توركیا چی لە منبج دەوێت؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم

تا دێت هەڕەشەكانی توركیا سەبارەت بە داگیركردنی شاری منبج توندتردەبن، دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، كە رۆژی 19 دیسیمبەر لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكا ڕاگەیەندرا، هەوڵە دبلۆماسی و سیاسیەكانی توركیا بۆ رازیكردنی هەریەك لە ئەمەریكا و روسیا سەبارەت بە چاوپۆشی لە ئۆپڕاسیۆنی توركیا بۆ سەر منبج زیاتر دەبن، لەسەر ئەرزیش توركیا هێزێكی زۆری بردۆتە سەر سنوورەكانی هاوسێ لەگەڵ شاری منبج، هەروەها پێشتریش لە چوارچێوەی ئەوەی ناوی نابوو هەڵمەتی (درع الفرات) 8000 سەربازی توركی و هێزەكانی تری سەربەخۆی لە ناوچەكانی جرابلس و عەزاز و باب و بەودوایەش لە عەفرین بڵاوەپێكردبوو،  كە دووری هەریەك لەو شارانە لە رۆژئاوای شاری منبج كەمتر لە 40 كیلۆمیتر دەبێت.

منبج ئەو شارەی كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەب و رێژەیەكی زۆر كورد و چەركەسی و بەشێكیشی توركمانن، ساڵی 2014 لە لایەن هێزەكانی سوریای ئازاد لە ژێر دەسەڵاتی (بەشار ئەسەد)  دەرهێندرا،  وە دوای سەڕهەڵدانی رێخكراوی تیرۆرستی داعشیش ئەو ناوچەیە كەوتە ژێردەست داعش و  دوو ساڵ حوكمی شاری منبج یان كرد، تا ساڵی 2016 لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەو شارە لەدەستی داعش رزگاركرا.

لە رۆژی رزگاركردنی شاری منبجەوە تا رۆژی ئەمرۆ،  دەوڵەتی توركیا هەڕەشە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، كە دەبێت ئەو ناوچەیە چۆل بكەن، سەرەتا هەموو فشارەكانی خۆی خستەگەڕ تا بتوانێت رێگری لەو هێزانە بكات تا لە دیوی رۆژئاوای فوڕات شەری داعش نەكەن، بەڵام بە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە لەلایەك و رۆڵی هێزەكانی هەسەدە لە ڕاونانی داعش لە منبج و ڕەقە و دێرەزۆر توركیا نەیتوانی كارێكی ئەوتۆ بكات كە ببێتە كۆسپ لەبەردەم پێشڕەویەكانی هەسەدە لەو ناوچەیە، بۆیە ئەمجارەیان رووی لە عەفرین كردوو ساڵی پار بەهۆی ململانێ دەولی و ئیقلیمیەكان داگیركردنی عەفرینی بۆ چووە سەر،توركیا خەونی دابڕاندنی هەرێمە كوردیەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بەدیهێنا .

بریارەی كە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، هێندەی تر ئەردۆغانی شێت و هاركرد، بۆیە لە ئێستادا توركیا دەیەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و تۆڵەی خۆی لە هێزەكانی هەسەدە بكاتەوە،  كە دوو ساڵ لەمەوبەر بە ئازادكردنی منبج توانیان تەواوی نەخشەی توركیا و داعش لەبارببەن،  بە بڕینی هێلی هاوكاری توركیا_ داعش لە رێگای ئازادكردنی ئەو ناوچەیە لەدەستی تیرۆرستانی داعش.

ئەگەرچی لە رووی جوگرافیاوە شاری منبج بەشێك نیە لە خاكی رۆژئاوای كوردستان، وە هەمیشەش بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانیش مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ كردووە،  لە پێكهێنانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی تایبەت بەو شارە و پێكهێنانی ئەنجومەنی سەربازی منبج كە تەواوی پێكهاتەكانی ئەو شارە لەخۆبگرێت،  بەڵام توركیا شاری منبج وەك ناوچەیەكی گرنگ بۆ رۆژئاوای كوردستان سەیردەكات،  بەوەی رۆژئاوای كوردستان بە شاری حەلەب گرێدەدات، بۆیە توركیا مەبەستیەتی بە داگیركردنی منبج شادەماری ئابووری رۆژئاوای كوردستان ببڕێت و دەستیش بگرێت بەسەر ئەو ناوچەیە و داگیری بكات.

لە ئێستادا كە منبج لەبەردەم دووبارە بوونەوەی سیناریۆی عەفریندایە، دیار نیە كە ئایا كشانەوەی هێزە سەربازیەكانی ئەمەریكا تا چەندە زەمینە بۆ داگیركاری سوپای توركیا دەرەخسێنێت وە ئایا شاری منبج  بە دەردی عەفرین دەبردرێت یان نا؟



30/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر