با كۆچی نەوشێروان بۆ یەكڕیزی نیشتمانی كۆمانكاتەوە

هیوا سه‌ید سه‌لیم
  كۆچی دوایی سەركردەی دیاری كوردستان نەوشێروان مستەفا، كەلە كاتێكی یەكجار هەستیاری كوردستان و ناوچەكە ماڵئاوایی كرد، كۆچێكی ئاسایی و هی مرۆڤێكی ئاسایی نیەو نابێت، نەوشێروان لە رابردوو و ئێستای كوردستانیش كەسایەتیەكی سیاسی دیارو قاڵبووی نێو دونیای خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و روناكبیری بوو ئەو لە كوردستان تەنیا سەركردەیەكی سیاسی تەقلیدی نەبوو، بەڵكوو ئەو رۆناكبیرێكی گەورە و نووسەرێكی بە سەلیقە و مێژووناسێكی بێ وێنەبوو، ئەوانەی نووسین و بەرهەمەكانی ئەویان خوێندبێتەوە تێدەگەن كە كورد كەم نووسەری وەك نەوشێروانی تیا هەلكەوتووە كە  شارەزا لە مێژوو و ئەدەب و جوگرافیای گەلەكەی بێت ،رابردووی سیاسی ئەو كەسایەتیە و جێ پەنجەی لە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسی و روناكبیر وادەكەن كە مەرگی نەوشێروان ئەو جۆرە كاردانەوە ناوخۆیی لەسەر ئاستی كوردستان و تەنانەت دەرەوەش لێبكەوتەوە، بەشێوەیەك كە زۆربەی خەڵكی كوردستان بە مەرگی ئەو سەركرەیە نیگەران و ماتەمباربن، سەركردەیەك كە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی دۆزی گەلەكەی و كوردایەتی و بزاڤی روناكبیری تەرخانكردبوو بە دڵنیایەوە مەرگی دەبێتە كۆستێكی نیشتمانی گەورە.
 
نامەوێت لەرووی سیاسیەوە باس لە كەسایەتی ئەو مرۆڤە مەزنە بكەم، هێندە نەبێت كە دەبێت بزانین كە لە هەرێمی كوردستاندا  كەمن ئەوانەی وەك نەوشێروان پەریزیان لە پرسی گەندەڵی پاك بێت و ئیستغلالی پۆست و بەرپرسیارەتی خۆیان نەكردبێت بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، هەر ئەوەشە وایكردووە زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردی بۆ مەرگی ئەو سەركردەیە بكەونە پرسە.
 نەوشێروان مستەفا لە رۆژێكی پیرۆز ماڵئاوایی لە   هاورێ و هاونیشتمانیانی لە كوردستان كرد ،  ئەویش   رۆژی هەلبژاردنی یەكەمین پەرلەمانی كوردستانە،  بیست و پێنج ساڵ بەر لە ئەمرۆ  لە 19/5 /1992 هەرێمی كوردستان بووە خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی خۆی كە زۆرێك لە تێكۆشەرانی وەك نەوشێروان مستەفا خەباتیان بۆكردبوو وەلێ بەداخەوە بەهۆی ململانێ سیاسیەكان  خەونی زۆر مەزنی ئەو كەلەپیاوە نایەتەدی و لەناویشیاندا خەونی كاراكردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ خۆی دەباتە ژێرگڵ.
 لەو بۆنەیە ئەگەر بخوازین بەرەو یەكڕیزی و تەبایی هەنگاو بنێین دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان پشت لە كێشەكانی ڕابردوو بكەن و هەرچی زووە پرسەی نیشتمانی ڕابگەیەنن، چونكە رابردووی ئەو كەسایەتە ئەوە دەهێنێت كە پرسەكە بكرێتە پرسەی نیشتمانی، سەركردەیەك ئەندازیاری ڕاپەرین بێت كە ئەوەی هەمانە لە حكومەت و پەرلەمان بەرهەمی ئەو راپەڕینەیە،  بۆیە  ئەو دەهێنێت كە پرسەی نیشتمانی بۆ رابگەیەنرێت ولایەنە سیاسیەكان  لەبەرامبەر یەكتری نیازپاكی نیشان بدەن، بۆیە پێشنیاردەكەم كە حكومەت بەر لە لایەنە سیاسیەكان پرسە رابگەیەنێت، هەموو لایەنە سیاسیەكانیش خۆیان بكەنە خاوەنی ئەو پرسەیە، بەم هەنگاوە هەموو لایەك دەتوان ن ئەو بۆنە ماتەمە بكەنە  دەرفەتێك بۆ زاڵبوون بەسەر ناتەبایی و پەرتەوازی نێو ماڵی كوردی و تەبای و یەكریزی بگێڕنەوە بۆ نێو ماڵی كوردی كە بەداخەوە دەڵێین لەو ناتەبایە نەوشێروان مستەفا پروشكی زۆری ئاگری ناتەبای بەركەوت و غەدرای زۆری لێكرا كە شایەنی ئەو غەدرە نەبوو .
 


19/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر