هەلبژاردن لە سایەی بێ متمانەیی خەڵك چی دەگۆڕێت ؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
 ئەو پرسیارەی سەرەوە بە ئاڕاستەی ئەوە نیە گومان بكەین كە ئایا هەلبژاردن لە كوردستان گۆڕانی پێدەكرێت یان نا، بگرە مەبەستمانە لەو نووسینەدا قسە لەسەر هەموو ئەو گومانە بكەین كە بۆ هەلبژاردن و دەرنجامەكانی هەلبژاردن درووستكراون، دەمانەوێت باس لەوە بكەین بۆچی هەلبژاردن لە هەرێمی كوردستان خراوەتە ژێر پرسیارەوە؟
ئایا كێ بەرپرسە لە غیابی بێمتمانەی خەڵك بە پرۆسەی هەڵبژاردن؟ ئەی كێ لەو فەزایە براوە دەبێت؟ واتا بێ متمانی  تاك بە هەڵبژاردن قازانجەكەی دەچێتە سەر خەرمانی كام لایەنی سیاسی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن؟
لە ئێستادا كە چەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆ هەلبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو پرسیارانە بە مەبەستێك دەوروژێنین تا لە مەترسیەكانی ئەو دیاردە تێبگەین و رۆڵی هەر لایەنێكیش لە چاندنی تۆی بێ ئومێدی خەڵك بخەینەڕوو..
رۆڵی هێزەكانی  دەسەڵات: 
 دەتوانین بڵێین بە پلەی یەكەم دەسەڵات بەرپرسە لەو دیاردەیە،  هەروەها ئەو دیاردەیە سیاسەتی بەرنامە بۆ رێژكراوی دەسەڵاتە، چونكە ئەو دەسەلاتە دەزانێت ئەوەی لە دەرنجامی بڕوانەبوونی بە گۆڕانكاری هەلبژاردن بایكۆتی هەلبژاردن دەكات ئەو جەماوەرە ناڕازیەیە كە لە سیاسەت و حوكمڕانی ئەوان توڕە و نیگەرانە، وە ئەگەر بەشداری دەنگدانیش بكات دژی ئەوان دەنگ دەدات، بۆیە بێ ئومێدكردنی خەلك بە پرۆسەی هەلبژاردن  دوو ئامانج بۆ لایەنی دەسەڵات دەپێكێت، یەكەمیان ئەو دیاردەیە لە دەنگی لایەنی ئۆپۆزسیۆن كەم دەكاتەوە، دووەمیش دەسەڵات دەنگی خۆی لەبەرامبەر بەرەی ناڕازی بە جێگیری دەهێڵێتەوە.
لە ماوەی 27 ساڵیەی حوكمڕانی كوردی چەندین هەلبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تەنانەت ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش ئەنجام دراوە، هیچ یەك لەم هەلبژاردنانە بەدەر نەبوونە لە دیاردەی تەزویر و دەستكاریكردنی دەرنجامەكانی هەلبژاردن، ئەمانەش كە كرداری بەبەرنامەی هێزە دەسەلاتدارەكان بووە جۆرێك لە فەناعەتی لای خەڵك درووست كردووە كە سیستەمی سیاسی لە كوردستان بە هەڵبژاردن ناگۆڕدرێت.
بۆیە دەتوانین بڵێین هێزەكانی دەسەڵات لەو بەرنامەیان زۆر سەركەوتوو بوونە و ئێستا بێ متانەی دیاردەیەكی زەقە لەنێو دەنگدەری كوردی لە هەرێمی كوردستان.
رۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن :
لەبەرامبەر ئەو سیاسەت و دیاردەی كە دەسەڵات لە بەرامبەر هەڵبژاردنەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، تا ئێستا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان نەیانتوانیوە بە رۆڵی بەرپرسیارەتی هەڵسن، رۆڵی پێویست بگێرن بۆ درووستكردنی متمانەی خەلك بە پرۆسەی هەلبژاردن، وە قۆستنەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵك بە بەرژەوەندی بەرەی ئۆپزسیۆن، ئەو ڕەخنەیە لە هێزە ئۆپزسیۆنەكان بە ڕەهایی نیە بگرە رێژەیە، بۆی ئەمەشیان بە دیاردەیەكی نەرێنی بۆ بەرەی ناڕازی لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شكاوەتەوە.
دوایی هەلبژاردنی 12/ 5ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو توژمەی لە ئاستی شەقام و میدیا دژ بە دیاردەی دەستكاری و دزینی دەنگی دەنگدەران درووست بوو، پێشبینی ئەوە دەكرا كە بەرەی ناڕازیی لەسەر دوو ئاڕاستە كاربكات، یەكەمیان یەكریزی نێوان هێزەكانی بەرەی ناڕازی دووەم گێڕانەوەی متمانەی خەڵك، كە خاڵی یەكەم لە لایەن هێزەكانی ناڕازی وەك پێویست ئەنجام نەدرا هێندەی تر بە دیوە نەرێنیەكەی كاریگەری لەسەر خااڵی دووەم دانا واتا خەڵك زیاتر بە پرۆسەی هەلبژاردن بێ ئومێد بوو.
رۆڵی راگەیاندن:
لە هەرێمی كوردستان میدیا و ڕاگەیاندن بەسەر ئەم دوو هێزەی سەرەوە دابەش بوونە، لە پاڵ ئەمەانەشدا واتا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، میدیای سێبەر و دەنگێكی لاوازی میدیای ئازاد بوونیان هەیە، هەموو ئەمانە بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەگەر رۆڵی نەرێنیشیان نەبینێبێت لە بێ متمانەكردنی خەڵك، ئەوا دەتوانین بڵێین بە ئاڕاستەكەی تر رۆڵی ئەرێنیان نەنواندووە.
مەترسیەكانی ئەو دیاردەیە:
وەك لە پێشدا باسمان كرد بێ متانەكردنی خەڵك سیاسەتی چەند ساڵەی رابردووی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بووە، لە بەرنامە رێژكرنیشی سەركەوتوو بوونە، بۆیە لەو هەڵبژاردنە دەبینین كە لایەنگرانی دەسەڵات ئەو دیاردەیە وەك چەكێكی كاریگەر لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردێنن و زۆر بە ئاشكرا بە خەڵك دەڵێن: 
(چاوەڕوانی گۆڕانكاری مەبن، ئەو دوو هێزەی دەسەلات هێز و و پارەیان هەیە)
مەترسیە گەورەكەی ئەو دیاردەیە لەوە دایە خەڵك باوەر بەو قسانە بكات و نەچێتە هەلبژاردنەكان، ئەوسا پرۆسەی سیاسی لە كوردستان وەك ئەمری واقع دەمێنێتەوە و هاوكێشەكان  گۆڕانێكی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسیانەی باسمان كرد،  وە بە ئەزموون وەرگرتن لەوەی ئەگەر خەڵك نەچێت هەلبژاردن دەستكاری دەنگی دەكرێت لە بەرژەوەندی هێزەكانی دەسەڵات، پێویست دەكات لێرەوە  تا رۆژی هەڵبژاردن هێزە ناڕازیەكان و میدیاكانی دەرەوەی دەسەلات،  كاربكەن بە ئاڕاستەی  بەشداری پێكردنی خەڵك لە پرۆسەی هەلبژاردن تەنانەت ئەگەر هیچ یەك لەو هێزانەش كە لە كێبڕكێ هەلبژارد دڵخوازی ئەوان نەبندەنگیان پێبدەن،  با خەلك بە بەكارهێنانی دەنگی سپی گوزارش لە ناڕەزایەتی خۆی بكات، نەك كارتی سپی خۆی بداتە دەست ئەو دەسەڵاتەی تا دەنگی بۆ بدات دەنگێك كە بچێتە سەر حسابی  ئەو هێزانەی ئەوان لێی ناڕازین.


16/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر