هاوكاریكردنی یەپەگە و زیاتر لە پەیامێك

هیوا سه‌ید سه‌لیم

  كۆشكی سپی لە كاتێكی یەكجار هەستیار ڕایگەیاند كە ئەوان هێزەكانی یەپەگە پڕچەك دەكەن و جۆرەها چەكی قورسیان بۆ رەوانە دەكەن،رۆژی 9 ئایار دۆنالد ترامپ واژۆی لەسەر ئەو بڕیارەكرد و پنتناگۆنیش بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە ڕاسپێردرا.
 راستە ئەو بڕیارەی كۆشكی سپی لە كاتێك دایە كە لە ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی شاری رەقە نزیك دەبینە و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەپەگە سەركردایەتیان دەكات تاكە هێزی متمانەپێكراوی سەر گۆرەپانەكەیە كە هاوپەیمانان پشتی پێدەبەستن وە ئەوەیان وەك پێشتر لەسەر زاری ئەمریكیەكان چەند بارەكرایەوە.
بڕیارەكەی كۆشكی سپی بۆ هاوكاری هێزەكانی یەپەگە بەتەنیا هاوكاری سەربازی و لۆجستی نیە، بگرە لەتەك ئەمەیان بڕیارێكی سیاسیە و وەڵامێكیشە بۆ هەریەك لە راسپاردەكانی دوایین كۆبوونەوەی ئاستانە،  كە رووسیا پێشنیارێك بۆ درووستكردنی (ناوچەی كەمكردنەوەی گرژیەكان لە سوریا )پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی دەكات، كە بە پەێی ناوەڕۆكی ئەو پێشنیارە بێت سووریا دەكرێتە چەند ناوچەیەكی ئارام، ئەو پێشنیار هەمان ئەو داوایەی توركیایە كە ساڵانێكە داوای ناوچەی ئارام دەكات و ئەمەریكا و هاوپەیمانان ناچنە ژێرباری،  چونكە دەزانن توركیا لە دانانی ناوچەی ئارام مەرامی سیاسی و سەربازی خۆی هەیە،  ئەویش بریتیە لە دژایەتی كانتۆنەكان و سنوورداركردنی رۆڵی شەرڤانان لە شەڕی دژ بە رێكخراوی تیرۆرستی داعش.
  دیوێكی تری ئەو بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا   ئەوەیە كە   كۆشكی سپی لە كاتێك دا ئەو بڕیارە دەدات كە وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵدترامپ پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بكات لە كۆشكی سپی،  كە پێشتر ئەو دیدارەی ئەردۆغان لە لایەن كۆشكی سپی دواخرابوو تا دوای كۆتایهاتنی پرۆسەی ریفراندۆمی توركیا، لێرەدا دەبینین ئەمریكا چۆن دەستی خۆی لەو بابەتە پێش دەخات، چونكە پێشتر ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو كە ئەوان لە دیداریان لەگەڵ ترامپ نیگەرانی خۆیان لە هاوكاریكردنی یەپەگە بە كۆشكی سپی ڕادەگەیەنن بەتایبەت لەهەڵكردنی ئاڵای ئەمەریكا شانابەشانی ئاڵی یەپەكە لە رۆژئاوای كوردستان دوای بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا بۆسەر هێزەكانی شەرڤانان لە چیای قەرەجوغ لە رۆژئاوایی كوردستان، دەبێت ئەوە ببینین كە بە جێبەجێكردنی بڕیاری هاوكاریكردنی یەپەگە نەك بوار بۆ ئەو گلەیەی ئەردۆغان نامێنێتەوە، بگرە ئەوەی كە شارەزای سیاسەت و كەلەرەقیەكانی ئەردۆغان بێت پێشبینی دەكات كە وەك ناڕەزایەك لەبەرامبەر بڕیارەكەی ترامپ سەردانەكە لە لایەن ئەردۆغان هەڵبوەشێتەوە .
  هاوپایمانان و لەناویشیان ئەمەریكا خوازیاری كۆتایهێنانن بە رێكخراوی تیرۆرستی داعش،  ئەو كارەش تەنیا بە هاوكاری هێزەكانی یەپەگە دەكرێت بە تایبەت لە سوریا و رۆژئاوایی كوردستان، بۆیە هەر كۆسپ درووستكردنێك بۆ ئەم كارە لەلایەن توركیاوە ، دەچێتە چوارچێوەی ئەو گومانانەی كە لەسەر ئەو ولاتە هەن كە بەرژەوەندی لە كۆتایهێنان بە مەترسیەكانی داعش نیە و دەیەوێت داعش بمێنێت نەك كورد لەو گۆرەپانە دەستكەوتێكی هەبێت .
 لەگەڵ هەموو ئەو دژایەتیانەی دەوڵەتی توركیا ئێستا هێزەكانی یەپەگە وەك هێزێكی دیفاكتۆ لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی دونیا مامەڵەی  لەگەڵ دەكرێت و پڕچەك دەكرێن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كورد بەدرووستی هاوكێشە جیهانی و ئیقلیمیەكان بخوێنێتەوە و ناوماڵی خۆی بۆ ئەو گۆڕانكاریانە  ساز و ئامادە بكات و بەسەر ململانێ حزبیەكان زاڵ بێت، چونكە لە رابردوو كورد زۆرجار دەستی بە پەرتەوازی ناو ماڵی خۆی سووتاوە،  كەئەمەشیان هۆكاری سەرەكی لەبارچوونی دەرفەتی گەورە  بووە، با ئەمجارەیان ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە و كوردی پارچەكانی كوردستان لەسەر پرۆژەیەكی نەتەوەیی رێكبكەون،  ئەوسا پلانەكانی داگیركەران هیچ كاریگەریان نامێنێت و بەرەو دەستكەوتی مەزن هەنگاو دەنێین .

11/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر