ئێران و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

هیوا سه‌ید سه‌لیم

                                 
پرسی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئێران لە ئەمەریکا هەمیشە خاڵی ناکۆکی نێوان کۆمارەیەکان و دیموکراتەکان بووە، بۆیە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی،  مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران دەکرێتە یەکێک لە خاڵەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.

میژووی  ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئێران  دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاتێک شۆڕشی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خومەینی کوتایی هێنا بە دەسەڵاتی موحەمەد رەزا شا پەهلەوی، ئەو رژێمەی کە ساڵانێکی زۆر بوو دۆست و هاوپەیمانی ئەمەریکا بوو.

 ئەو گۆرانکاریانەی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران روویاندا،  تەنیا دژ بە دەسەڵاتی شاهنشاهی نەبوو،  بگرە پڕووشکی ئاگری شۆڕش  ئەمەریکاشی گرتەوە، کاتێک خۆپیشاندەران هەڵیان کوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا و تەواوی ستافی دبلۆماسی و فەرمانبەرانی ناو باڵوێزخانەکەیان بە بارمتە گرت.

 دوای ئەو رووداوە ئەمەریکا سزای ئابووری بەسەر ئێران سەپاند و تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت نەک هەر پەیوەندی ئەو دووانە ئاسایی نەبوونەتەوە،  بگرە ئەمەریکا و ئێران چل ساڵە لە دۆخی نەشەڕ و نە ئاشتی دان.

 شایانی باسە ساڵی ١٩٨٠ لە ئەمەریکا یەکەمین هەڵبژاردنی دوای تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمەریکا – ئێران ئەنجامدرا،  لە هەڵبژاردنە قەیرانی ئازادکردنی دبلۆماتەکان،  هاوکێشەی هەڵبژاردنی لە ئەمەریکا گۆڕی.

رکابەریەکە لە نێوانی جیمی کارتەری سەرۆک کۆماری ئەوسای ئەمەریکا  و رۆنالد ریگنی کاندیدی دیموکراتەکان بوو، کارتەر لە بانگەشەی هەلبژاردن بەڵێنی بە دەنگدەران دابوو کە کاردەکات بۆ ئازادکردنی ستافی باڵوێزخانەکەیان، بەڵام دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەچووە ژێرباری ئەو داوایە، و رێکەوتنامەکەی لەگەڵ ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە، کارتەر لە هەڵبژاردن دۆڕا و رۆنالد ریگن سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

لەو ساوە تا ئێستای لەگەڵ دابێت دۆسیەی ئێران خاڵێکی رکابەریەکانی کۆماری و دیموکراتەکانە، و لە هەڵبژاردنی سالی ٢٠١٦ کە هەریەک لە دۆنالد ترەمپ و هیلاری کلنتۆن کاندیدی ئەو دوو پارتە بوون،  دۆسیەی ئێران جێگایەکی گرنگی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا گرتبوو، بە تایبەت دوای ئەوەی ترەمپ کاندیدی کۆماریەکان بەڵێنی دابوو ئەگەر لەو هەڵبژاردنە سەرکەوێت ئەوا لە رێکەوتنامەی ٥+١ دەکشیتەوە، کە تایبەتە بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران،  کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەردەمی دەسەڵاتی  باراک ئۆباما رێکەوتنی لەسەر کرابوو.

 ساڵی ٢٠١٨ دوای سەرکەوتنی ترەمب لە هەڵبژاردن  لەو رێکوتنامەیە کشایەوە سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند.

لە ئێستادا کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ سەرۆکایەتی ئەمەریکا،  دیسان دۆسیەی سزاکانی سەر ئێران پرسێکی گرنگی ئەو هەلبژاردنەیە، دۆنالد ترەمپ پێش هەلبژاردن هیچ خاتری ئێرانی نەگرت،  بگرە لە ناو بانگەشەی هەلبژاردندا سزای تازەی بەسەر ئێران سەپاند، هەروەها رایگەیاند کە ئێران دەیەوێت دەستوەردان لە هەلبژاردن بکات و  نامەی هەڕەشەی بۆ دەنگدەران ناردووە کە دەنگ بە کاندیدی کۆماریەکان نەدەن.

لە بەرامبەردا دیموکراتەکان کە جۆ بایدن کاندیدیانە،  هیچ بەڵێنێکیان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران نەداوە،  چونکە دەزانن لە لای دەنگدەری ئەمەریکی ئەو پرسە پرسێکی هەستیارە، بایدن تەنیا ووتی: 

(ئەگەر لەو هەڵبژاردنە سەرکەوین بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دادەچینەوە)

لە ماوەی ئەو چەند دیەدا کە کۆماری ئیسلامی حوکمی ئێران دەکات، لە ئەمەریکادا هەر حزبێک لەو دوو حزبە تەقلیدیە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکای لەدەست بووبێت،  مامەڵەی دووژمنکارانە لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام بەو جیاوازیەی کە  نێوانیاندا هەیە، کە بریتیە لە سیمای سیاسەتی دەرەکی هەریەکەیان کە پێ ناسراون.
زۆری نەماوە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ (٤٦)مین سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت؟  بەڵام ئێرانیەکان رایانگەیاندووە کە هەلبژاردنەکە شتێکی ئەوتۆ لە دۆخی ئەوان ناگۆڕیت، جا دەسەڵات لە ئەمەریکا لەدەستی کۆماری بێت یان دیموکرات.


30/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر