کە چاکسازی ناکەن بیر لە بژاردەی دیکە مەکەنەوە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

 

 
  بە مەبەستی گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢١  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەکەی ڕەوانە ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

 

 
 بە هۆی بارودۆخی دارایی عێراق و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا پێشبینی دەکرێت کە گفتوگۆکانی سەر بودجە گەرم و گوڕ بن، و پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە زۆرترین مشومڕی لە بارەیەوە بکرێت. چونکە ئێستا  لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران بە گشتی و ل لە نێو فراکسیۆنە شیعەکان بە تایبەتی هەوڵێک هەیە بۆ شەتەکدانی پشکی هەرێم بە کۆمەڵێک مەرج،  و پابەندکردنی هەرێم بە ڕادەستکردنی بڕی دیاریکراوی نەوت بە کۆمپانیای سۆمو.  ئەوەشیان بەرهەمی کەشی و هەوای بێ متمانەیی چەند ساڵەی  نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانە.

 
  شایانی باسە شاندی دانوستاندکاری هەرێم  ڕایانگەیاندووە بە پڕۆژەکە ڕازین،  و پشکی هەرێمی کوردستان باش جێگای کراوەتەوە، ئەویش بەوەی ئەگــەر حکومەتی هەرێم پابەند بێت بەڕادەستکردنی ۲٥۰ هەزار بەرمیل نـەوتی رۆژانە و پەنجا لەسەدی داهاتی نا نەوتی ئەمەی دەست دەکەوێت:

 
- زیاترلە سیانزە ترلیۆن دینار وەک بودجە کە بۆ موچەی فەرمانبەرانە و پێشمەرگەیە.

 
- هەرێم دوای لێبڕینی لە نەفەقاتی سیادی لە هەموو قەرزەکانی ئاوادانکردنەوە و پێشخستنی پارێزگاکان بەشی دەبێت هەرێم و سەرۆک وەزیران هەرێمیش سەر پشک کراوە لە ئاڵوگۆڕی ئەم قەرزانە لە بوارێکەوە بۆ بارێکی تر بڕەکەی دەیان ملیۆن دۆلار دەبێت.

 
لە ئێستادا دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تۆپەکە خستە گۆڕەپانی ئەنجومەنی نوێنەران ، هەرێم دەبێت بۆ دوو ئەگەر خۆی ئامادە بکات، ئەویش ئەگەری تێپەڕبوون و دەنگدان لەسەر پرۆژەکە وەکو خۆی، یان ئەگەری دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو پرۆژەیە، چونکە ئەگەری سێیەم لە رەتکردنەوەی پڕۆژەکە و لادانی پشکی هەرێم بە یەکجاری ئەگەرێکی دوورە.

 
لە ئەگەری یەکەمدا هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە ئەو گومانە لای شەقامی عێراقی و کوردستانی  برەوێنێتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەند نابێت بە ڕادەستکردنی نەوت، ئەمەیان زەمینەی ئەوە خۆش دەکات کە ئەگەری دووەم بە دوور بزانرێت.

 
شایانی باسە تێپەڕاندنی یاسای قەرزی بودجە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانیەکان، و کاردانەوەی هەرێم لە بەرامبەر ئەو یاسایە لە کاتی خۆیدا هیچ بوارێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەهێشتۆتەوە کە بتوانێت جارێکی دیکە چاوی لە بودجە و شایستە دارایەکان بێت بەبێ ڕادەستکردنی پشکی دیاریکراو لە نەوتی هەرێم بە بەغدا کە کۆمپانیای سۆمۆ بۆی دیاری دەکات.

 
دوا ئەگەریش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نەیەوێت بچیتە ژێر باری مەرجەکانی بەغدا،  و بە یەکجاری نەوت ڕادەست نەکات، بگرە خۆی نەوتەکە بفرۆشێت و بە رێکخستنەوەی داهاتەکانی ناوخۆ، و ئەنجامدانی چاکسازی لە داهات و سەرفیات، بارودۆخی دارایی خۆی رێکبخاتەوە،  کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ڕایەک کار بۆ ئەو ئاڕاستەیە دەکات.

 
لە نێو سەرجەم ئەو ئەگەرانەدا خەڵکی کوردستان بە تایبەت چین و توێژی مووچەخۆر چاویان لە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدایە.  چونکە ئەزموونی تاڵیان لەگەڵ سیاسەتی  (پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندنی)  مووچە هەیە. کە فەلسەفەی کابینەکانی ڕابردووی هەرێم بووە، هەر ئەو ئەزموونە خرابەشە کە ئەوەمان پێدەڵێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان چاکسازی راستەقینە ناکات، تەنیا دەرقەتی مووچەخۆران دێت. 

 
لە کۆتاییدا دەڵێین خەڵکی کوردستان بە هۆی داشکاندنی بەهای دراوی عێراقی بەرامبەر دۆلار،  و گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزەرانیەکان،  کەوتۆتە ژێر باری فشارێکی زۆری ئابووری. بۆیە  لە ساڵی ٢٠٢١ بەرگەی ئەوە ناگرێت لە ساڵێکدا دیسان چەند مووچەیەکی کەم وەرگرێت، و هەمدیسان لە ژێر ناونیشانی دیکە مووچەی کەم بکرێتەوە.  بۆیە چارەسەری درووست لە نێو هەموو ئەو ئەگەرانەی باسکران رێکەوتنە لە چوراچێوەی ئەوەی لە پرۆژەی بودجەی ٢٠٢١ هاتووە. 
 

 

30/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر