوردستان ئاسۆیەكی ئەوتۆی لەبەردەم نەمابوو بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی ئاریشە سیاسیەكانی وەك كێشەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و وەگەڕخستنەوەی پەرلەمان وچارسەركردنی پرسەكانی تری پەیوەندار بە خەڵكی كوردستان لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچە و خزمەتگوزاریەكان، وا خەریكە دوو دەرفەتی تر دێتە پێشەوە كە یەكەمیان بەداخەوە پرسەی گیان لەدەستدانی هاوسەری نەوشێروان مستەفایە كە ئەمەیان پێشبینی دەكرێت جارێكی تر لایەنە سیاسیەكان نزیك بكاتەوە ، دووەمیشیان بۆنەی چەژنی نەورۆزە، لێرەدا دەپرسین ئایا دەكرێت ئەم دوو بۆنەیە هاندەر بن وەیان رێخۆشكەربن بۆ شكاندنی بەستەڵەكی سیاسی، لە دوێنێوە دوای بڵابوونەوەی هەوألی كۆچی دوای هاوسەری نەوشێروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێكی ئەو هەنگاوە دەركەوت،  بەوەی هەرزوو لە لایەن مەسعود بارزانی و نیچیروان بارزانی پەیامی سەرەخۆشی بۆ نەوشیروان مستەفا بەرێكرا و پێشدەچێت ئەگەر خۆشیان ئاماداەی پرسەكە نەبن ئەوا بە نوێنەرایەتی ئەوان شاندێكی باڵای پارتی بچێتە پرسەكە، ئەمەیان سەرەتایە و هەمووان چاوەڕێی كاردانەوەی بەرامبەر و بەردەم بوونی ئەو جۆرە پەیوەندیانە دەكەین، ك وە  دەشزانین چەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆ چەژنی نەورۆز كە دەكرێت لایەنە سیاسیەكان ئەمجارەیان جیا لە بۆنە ناخۆشەكان و پرسەكان،  بگرە چەژنی نەورۆز كە هەموومان بەتاكە چەژنی نەتەوەیی خۆمانی دەزانین بقۆزینەوە بۆ درێژەدان بە گۆڕینەوەی پەیامی چەژنانە بۆ رەخساندنی كەشی تەبایی و درووستكردنەوەی پردی پەیوەندی لە نێوان لایەنەكان چونكە سەرنەجام هەر ئەو كەشە دەتوانێت رێگاخۆشكەر بێت بۆ نزیكبوونەوەی زیاتری لایەنە سیاسیەكان و زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو ئاریشانەی ماوەیەكە بەرۆكی ئەزموونی سیاسی و حوكمڕانی كوردستانی گرتووە.
 ئومێدەوارین لایەنەكان لەو كەشەی رەخساوە و دەرەخسێت بۆ نزیكبوونەوە لەیەكتری ساردنەبنەوە، هەمووشیان دەرفەتی چەژنی نەورۆز بقۆزنەوە بۆ گۆرینەوەی پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی، چونكە هەر ئەو پەیامەیە خزمەت بە یەكڕیزی نێوماڵی كوردی دەكات ودەمانپارێزێت لەهەر پیلانێك كە دووژمنانی گەلەكەمان بۆمانیان دارشتوە .
 


19/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر