هەڵوەستەیەك لەسەر پەیامەكەی ئۆجالان

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای هەشت سال لە قەدەغەكردنی دیدار لەگەڵ پارێزەرەكانی، رۆژی 3 ئایار دەوڵەتی توركیا رێگای داوە كە لە زیندانی ئیمرالی دیداری نێوان ئۆجالان و پارێزەرەكانی ئەنجام بدرێت، ئەو بڕیارەی حكومەتی توركیا لە كاتێك دایە شەش مانگە لە زیندانەكانی توركیا و باكوور و باشووری كوردستان و لە هەندەران چالاكی مانگرتن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، كە لە نێو ئەو مانگرتنەدا لەیلا گۆڤەن بۆتە سونبلی مانگرتووان، چەند كەسێكیش تا ئێستا بوونەتە قوربانی ئەو جۆرە خەباتە مەدەنیە. 

دوای دیداری ئیمراڵی زۆرێك لە چاودێران وای هەژماردەكەن كە ئەمەیان سەركەوتنی خەباتی مانگرتووانە كە دەوڵەتی توركیای ناچاركرد كە گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەلبگرێت، بەڵام بە وردبوونەوە لەسەر ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجالان كە لە لایەن پارێزەرەكانی خوێندرایەوە و كات و ساتی ڕاگەیاندنەكە، كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنی توركیا سەبارەت بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی هەلبژاردنی شارەوانی ئەستەنبۆڵ پێویستی بە هەڵوەستەیەك دەكات، كە لێرەدا لە دوو خاڵ دەیخەینە ڕوو.

خاڵی یەكەم پەیوەندارە بە پەیامەكە، كە ئەوەی لە پەیامەكە ئێستای ئۆجالان هاتووە، بریتیە لەوەی كە جارێكی تر ئۆجالان جەغت لە پەیامی خۆی دەكاتەوە كە لە نەورۆزی 2013 رایگەیاندبوو ، ئەمەیان یان ئەوەتا ئۆجالان لەو كاتەوە تا ئێستا كە دیدارەكەی لەگەل ئەنجام دراوە تەواو لەو بارودۆخە دابڕاوە،  یان ئەوەتا دەبێت بە گومانەوە لەو هەڵوێستەی دوای بڕوانین، چونكە دۆخی ئێستای توركیا و باكووری كوردستان لەگەڵ بەهاری 2013 تەواو جیاوازە .

لە نەورۆزی 2013 ئۆجالان جاڕی كۆتایهێنانی خەباتی چەكداری دا، بەڵام لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی حكومەتی توركیا كۆتایهێنا بە پرۆسەی ئاشتی، لە دوای ئەوە بەدەیان هەزار كادیر و سەركردەی هەدەپ كە لەناویاندا هاوسەرۆكەكانی  ئەو پارەتە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیدان یوكسەداغ و چەندین پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی خراونەتە زیندان، توركیا لە ئۆپڕاسیۆنی سەربازی بەردەوامە نەك هەر لە پرۆسەی ئاشتی پاشەكشەی كردووە بگرە لە ئێستادا لە هەموو جارێك زیاتر نكۆڵی لە پرسی كورد دەكات، نموونەش ئەو قسانەی ئەردۆغان كە لەو دواییە چەندین جار ووتویەتی لە توركیا شوێنێك نیە ناوی كوردستان بێت، بۆیە كاتێك بەراوردی ئەم دوو كاتە دەكەین گومانێك لەلامان درووست دەبێت.

خاڵی دووەم كە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە بابەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی شارەوانیەكانی ئەستەنبۆڵە كە هاوكاتە لەگەڵ دیداری ئەو دواییەی ئیمراڵی.
هەموو لایەك دەزانین كە ئەردۆغان و پارتەكەی لە ئێستادا ژێر كاریگەری سەدمەی دۆڕاندنی ئەسەنبۆڵ دایە، وە باشیش دەزانێت هۆكاری دۆڕانەكەی چی بووە و هەدەپ ئەگەرچی لە شارەكانی باكوور پاشەكشەی پێكراوە بەڵام بەو هەڵوێستەی كە هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە توانی گەورەترین شكست ڕووبەڕووی ئەكەپە بكاتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی نەچێتە ژێرباری قبوولكردنی دۆڕانە گەورەكە پێدەچێت ئەردۆغان مانۆرێكی لەژێر سەر بێت، بۆیە دەبێت هەدەپ بە تایبەتی و كورد بەگشتی بەهەستیاری مامەڵە لەگەل ئەو پێشهاتانە بكات.
ئەو دوو گومانەی لێدەرچێت ئەوەی تر دەبێت بەرێزەوە بڕوانرێتە خەباتی شەش مانگەی مانگرتنی هەلگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و لێرە بەدواوەش ئەوان لە حاڵەتی بەردەوامی دیدارەكانی ئیمڕاڵی دەبێت كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بێن .


07/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر