گەنج بۆ کۆچ نەکات؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
پەرلەمانی کوردستان کە مانگی جارێک بابەتێک دەدۆزێتەوە تا کۆبوونەوەی پێ بەڕێ بکات، ئەمجارەشیان لە نێو یەک دونیا کێشە و قەیرانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، دانیشتێکی تایبەتی لەسەر کۆچی گەنجان بەرەوە هەندەران ئەنجامدا. شایانی باسە ماوەیەک دەبێت خەلکی کوردستان بە گشتی و چاودێرانی کاروباری پەرلەمانی کوردستان زۆر متماەیان بە کارەکانی پەرلەمان نەماوە، زۆرینەی خەلکی کوردستان وای دەبیننن کە پەرلەمان نەیتوانیوە لایەنی کەمی ئەرکەکانی خۆی لە (چاودێریکردنی ئەدای حکومەتی هەرێم، و دەرکردنی یاسا ، و پەسندکردنی بودجەی ساڵانە) ببینێت. بە تایبەتی کە هەرێم ساڵانێکە نەک هەر یاسای بودجەی نیە، بگرە کەسیش نازانێت لەو هەڕێمە داهات چەندە و سەرفیات چیە؟ بە پەرلەمانی کوردستانیشەوە کە ئەرکیەتی وەک چاودێرێک بەسەر دەزگاکانی جیبەجێکردن ئەو پرسیارە لە حکومەتی هەرێم بکات.

لێرەدا ئێمەش دەڵێین، پەرلەمانی کوردستان هیچ پێویستی بەوە نەبوو کۆبوونەوە بۆ هۆکاری کۆچی گەنجان ئەنجام بدات، چونکە منداڵێکی سەر شەقامیش دەزانێت گەنج بۆچی کۆچ دەکات. ئایا خۆشە گەنج دەستبەرداری کەس ئازیزەکانی بێت، و خاک و نیشتمان جێ بهێڵێت، ڕێگای هات و نەهات هەڵبژێرێت تا دەگاتە هەندەران؟ گەنجی هەرێمی کوردستان کاری دەست ناکەوێت، ئەوەی کار و وەزیفەشی هەیە مووچەی پێنادرێت، لە سادەترین ژیانی شەڕەفمەندانە لە زێد و نیشتمانی خۆی بێ بەش کراوە، بۆیە کۆچ دەکات. ئەو توێژە هەستیارەی کۆمەلگایی کوردی لە جەهەنەمێک ڕادەکەن، کە لیوان لێوە لە نادادی و دادپەروەری، چونکە ئەو گەنجانە خۆیان بەراورد دەکەن لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیان، لە منداڵی بەرپرسەکان، دەبینن ئەوان لە ژیانێکی شاهانە دەژین، کارو کاسبی بۆ ئەوانە، پارە و داهاتی هەرێم بۆ گیرفانی ئەوانە، ئەوان وەک شازادەکانی وڵاتەکانی کەنداوی عەڕەبی دەژین لە ( ئۆتۆمۆبێلی گرانبەها، و شوقە و ڤێلای خۆش، شەو سورەکانی ناو کافێ و کڵاپەکان، گەشت و سەیرانی پایتەختەکانی جیهان) بۆیە زۆرینەی گەنجی هەرێمی کوردستان هیچیان بۆ نامێنێتەوە، ڕاکردن نەبێت بەرە ئایندەیەکی نادیار.

دیاردەی کۆچ ئەگەرچی دیاردەیەکی جیهانیە، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە کۆچ لە کوردستانەوە بۆ ئەوروپا و ولاتانی دیکەی جیهان، ساڵانە بە زیانی گیانی سەدان هاوڵاتی کوردستان تەواو دەبێت، کە بەشێکیان دەبنە قوربانی گروپ و مافیاکانی بە قاچاغبردنی مرۆڤەکان، و بەشێکیشیان لە ڕێگاوبان و دەریاکان تێدەچن و دەربازیان نابێت. بۆیە زیانە گیانیەکانی کۆچ ساڵانە لە هەڵکشان دایە، ئەمە وێڕای تێکچوونی شیرازەی سەدان خێزانی کورد کە کۆچ لێکی دابڕیون، سەرەنجام ئەو خێزانانە لێک هەڵوەشاونەتەوە. بۆیە دەڵێین ئەگەر پەرلەمانی کوردستان پەرۆشە بۆ رێگری لە کۆچی گەنجان بۆ هەندەران، دەبوو دەمێک بوو کاری بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی کۆچی گەنجان بکردایە.

دیاردەی کۆچ کە وەک باسمان کرد، لێکەوتەی ئیداردانی خراپ و نادادی و تەشەنەسەندنی گەندەڵی ، و لە هەمووشی مەترسیدارتر فەشەلی حوکمڕانیە لە هەرێمی کوردستان. لە پاڵ دەیان و سەدان دیاردەی دیکەی نامۆی ناو کۆمەڵگا، لە شێوەی (تاوانی رێکخراو، ژنکوژی، دزی و بڵاوبوونەوەی ماددەی بێهۆشکەر....هتد) بۆیە دەبێت ئەو دیاردەیە رێگاچارەی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەو رێگایەش بە تەنیا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان نایەتەدی. بگرە دەبێت ئیرادەیەک هەبێت بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی کۆچی گەنجان، لە ئێستادا ئەو ئیرادەیە نەک هەر بوونی نیە، بگرە لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان باکیشیان بەو دیاردەیە نیە، بگرە هەندێک جار حەزیش دەکەن بەشێک لەو گەنجانە لە کۆڵ دەسەڵاتەکەیان بێتەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە خاوەنی ڕای خۆیانن، و ناچنە ژێر باری قەبوولکردنی شاشیەکانی ئەو دەسەڵاتە. دوا جار دەڵێین بەبێ بوونی ئیرادەیەک بۆ چاکسازی و نەهێشتنی نادادی لە کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و لەنێو توێژی گەنجانی خێر لەخۆنەدیوی کوردستان، ناتوانرێت ڕێگا لە کۆچی گەنجان بگیرێت، جا با پەرلەمان نەک کۆبوونەوەیەک بگرە سەد کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدات.

25/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر