مەترسیەکانی تورکیا لە قۆناغی ڕاگوزەری کۆشکی سپیدا

هیوا سه‌ید سه‌لیم

                                                         
دوای بردنەوەی جۆ بایدن، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی  سەرۆکایەتی ئەمەریکا،  کە لە ٤ی نۆڤەمبەر ئەمساڵ ئەنجامدرا ، و تا ئەو رۆژەی  لە ٢٠ جێنیوەری ٢٠٢١ سەرۆکی هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی دەخوات، و کلیلی کۆشکی سپی ڕادەست دەکرێت، ئەو دوو مانگەی داهاتوو لە ئەمەریکا بە قۆناغی ڕاگوزەر هەژمار دەکرێت.
لە قۆناغی ڕاگوزەردا،  دۆنالد تڕەمپ بە تەواوی دەسەڵاتەوە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە،  و کاروبارەکانی خۆی دەکات تا ئەو رۆژەی کە سەرۆکی تازە مەراسیمی دەستبەکاربوونی بۆ ساز دەکرێت.

 
ئەوەی شایانی باسە تورکیا و حکومەتەکەی ئەردۆغان،  پێشتر  و ئێستاش بە بەردەوامی هەڕشە  لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکات، بۆیە مەترسی دەکرێت ئەردۆغان هەوڵبدات ئەو دەرفەتە بۆ جێبەجیکردنی مەرامی دوژمنانەی بەرامبەر کوردستان بقۆزێتەوە.

 
 لە رۆژئاوا دوای ئەوەی لە دوایین ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا کە بەهەڵکردنی چرای سەوزی ئەمەریکا ئەنجامدرا،  ناوچەکانی سەرێ کانیێ و گرێ سپی لە لایەن تورکیا داگیرکران، بەڵام  وا دیارە هێشتان ئەردۆغان دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە، بۆیە لە هەوڵی داگیرکاری زیاتر دایە لە رۆژئاوا،  بۆیە هەمیشە هەڕەشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان چەند بارە دەکاتەوە.

 
لە لایەکی دیکە باشوور یان روونتر بڵێین هەرێمی کوردستان، لەو ئانوساتەدا بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، هەرێم و بەغدا، کێشە ناوخۆیەکانی هەرێم، لە هەمووشی مەترسیدارتر کێشەکانی ئێستای نێوان پارتی و پەکەکە هەڕەشەن لەسەر هەرێمی کوردستان.

 
بۆیە مەترسی دەکرێت ئەمەی سەرەوە وا لە ئەردۆغان بکات کە ئەجێندا و پلانەکانی خۆی لە ماوەی ڕاگوزەر جێبەجێ بکا ، کە ئەمەشیان مەترسی جدی دەبێت بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، چونکە ترسی ئەوە هەیە تڕەمپ چاوپۆشی لە پلانەکانی ئەردۆغان بکات.

 
ئەوەی وا لە ئەردۆغان دەکات کە پلانەکانی بخاتە قۆناغی راگوزەری کۆشکی سپی ئەوەیە کە دەزانرێت تورکیا کە لە ئاڵوگۆڕەکانی کۆشکی سپی نیگەرانە، چونکە نەک هەر بە دۆڕانی دۆنالد تڕەمپ،  ئەردۆغان دۆستێک و هاوبەشێکی ئابووری لەدەست دەدات، بەڵکوو کەسێک دیتە شوێنی ئەو  لە کۆشکی سپی، لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەردۆغان ناکۆکی زۆری هەیە.

 
بۆیە دەپرسین کورد دەبێت چی بکات؟  لەو قۆناغەدا کورد دەبێت خۆی بۆ مەترسیەکانی تورکیا ئامادە بکات، ئەویش بە  هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە مەترسیەکانی قۆناغەکە، و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی، بەو هەنگاوانە دەتوانرێت بەشێک  لە کاریگەری پلانەکانی نەیارانی کورد کەم بکاتەوە.

 
هەمیشە وا بوو کە کورد بە یەکڕیزی ناو ماڵی خۆی،  و قایم کردنی پەرژینی ماڵەکەی، توانیویەتی  رێگری بکات لە هەر پلانیک کە هەڕەشە بێت لەسەر مانەوە و دەستکەوتەکانی، بەبێ ئەوە لە کەشی ترازان و دووبەرەکیدا بە ئاسانی بۆتە نێچیری پەلاماری نەیارەکانی.

 
دواجار دەڵێین تا لە ئەمەریکا قۆناغی ڕاگوزەر تێدەپەڕێت، دوو مانگ خۆڕاگری و دوورخستنەوەی کوردستان لە ناکۆکیە لاوەکیەکان،  و پلان و دەستوردانی دووژمنان زۆر نیە، چونکە ئەوەی جێگای ئومێدە ئەوەیە کە  پێشبینی و خوێندنەوەکان ئەوەمان پێدەڵێن  لە سایەی ئیدارەی تازەی کۆشکی سپیدا ئەردۆغان ئەوەی بۆ ناچیتە سەر کە لەسەردەمی دەسەڵاتی دۆنالد تڕەمپ بەرامبەر بە کوردستان بە گشتی و  رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی کردی.

 
یەکەم هەنگاویش دەبێت بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیەکانی هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی بنرێت،  کە لە ئێستادا زەمینەی ئەو شەڕە لە نێوانی پارتی و پەکەکە بوونی هەیە .   








 

 

09/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر